Archive

Saturday, September 12, 2020

واشنگتن و پاریس له‌ هه‌مبه‌ر به‌یروت هاودید

مستەر كورد/ واشنگتن

وەزارەتی خەزێنه‌داری ئه‌مریكا، لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرای كرد دوو كه‌س له‌ كاربه‌ده‌ستانی باڵای وڵاتی لوبنان خراونه‌ته‌‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌. به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، یوسف ڤنیانوس و عەلی حەسەن خەلیل دوو وه‌زیری به‌رێی وڵاتی لوبنانن، كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ گه‌مارۆیان خراوه‌ته‌ سه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو كه‌سه‌، له‌ رێگای جۆراوجۆره‌وه‌ یارمه‌تی حیزبوڵای لوبنانیان داوه‌و به‌م هۆیه‌وه‌ زیانیان به‌ خه‌ڵكی لوبنان‌ گه‌یاندوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داری ئه‌مریكادا كه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌، بڵاوكرایه‌وه،‌ هاتوه‌: "جێگریكردنی ناوی یوسف ڤنیانوس و عەلی حەسەن خەلیل، له‌ لیستی ره‌شدا، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چلۆن به‌شێك له‌ سیاسه‌تڤانانی لوبنان له‌ رێگای ده‌ستێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ حیزبوڵادا، زیانیان به‌ خه‌ڵكی لوبنان گه‌یاندوه‌."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ ته‌قینه‌وه‌كانی مانگی ڕابردووی به‌نده‌ری به‌یروت ده‌ریانخست كه‌ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی لوبنان ڕه‌وان و ئه‌مریكا پشتیوانی له‌و داوایانه‌ ده‌كات.

ستیڤن مێنوشن، وه‌زیری خه‌زێنه‌داری ئه‌مریكا له‌ باره‌ی ئه‌م گه‌مارۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ: "له‌ لوبنان، گه‌نده‌ڵی په‌ره‌ی گرتوه‌، حیزبوڵا له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بۆ په‌ره‌پێدان به‌ هێزی روخێنه‌ری خۆی كه‌ڵكی وه‌رگرتوه‌. ئه‌مریكا پشتیوانی له‌ داواكانی خه‌ڵكی لوبنان بۆ چاكسازی ده‌كات. ئێمه‌ به ‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆمان، به‌رده‌وام ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ینه‌ ئامانج كه‌ كه‌ڵكی خراپیان له‌ خه‌ڵكی لوبنان وه‌رگرتوه‌و ئه‌وانیان سه‌ركوت كردوه‌."

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، دەیڤد شینكه‌ر یاریده‌ده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ده‌رباره‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وڵاته‌كه‌ی وتی: "یوسف ڤنیانوس و عه‌لی حه‌سه‌ن خەلیل، یارمه‌تی سیاسیی و دارای حیزبوڵایان داوه‌، ئه‌وان له‌ گەندەڵی تێوەگلاون و به‌م چه‌شنه‌ رێگاخۆشكه‌ر بوون حیزبوڵا جێپێ خۆی له‌ لوبناندا قایم بكات."

گێدراو به‌م باسه‌وه‌، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش هاته‌ ده‌نگ و رایگه‌یاند: "حیزبوڵا بۆ مانه‌وه‌ پێویستی به‌ گه‌نده‌ڵییه‌. گه‌مارۆ خستنه‌سه‌ر دوو وه‌زیری پێشووی لوبنان، به‌ گوێره‌ی بڕیاری كارپێكراوی 13224، له‌به‌ر پشتیوانی ماڵی له‌ حیزبوڵایه‌؛ ئه‌م تاقمه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ وه‌كوو رێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی ناسراوه‌. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك هاوكاری حیزبوڵا بكات ئه‌وه‌ یارمه‌تی به‌ تیرۆر كردوه‌. خه‌ڵكی لوبنان مافی خۆیانه‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌یان هه‌بێ و ئه‌مریكا پشتیوانی‌ له‌ خه‌باتی ئه‌وان دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و ئاوسانی ئابووری ده‌كات."

حیزبوڵای لوبنان له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ وڵاتانی ئورووپایی و ئه‌مریكاوه‌ به‌ گروپێكی تیرۆریستی ده‌ناسرێ كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ماڵی و چه‌كداری لێده‌كرێ.

پێشتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتبووی حیزبوڵا له‌ جیاتی خزمه‌تی خه‌ڵكی لوبنان، پتر له‌ بیری پاراستنی به‌رژه‌وه‌‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی دان.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووشدا، مورگان ئورته‌گاس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌ كرد‌ ئه‌مریكا دژی به‌شداری حیزبوڵا له‌ حكومه‌تی نوێی لوبنادایه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ره‌خنه‌ی هه‌یه‌ له‌وه‌ی حه‌وتووی ڕابردوو، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌رانسه‌ رێگای داوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ به‌یروت ئه‌ندامێكی حیزبوڵا به‌شداری بكات، به‌ڵام ده‌ڵێین كه‌ واشگنتن و پاریس ده‌رباره‌ی سه‌قامگیری و بوژانه‌وه‌ی ئابوری لوبنان هاودیدو هاوهه‌نگاون.

ئه‌م قسه‌وباسانه‌ ده‌رباره‌ی لوبنان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ کۆشکی سپی، ئاشكرای كردوه‌ له‌ نیوه‌ی دووهه‌می ئه‌م مانگه‌دا، سەرۆك تره‌مپ میوانداری رێوره‌سمی واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات دەکات.

ئەم ڕێکەوتنەی نێوان ئیماڕات و ئیسڕائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، لە 13ی مانگی هەشتدا لە کۆشکی سپی ڕاگەیەندرا. ‌ گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵات به‌ چاوه‌دێری ئه‌مریكا‌ 18 مانگی خایاندوە.

بڕیاره ‌بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل، هاورێ له‌گه‌ڵ شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نهیان، وه‌زیری دەرەوەی ئیمارات، ئاماده‌ی رێوره‌سمی واژۆكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی دوو وڵات له‌ كۆشكی سپی بن.

No comments: