Archive

Thursday, April 3, 2014

ئەو ساڵ بۆ یەکەمین جار کوردستان وێرای ١٢ وڵاتی دیکە لە نەتەوە یەکگرتوەکان یادی نەورۆزی کردەوە





وێنەی زۆرتر لێرەیە


رەحیم رەشیدی/ واشنگتن

بۆ جاری یەکەمە کە هەرێمی کوردستان، لە نێو باڵەخانەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بە فەرمیی بەشداری بەرێوەچوونی چێژنی نەورۆز دەکات کە ئەمسال ئەو چێژنە بە بەشداری ١٣ وڵات پیرۆز کرا. سەرەتا هەر ولاتیک بە نیشاندانی کورتە فیلمێک، هەوڵی ناساندنی کولتوور و چۆنیەتی بەرێوەچوونی چێژنی نەورۆز بە ئامادەبووان نیشان دەدا و دواتر نوێنەری وڵاتانی بەشدار وتاری خۆیان دەخوێندەوە. فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، یەکێک لە وتاربێژانی ئەو کۆبوونەیەوە بوو. ناوبراو لە وتەیەک دا باسی لە گرینگی چێژنی نەورۆز بۆ کوردەکان کرد و رایگەیاند کە ئەو یادە بۆ کوردەکان ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ خەبات لە پێناو ژیانێکی باشتر و رووبەڕوو بوونەوەی دیکتاتۆری و سەرەرۆیی. ئەو لە درێژەدا پەرژایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و لەسەر ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان پێداگری کردەوە. پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتەکان لە ساڵی ٢٠١٠ بەم لاوە، نەورۆزی وەکوو بۆنەیەکی نێونەتەوەیی بە فەرمیی ناسی و لەو کاتەوە بەشیکی زۆر لەو وڵاتانەی کە ئەم یادە بە بۆنەو چێژنی خۆیان دەزانن بەشداری رێورەسمی یادی نەورۆز لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دەبن و هەوڵ دەدەن کە خۆیان بە میراتگر و خاوەنی ئەم دیرۆکە لە مێژینەیەی مرۆفایەتیی بناسێنن. بۆ یەکەمین جارە کە لێپرسراوانی کوردستان و رەوەندی کوردی بە فەرمیی بەشداری ئەو یادە دەکەن و لەسەر ئەوە پێداری دەکەنەوە کە نەرۆز بۆ کوردەکان بۆنەیەکی نەتەوەیی و مێژوویەیە.

No comments: