Archive

Monday, November 11, 2013

دژی رژیمی تاران لە تورنتۆ خۆپیشاندان ساز کرا













بۆ دیتنی وێنەی زۆرتر ئێرە بچرکێنە




رەحیم رەشیدی/ کانادا


رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٠ی نوامبری ٢٠١٣ ی زایینی، بەرامبەر بە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٣ی کوردی، لە سەر داوای ١٨ رێکخراوی سیاسیی و مەدەنی ئێرانی و کوردستانی، بە دەستپێشخەری کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کانەدا، خۆپێشاندانێکی بەرین لە شاری تورنتۆ بەڕێوە چوو.
ئەم خۆپیشاندانە، لە بەردەم شارەداری شاری تورنتۆ و بۆ مەحکووم کردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی ئەم دواییانەی بەندکراوانی سیاسیی و بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە شەپۆڵی نوێی ئێعدام لە ئێران و دەربرینی نارەزایەتی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی رێکخرابو.
خۆپێشاندەران بە دانی دروشمی جۆراوجۆر و بەرزکردنەوەی پلاکاردو وێنەی گیراوە سیاسییەکان، پشتیوانی خۆیانیان لە بەدکراوە سیاسییەکان دووپات کردەوە.
پاش خوێندنەوەی چەند وتار و پەیامی لایەنەکان، بڕیارنامەی خۆپشێاندەران خوێندرایەوە کە تێدا داوای راگیرانی لەسێدارەدان لە ئێران و ئازادکردنی سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی لەو وڵاتەدا کرابوو.
شەریف بێهرووز نوێنەری حدکا لە ئامریکاو کانادا، باسی لەوە کرد کە هاوپێوەندی و کۆبوونەوەی لەم چەشنە دژی ئێران بێ وێنەیەو ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی کاریگەری ئەو جۆرە ئێعدامانە لەسەر کۆمەڵگای ئێران بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتی کەم بکاتەوە...


خۆپێشاندەران پاش خوێندنەوەی سرودی 'ئەی شەهیدان' کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێنا.
شیاوی باسە، کە نەتەوەکانی ئێران، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی دژبەر لەگەڵ ئێعدام، وێرای کوردستانیان، بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بوون.
شیاوی بە بیر هێنانەوەیە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ٩٢ی هەتاوی، شێرکۆ موعارفی تێکۆشەری سیاسیی کوردی لە زیندانی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێدارەدا، ئەمەش دژکردەوەی کوردەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لەسەراسەری دونیا لێکەوتەوە...
بە لە سێدارەدانی شێرکۆ موعارفی، ژمارەی ئیعدام کراوەکان لە ماوەی کەمتر لە یەک حەتوودا، گەیشتە 37 کەس، کە لە کۆی لە دار دراوەکان، 11 کەسیان کورد بوون ئەوانی دیکەش زۆربەیان رۆڵەی نەتەوەکانی بەلووچ، عەرەب و ئازەری لە ئێران بوون.
بەپێچەوانەی قسە و لێدوانی دەوڵەتی حەسەن رووحانی روو بە دونیای دەرەوە لەسەر پرسی وزەی ناوکی و مافی مرۆڤ، شەپۆلی لە سێدارەدان لە نێوخۆی ئێران بەردەوامە و زۆرینەی قوربانیانی ئێعدام سەر بە نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێرانن

No comments: