Archive

Friday, April 18, 2014

رەوەندی عێراقی لە ئەمریکا ساڵوەگەری روخانی رژیمی بەعسی کردەوە









رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
لە بیرەوەری یازدەهەمین ساڵوەگەری رووخانی حکوومەتی بەعس دا، ناوەندی ئەلهادی کە سەر بە شێعەکانی عێراقی دەڤەری واشینگتۆنە، رێورەسمێکی بەرێوەبرد.
لەو رێورەسمەدا، حاجی قریس ئەلسەمەری، کەسایەتی شێعەی عێراق، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی بە گشتی و کوردەکانی بە تایبەتی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە کورد بەشداری ئەو رێورەسمەی کردوە.
حیکمەت بامەڕنی، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا و کەنەدا یەکەمین وتاربێژی ئەو رێورەسمە بوو. بامەڕنی لە وتارەکەی دا تاوانەکانی رژیمی بەعسی دژ بە کورد بە بیرهێنایەوەو هاوکات لەسەر عێراقێکی دێموکراتی فیدراڵی پێداگری کردەوە و رایگەیاند کە ئەوان وەکوو پارتی دێموکراتی کوردستان بە هیچ جۆرێک ئامادە نین لە عێراقێک دا بمێنەوە کە کورد پەراوێز بخات و حیساب بۆ کوردستان نەکات... پاشان سەید حامید، سەرۆکی ناوەندی ئەلهادی لە واشینگتۆن قسەی کرد و لە قسەکانی دا پەرژایە سەر کردەوەکانی حکومەتی بەعس و ڕایگەیاند کە نابێ عێراقی نوێ وەکوو ڕابردوو ستەم و نابەرانبەری تێدا بێ. هەرچەندە رەوەندی عێراقی بە خۆشحاڵییەوە ساڵیادی رووخانی حکومەتی بەعس چێژن دەگرێ، لە هەمان کاتدا نیگەرانە کە ئایندەی وڵاتەکە بەرەو کوێ دەچی لە سایەی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ناوەندی دا، کە نەیانتوانیوە بەڵێنەکانی خۆیان، لە هەمبەر دابین کردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی و هێنانە ئارای پێشکەوتن بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق مسۆگەر بکەن. پێویستە بگوترێ کە جەماوەرێکی کەم ئامادەی ئەو رێورەسمە بوون، چاودێرێک ئەوەی بۆ ململانێ و کێشمەکێشە نێوخۆییەکانی عێراق گەڕاندە.

No comments: