Archive

Monday, March 15, 2021

شه‌ڕی نێوخۆیی سووریا پێی نایه‌ 11هه‌مین ساڵه‌وه‌




 K24 :ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

 رێكه‌وتی 15ی مانگی 3ی ساڵی 2011، چه‌خماخه‌ی شه‌ری نێوخۆیی له‌ سووریا لێدرا. ئه‌و شه‌ره‌‌ ته‌نیا كوشتار، ماڵوێرانی، ئاواره‌یی و برسیه‌تی بۆ گه‌لانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ دواوه‌ بوه‌، شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌مرۆ پێده‌نێته‌ 11هه‌مین ساڵی خۆی و ئاسۆیه‌ك بۆ كۆتایی هاتنی به‌دی ناكرێ.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، پاپای ڤاتیكان، له‌ رێوره‌سمی نزای حه‌وتوانه‌ی خۆیدا، داوای كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕو خوێنرێژی له‌ سووریا كرد كه‌ به‌ هۆی شه‌ڕی نێوخۆییه‌وه،‌ تووشی وێرانی و قه‌یرانی مرۆیی هاتوه‌. پاپا له‌م به‌ستێنه‌داو له‌ وتاره‌كه‌ی دا داوای كردوه‌: "دیسان داوا لە لایەنەکان دەکەمەوە، تا نیازپاكی خۆیان نیشان بدەن، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ كۆتایی بێ و به‌مه‌ش تروسكه‌ی هیوا بە خه‌ڵكی ره‌نجدیده‌ی سوریا ببه‌خشن."

پاپا له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی دا ئاواته‌خوازه‌‌ به‌رنامه‌ی ئاشتی بێته‌ ئاراوه‌و وڵات به‌ هاوكاری كۆمه‌ڵی جیهانی ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌و له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێ‌:

 ئاواته‌خوازم له‌ پێناو ئاشتی دا، له‌ سووریا، چه‌كه‌كان فڕێ بدرێن، پەیماننامەیەکی نوێ و كارساز بخرێتە بەردەم كۆمه‌ڵی نێونەتەوەیی و كار بكرێ‌ بۆ بونیادنانه‌وه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریاو گه‌شه‌پێدانی ئابووری له‌و وڵاته‌دا."

ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارێکدا به‌ بۆنه‌ی 10 ساڵەی شەڕ لە سووریا، وتی: "سه‌دان هەزار كه‌س له‌ خه‌ڵكی سووریا گیانیان لە دەستدا، ملیۆنان كه‌س دەربەدەربوون، خەڵکی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌ شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌سبه‌سه‌ر، ئەشکەنجە كراون و بێ سەروشوێن كراون، 10 ساڵە به‌ به‌رچاوی جیهانه‌وه‌ سووریا وێران ده‌بێ و خوێنی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌رژێت. پێویستە یارمه‌تی مرۆیی له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ هەموو سوورییەکان بگات، بۆیە من بەردەوام داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەم ‌له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هاوده‌نگ بن. له‌وانه‌یه‌، ئێستا پرسیار لە هەر سووریایه‌ك بکرێت بڵێ ماندوو بووین لە جەنگ و ململانێ، ئەوە بۆ وڵاتان و نه‌ته‌ه‌یه‌كگرتوه‌كانیش هه‌روایه‌، داوا دەکەین ئەو شه‌ره‌ی هەڵگیرسانی ساناو  کوژاندنەوەی قورسه‌، چیدیکە ماڵوێرانی زیاتر بۆ سووریایه‌كان به‌دواوه‌ نه‌بێ. ئه‌مه‌ش كاتێك دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ تاوانبارانی شه‌ڕ لە سووریا رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌و سزا بدرێن." 

حه‌شیمه‌تی سووریا نزیك به‌ 20 میلیۆن كه‌سه. به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوی (هاوكاری بۆ  برسییه‌كانی جیهان)، هه‌نووكه‌ پتر له‌ 12 میلیۆن كه‌س، پێویستیان به‌ نان و خۆراكه‌. داتاكانی یونیسێف سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان به‌م جۆره‌ باس له‌ دۆخی منداڵان ده‌كات: "لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2020، جیا له‌وه‌ی نزیك به‌ 6000 هه‌زار منداڵ چه‌كدار كراون، هه‌روه‌ها پتر له‌ 12 هەزار منداڵ كوژاراو بریندار بوون."

زانیارییه‌كانی رێكخراووی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان پێمان ده‌ڵێن له‌‌ ماوه‌ی 10 ساڵ شه‌ری نێوخۆیی سووریادا، پتر لە 500 هەزار کەس كوژراون، هه‌روه‌ها پتر له‌  1 میلیۆن کەس بریندارو نوقستان بوون، زیاتر له‌ 5 میلیۆن كه‌س ئاراوه‌ بوون، ساڵانە نزیكه‌ی 2 میلیۆن و نیو خه‌ڵكی سووریا زێدی خۆیان جێدێڵن و كۆچ ده‌كه‌ن.

No comments: