ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
رۆژی 20ی مانگی 8ی 2020، له‌كۆشكی سپی، كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی نێوان ئه‌مریكاو عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك تره‌مپ و سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمی به‌رێوه‌چوو.
وه‌كوو هه‌میشه، له كاتی خۆیدا، له رێگای ئاسایی و یاسایی، داوام كرد پێویسته تیمی ئێمه بۆ ڕووماڵی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ئاماده بێ.
رۆژی دووشه‌ممه، واته 3 رۆژ به‌ر له واده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، له لایه‌ن كۆشكی سپی، ئاگادارم كراینه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی عێراق ناوی ئێمه‌یان له لیسته‌كه‌دا نه‌نوسیوه، بۆمان نیه به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بین.
هه‌ر زوو ئه‌م بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ شاندی كوردستان و نوێنه‌رایه‌تی كوردستان له واشنگتن، هێنایه گۆڕێ و ده‌قی وڵامه‌كه‌ی كۆشكم بۆ به‌ڕێ كردن، تاكوو به‌ڵكوو بتوانن له‌گه‌ڵ باڵوێزخانه‌ی عێراق قسه بكه‌ن، تاكوو چاره‌یه‌كمان بۆ ببینه‌وه.
هیچ وڵام نه‌بوو، تاكوو دره‌نگانی شه‌وی چوارشه‌ممه، دیسان كۆشكی سپی ئی مه‌یلیان نارده‌وه، وتیان كات به‌سه‌ر چوه‌و نا‌توانیین به‌شدار بین. شێلگیرانه ره‌خنه‌م له تیمی پێوه‌ندیداری كازمی و باڵوێزخانه‌ی عێراق گرت، پێم وتن ئێوه كه‌مكاریتان كردوه.
به‌ڵام ئه‌وان به‌ڵگه‌یان نیشاندام كه دوو حه‌توو پێشتر ته‌له‌فوونیان بۆ كارمه‌ندێكی پێشووی ئێمه كردوه كه ناوی ته‌له‌ویزیۆنه‌كه‌ی ئێمه بۆ به‌شداری رووماڵی ئه‌و دیداره تۆمار بكه‌ن، كابراش گۆیا به‌وانی وتوه ئه‌و ته‌له‌ویزیۆنه له ئه‌مریكا نه‌ماوه، ئیدی ئه‌وانیش به‌دواداچوونیان نه‌كردبوو.
به‌ڵام به ئاماده بوونی تیمه‌كه‌مان به به‌رپرسانی باڵوێزخانه‌م وت كه ئێوه خراپ له كارمه‌نده‌كه‌ی پێشووی ئه‌مه تێگه‌یشتوون و ڕه‌نگه جه‌نابیان مه‌به‌ستی ئه‌م دۆخی كۆرۆنایه بووبێ!. كابرا به ئه‌ده‌به‌وه ته‌له‌فوونه‌كه‌ی ده‌رهێناو نیشانیداین ماوه‌ی ١٤ خوله‌ك له‌گه‌ڵ كابرا قسه‌یان كردبوو!.
له هه‌وڵدان نه‌وه‌ستام، له رێگای پێوه‌ندی تایبه‌تی و هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه تێكۆشام بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بین.
له كۆتایی دا به‌رپرسانی پێوه‌ندیداری كۆشكی سپی و باڵوێزخانه رازی بوون ته‌نیا یه‌ك كه‌س له تیمی ئێمه زانیارییه‌كانی خۆی بدات و چه‌ند جاریش به گوێیاندا داینه‌وه كه هیچ مسۆگه‌ر نیه له دواین ساته‌كان دا رێگمان بده‌ن به‌شدار بین.
لێ پێیان وتین ڕۆژی پێنجشه‌ممه كاتژمێر ٦:٣٠ به‌یانی له هوتێلی مانه‌وه‌ی شاندی عێراق ئاماده بین، تاكوو پشكنینی ڤایرۆسی كرۆنامان بۆ بكرێ. تیمی كۆشكی سپی كاتژمێر ٦:٤٥ خوله‌ك پاسپۆرته‌كانیان وه‌رگرت و پرسیان كرد له ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتمان كردوه یان خۆ له ٢ حه‌وتووی پێشوودا نه‌چووینه‌ته نیویۆرك، وڵامه‌كان نا بوو. ئیدی پشكنینی كورۆنایان بۆ كردین و پاش دوو خوله‌ك به منیان وت كه ده‌توانم بچه‌مه كۆشكی سپی ئه‌گه‌ر ئاكامی پشكنینه‌كه ده‌ریبخات هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نیم. پاش ١٥ خوله‌ك پێیان ڕاگه‌یاندم خۆم ئاماده بكه‌م و هه‌موو شت ته‌واوه.
ئێمه لانیكه‌م به‌ر له یه‌ك كاتژمێر چووینه كۆشكی سپی، له‌وێ چاوه‌ڕوانی هاتنی شاندی عێراق بووین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌م كۆشكی سپی و هه‌م تیمی كازمی پێیان وتبووین كه هیچ چه‌شنه كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له ئارادا نیه، نابێ پرسیار بكه‌ین، به‌ڵام كۆی رۆژنامه‌وانان چووینه ئۆفیسی سه‌ره‌كی سه‌رۆك تره‌مپ بۆ وێنه گرتن و دیمه‌ن هه‌ڵگرتن، له‌وێ سه‌رۆك ده‌ستی به قسه كردن كرد‌و دوایه‌ش وڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی دایه‌وه. كاتێك دیتم هه‌مووان پرسیار ده‌كه‌ن ده‌ستم هه‌ڵبری، له سه‌رۆك تره‌مپ پرسیارم كرد رۆڵی كورد له عێراق چۆن ده‌بینێ و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چه‌ند گرینگن؟
سه‌رۆك وڵامی دایه‌وه‌و وتی: "كورد زۆر به باشی هاوكاریان كردین، وه‌كوو ده‌زانی پێكه‌وه توانیمان ١٠٠ له ١٠٠ خه‌لافه‌تی داعش تێكبشكێنین. ئێمه پێوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه، هاوكات هاوكاری باشمان كردوون."
دواتر چومه لای جارێد كۆشنه‌ر ڕاوێژكاری كۆشكی سپی، داوام لێ‌كرد درێژه به پشتیوانی كوردستان و پێشمه‌رگه بده‌ن.
له كۆتایی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، له كاتی به‌جێهێشتنی ئۆفیسی سه‌رۆك، تره‌مپ له‌به‌رده‌م شاندی هه‌ر دوو وڵات‌دا، رووی تێ‌كردم و ده‌ستی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕاداشت و وتی: "كاكه ئاگات له‌م پیاوه بێ."
له وڵامدا وتم جه‌نابی سه‌رۆك زۆر سپاس بۆ ئێوه، ئه‌و پیاوێكی باشە، تكایه له پشتیوانی كوردستان به‌رده‌وام بن.
كاتێ گه‌ڕامه‌وه هوتێل، شاندی كوردستان زۆر دڵخۆش بوون به پرسیاره‌كه‌م، هه‌روها وڵامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكایان له‌م دۆخه‌دا كه هه‌ولێرو به‌غدا سه‌رقاڵی دانوستاندن، به پشتیوانی و به‌هێز كردنی پێگه‌ی كوردستان له‌و دیالۆگه‌دا لێكدایه‌وه.
ئێوارێی هه‌مان رۆژ، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. فواد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ، به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌ری كوردستان له واشنگتن و لاوك سه‌لاح بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆكی هەرێم له پشكی گۆران و ئه‌ندامی شاندی كوردستان، د. فواد رووی له به‌یان سامی كرد‌و پێی وت ده‌زانی تره‌مپ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی به مسته‌ر كورد سپاردوه‌و داوای لێ‌كرد ئاگای لێی بێ؟
رۆژی هه‌ینی، له لایه‌ن تیمی سه‌رۆك وه‌زیران ئاگادار كرامه‌وه جه‌نابی كازمی پێی خۆشه بمبینێ، منیش داوام كرد كه لێدوانمان بۆ بدات، به‌ڵام وتیان لێدوان بۆ كه‌س نادات و ته‌نیا خۆت ده‌بینێ. پاش پرسوڕا، بریارماندا سه‌رۆك وه‌زیران ببینم.
مسته‌فا كازمی به رێزه‌وه وه‌ریگرتم، پێم وت كوردی رۆژهه‌ڵاتم، سپاسم كرد‌و داوای لێم كرد گرینگی به رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كوردستان بدات چوونكه عێراق بۆ سه‌قامگیری و گه‌شه‌ی هه‌مه لایه‌نه پێویسته له‌گه‌ڵ كوردستان رێبكه‌وێ... هه‌روه‌ها پێم وت سه‌رۆك بارزانی له به‌یاننامه‌ی 16ی مانگی 8دا، به بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دێموكراتی كوردستان، باسی له‌وه كردوه كازمی ده‌ردو ئازاره‌كانی كورد تێده‌گات و ده‌توانێ كه‌سێكی جیاواز بێ.
هه‌روه‌ها به جه‌نابی كازمیم وت به‌غدا ده‌توانێ چه‌قی چاره‌سه‌ر پرسی كورد له كۆی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست بێ، جه‌نابیان به گوێره‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی و پێگه‌ی یاسایی كورد له عێراقدا، ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌نگاوی مێژووی له‌م بازنه‌دا بهاوێژێ.
به‌رێز كازمی له وڵامدا سپاسی كردم و وتی: "پێكه‌وه سه‌رده‌كه‌وین...".
No comments:
Post a Comment