Archive

Sunday, April 6, 2014

باڵوێزخانەی عێراق یادی نەورۆزی کردەوە



وێنە زۆرتر لێرەیە



رەحیم رەشیدی/ واشنگتن

باڵوێزخانەی عێراقی فیدراڵ لە واشنگتن، بە ئامانجی پیرۆز کردنی چێژنی نەتەوەیی نەورۆز، کۆبوونەوەیەکی بەرێنی بە بەشداری رەوەندی عێراقی و کوردی و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی و دیپلۆماتی ئەمریکایی پێکهێنا.
لەو رێورەسمەدا لوقمان فەیلی کە بۆ خۆی کوردە، وتارێکی سەبارەت بە نەورۆز و گریگنی ئەو یادە بۆ کورد پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ لە عێراقی نوێ دا هەمووان مافەکانمان پارێزراو بێ و هەروها سەرجەم پێکهاتەکان بەیەکەوە کار بکەن.
پێویستە بگوترێ کە، بۆ یەکەمین جار باڵوێزخانەی عێراق لە واشینگتۆن، بە بەشداری جەماوەرێکی بەرچاوی بیانی و کورد، بە رۆحێکی کوردەوارییەوە نەورۆز پیرۆز دەکات. لە جیژنەکەدا جیا لە نیشاندانی دیمەنگەلی نەورۆزی لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی چێژنی نەورۆز لە کوردستان، بە بەردەوامی گۆرانی و ئاهەنگی کوردی سەبارەت بەم بۆنەیە دەبیسرا. هەروەها هونەرمەند جانی دیلان چەند گۆرانی و هۆنراوەی کوردی پێشکەش کرد.
شیاوی ئاماژە بۆ کردنە کە بەشدارابووان لە پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی ئەوتۆ خۆشحاڵ بوون، بە تایبەتی کوردەکان ئەوەیان نەشاردەوە کە باشترە پارەو پوڵی حکومەتی ناوەندی عێراق، لە کۆڕو کۆبوونەوەی ئەوتۆدا سەرف بکرێت، تاکوو ئەوەی کۆ بکرێتەوەو بکرێتە چەک و چۆڵ و وەکوو زەحت و گوشار و هەڕەشە، لە دژی خەڵکی کوردستان بەکار بهێنرێت.

No comments: