Archive

Tuesday, November 19, 2013

کچە کوردێک بوە شاجوانی عێراق لە ئەمریکا






رەحیم رەشیدی/ شیکاگۆ

لە یەکەمین رێورەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق، لە ئەمریکا، کچێکی کورد بە ناوی لاڤین حەمە جاف، سەرکەوتنی بە دەست هێنا. لاڤین وەکوو شاجوانی عێراق لە ئەمریکا، ئاڵای کوردستانی شەکاندەوەو ئەمەش تاکوو رادەیەک نارەزایەتی عێراقییەکانی لێکەوتەوە.
رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٨ی نوامبری ٢٠١٣ی زایینی، بۆ یەکەمین جار رێورەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق، لە ئەمریکا، پاش چەند مانگ ئامادەکاری، لە لایەن ناوەندێکی کولتووری عێراقی، بە ناوی “یاڵا فان” بەرێوەچوو.
سەرەتای بەرنامەکە بە زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی و عەرەبی دەستی پێکرد.
دواتر هونەرمەندانی کورد و عەرەب ئاواز و گۆرانیان پێشکەش کرد و رێورەسمەکە بە سەما کردن درێژەی کێشا.
رێورەسمی هەڵبژاردنەکە، کاتژمێر ٨ی سەر لە ئێوارێ، لە ولایەتی ئەلەنۆیز، لە شاری شیکاگۆ بەرێوەچو. لە نێو کێبەڕکێی بەشداران دا، تاقە کچێکی کورد کە بەشداری کردبوو، وەکوو شاجوانی عێراق، لە ئەمریکا، تاجی لەسەر نرا. ئەمەش شادی و خۆشی کوردەکانی بەشداری ئەو رێورەسمەی لێکەوتەوە.
ئەمیرە ئەسعەد و ئومێد حەمە جاف، دایک و باوکی شاجوانی عێراق لە ئەمریکا، سەبارەت بە رێگەدان بە کچەکەیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنێکی ئەوتۆدا، باسیان لەوە کرد کە بەم کارەیان ویستویانە درگا لەسەر کچانی دیکەی کوردیش بکەنەوەو لەم رێگاوە بە هەموو لایەک بسەلمێنن کە دەکرێ لە هەموو دەرفەتێک بۆ کوردایەتی و ناساندنی کولتوورو کەلەپووری کوردەواری کەڵک وەربگرین...
شیاوی باسە، لە کۆی حەوت دادوەر بۆ هەڵبژاردنی شاجوان، تەنیا دەسکۆ شێروانی کورد بوو کە بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کردبو. ناوبراو وتی کە ئەم کارە پرسێکی کۆمەڵایەتییەو پێوەندی بە سیاسەتەوە نیەو خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەو کچە کوردە دەربڕی.
لە کۆتایی رێورەسمەکەدا، تەعبیر سیندی و فەلاح زراری بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی کوردەکانی شاری نەشڤیل، لە وڵایەتی تێنیسی، سپاسنامە و ئاڵای کوردستانیان پێشکەش بە شاجوان کرد و شادمانی خۆیان بە گۆڤەند و سەمای کوردی دەربڕی و هونەرمەندان عیسا زاخۆیی و خەڵات سورۆ بە گۆرانی و موسیقا بەرنامەکەیان رازاندەوە.
لاڤین حەمە جاف، لە نێو ١٥ کیژوڵەی دیکەدا، کە بەشداری ئەو کێبەڕکێیە بوون، بە شاجوانی عێراق، لە ئەمریکا هەڵبژێردرا. لاڤین باسی کرد کە تەنیا ئارمانجی ئەوە بوە کە ئاڵای کوردستان بشەکێنێتەوەو لەو رێگاوە بە هەموو دونیا بڵێ کە کولتووری کورد کولتوورێکی پێشکەوتوەو نەتەوەی کورد لەگەڵ سەردەم دەژین...

کورتەیەک لەسەر لاڤین حەمە جاف:
لاڤین حەمە جاف، ساڵی ١٩٩٣، لە شاری سلێمانی، لە دایک بوە. ساڵی ١٩٩٦ لە تەمەنی ٣ ساڵی دا، هاتۆتە ئەمریکا، ئەو ئێستا لە ولایەتی میشیگان سەرقاڵی خوێندن لە بوارەکانی بایەلۆجی و فەلەسەفەیە.
دایکی ناوبراو کەرکووکییەو باوکی خەڵکی شاری هەڵەبجەیە.

No comments: