Archive

Tuesday, November 12, 2013

دژی دەوڵەتی ئێران لە واشینگتۆن خۆپیشاندان ساز کرا







رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ١٢ی نوامبری ٢٠١٣ ی زایینی، بەرامبەر بە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە سەر داوای ٢٠ رێکخراوی سیاسیی، مەدەنی، کوردستانی و ئێرانی خۆپێشاندانێکی نارەزایەتی دژی تەواویەتی کۆماری ئیسلامی، لە بەردەم وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندانە کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی بە ئامانجی مەحکووم کردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی ئەم دواییانەی بەندکراوانی سیاسیی لە ئیران و بۆ مەحکووم کردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و حەسەن رۆحانی وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئێران رێکخرابو.
خۆپێشاندەران بە دانی دروشمی جۆراوجۆر و بەرزکردنەوەی پلاکارد و وێنەی گیراوە سیاسییەکان، پشتیوانی خۆیانیان لە بەندکراوە سیاسییەکان دووپات کردەوە و بە خوێندنەوەی وتار و دروشم دان، پشتگیری و هاودەردی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی لە سێدارە دراوەکان و گیراوە سیاسییەکان دەربڕی.
پاش خوێندنەوەی چەند وتار و پەیامی لایەنەکان، بڕیارنامەی خۆپشێاندەران خوێندرایەوە کە تێدا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و رێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ کردبوو کە گوشار بخەنە سەر تاران بۆ ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی سێدارە و کوشتار دژی رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران بێنێت و هاوکات کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکات.
شیاوی باسە، کە نەتەوەکانی ئێران، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی دژبەر لەگەڵ ئێعدام، وێرای کوردستانیان، بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بوون.
شیاوی بە بیر هێنانەوەیە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک حەتوودا، 37 کەس لە ئێران، لە دار دراون، کە ١١ کەسیان کورد بوون و ئەوانی دیکەش زۆربەیان رۆڵەی نەتەوەکانی بەلووچ، عەرەب، ئازەری و تورکەمەنی ئێران بوون.
خاڵی جێگای سەرنج لەم خۆپیشاندانەدا ئەوە بوو کە وەڤدێکی وەزارەتی دەرەوە کە کاروباری ئێرانی لە ئەستۆیە بە سەرپەرەستی تۆم کارد لەگەڵ لێژنەیەک بە نوێنەرایەتی خۆنیشاندەران کۆبوەوەو وێرای وەرگرتنی بڕیارنامەکە، بەڵێنی دا کە داخوازییەکانی ئەوان لەگەل کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە باس بکەن و هەنگاو بۆ جێبەجێ بوونی بهاوێن...

No comments: