Archive

Monday, September 21, 2020

كانی زوڵاڵی گشت وه‌زه‌كان

كانی زوڵاڵی گشت وه‌زه‌كان


ده‌زانم سه‌رده‌مێكی پر له‌ نه‌گبه‌تی و بێ هیواییه‌. مرۆڤ له‌م تاریكستانه‌دا كه‌ ده‌سكردی بیرو زه‌ینی ئالۆزی خۆیه‌تی، به‌ چاوی نوقاوه‌و هه‌نگاو ده‌نێ. ئێمه‌ پتر له‌ هه‌ر كاتێكی دیكه خۆمان ون كردوه، له‌ نێو گێژه‌نی ژیان دا بێ ئامانج ده‌سوڕه‌ینه‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات پتر هه‌ست به‌ شه‌كه‌تی بكه‌ین و زۆرتر هیوا بڕوابین. ئه‌وه‌تا شه‌وه‌كان هێنده‌ درێژ ده‌بنه‌وه، ره‌نگه‌كان ئه‌ونده‌ ره‌ش، كه‌ ئیدی چاو تارمایی دایده‌گرێ، هیچ ره‌نگێكی دیكه‌ جیا له‌ ڕه‌شێكی تۆخ، خۆی به‌ دیده‌مانه‌وه‌ گرێ نادات!

له‌ هه‌ناوی ئه‌م ترس و بێ هیواییه‌دا، له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ پیاسه‌ی قه‌راخ رووبار، گوزه‌ر به‌ نێو گوڵزارێدا بۆته‌ سه‌رابێكی بێ كۆتایی، ڕه‌نگه‌ قه‌ده‌رێكی خۆش بێ كه‌ بێ هیج ئاماده‌كارییه‌كی پێشوه‌خته‌، له‌و‌به‌ر ئاوه‌ دووره‌كانه‌وه،‌ تارماییه‌كی دڵنیایی ده‌رده‌كه‌وێ، وه‌كوو تیرێژێك، له‌ تاریكی دا. ڕاست وه‌كوو ئه‌وه‌ وایه‌ ئێمه‌ له‌ خه‌ودا پێكده‌گه‌ین و حه‌په‌ساوین، لێ به‌هێز به‌ره‌و مه‌كانێكی نادیار ده‌فڕیین...
هه‌نووكه‌ تۆ ئه‌و ده‌نگه‌ی‌ ساڵێكی زۆره‌ له‌‌ هه‌ناومدایت، به‌رده‌وام له‌ قوڵایی ته‌نیایی خۆم دا و له‌ دوورترین چۆڵه‌وانی سه‌رزه‌مینی رۆحم دا، ده‌تبیستم و ده‌ڵتڵێمه‌وه،‌ وه‌كوو ئاهه‌نگی گۆرانیه‌كی كۆن!
تۆ رووبارێكی هێشتا نه‌كوتویته‌ رێ، كه‌چی ده‌نگت ده‌بیسترێ، باخچه‌یه‌كی هێشتا گوڵی تێیدا نه‌ڕواوه، لێ بۆنی گوڵزاری باڵات هه‌موو لایه‌كی داگرتوه‌، هه‌ناسه‌یه‌كی تاكوو هه‌نووكه‌ش له‌ سیه‌كانه‌ی جه‌سته‌یه‌كی ماندوو نه‌هاتویته‌ده‌رێ، باڵنده‌یه‌كی به‌رزه‌ فڕی كه‌ هێشتا نه‌فڕیوی. سه‌ربازێكی كه‌ چویته‌‌ جه‌نگێك هێشتا رووی نه‌داوه‌،‌ ئاگرێكی به‌ تین و تاوی كه‌چی تاكوو ئێستاش دانه‌گیرساوی! 
مادام بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵت بدوێم تاكوو ئاهه‌نگی ده‌نگت بڕژێنیته‌وه‌ هه‌ناومه‌وه‌، باوه‌ڕ دێنیم كه‌ تۆ شتێكی دڵنیاتر له‌ دڵنیا بوون. 
ئێستا بیر له‌ سه‌فه‌رێكی دوور ده‌كه‌مه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پیرترین شوێنی دونیا یه‌كبگرینه‌وه‌، پێكه‌وه به‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ینه‌ تێپه‌ڕ بوونی زه‌مان، پیاسه‌ بكه‌ین و ئاواز بخوێنین، دواتر له‌ ته‌نشیك جۆگه‌له‌یه‌ك، له‌به‌ده‌م كه‌نیسه‌یه‌ك، له‌ پشت مه‌زگه‌وتێك یان هه‌ر جێگایه‌كی ئه‌م جیهانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ خۆی دا حه‌شار بدات و بمانپارێزێ، پشوویه‌ك بده‌ین، ئاوا تۆ ساناتر ده‌توانی سه‌رت بخه‌یته‌ سه‌ر شانم و تاكوو دڵت ده‌خوازێ بۆم 
بدوێی...
من بیر له‌ دیدارت ده‌كه‌مه‌وه‌. ئه‌ی دڵداری دڵنیاتر له‌ دڵنیا‌، تۆ كانیه‌كی زوڵالی كه‌ گه‌شت وه‌رزه‌كانی ئه‌ڤین له‌ تۆوه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن. 
كه‌سم، سه‌رقاڵی پێچانه‌وه‌ی جانتای سه‌فه‌ره‌كی دوورم تاكوو گشت ئاسمان و ده‌ریا و وڵاتان تێپه‌ر بكه‌م و بگه‌مه‌ تۆ، ئاوا ژیان مانایه‌كی دیكه‌ی ده‌به‌خشێ و دڵنیام ده‌بمه‌وه‌ كه‌ جوانی هێشتا نه‌مردوه‌!

No comments: