ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
ئێوارێی رۆژی دووشه‌ممه، ئانتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له وتاری خۆیدا سه‌باره‌ت به ڕاپۆرتی ساڵانی مافه‌كانی مرۆڤ، كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئاماده‌ی ده‌كات رایگه‌یاند، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی بایده‌ن هه‌وڵ ده‌دات وڵاتانی پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له ئاست كرده‌وه‌كانیاندا وڵامده‌ر بن و هه‌روه‌ها واشنگتن، داكۆكی و پشتیوانی له چالاكانی مافی مرۆڤ په‌ره پێده‌دات.
بلینكن له‌م به‌ستێنه‌داو له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه وتی:
"به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بایده‌ن، پشتیوانی له چالاكانی مافی مرۆڤ، رۆژنامه‌وانان و خه‌باتكارانی مه‌ده‌نی دوو قات ده‌كات. ئه‌وان كه‌سانێكن داكۆكی له مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن، كاتێك ئه‌وان ده‌كه‌ونه به‌ر په‌لامار، چاو له ئه‌مریكا ده‌بڕن، تاكوو ده‌نگیان ببیسترێ، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌وان له لایه‌ن ئه‌مریكاوه پشت گوێ خرابوون. سه‌رۆك بایده‌ن، ده‌ڵێ ئه‌مریكا گه‌راوه‌ته‌وه گۆره‌پانه‌كه. ئێمه ئاماده‌ین یارمه‌رتی ئه‌و خه‌ڵكه بده‌ین و چیدی بێ ده‌نگ نابین. خه‌بات بۆ ئازادی و شكۆی مرۆڤه‌كان له بایه‌خه‌كانی ئه‌مریكان؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه بۆ ئازادی و دادپه‌روه‌ری خۆمان راپه‌ریوین. به‌شێك له وڵاتانی دیكتاتۆر، پێمان ده‌ڵێن ئێوه مافی ره‌خنه‌گرتن له ئێمه‌تان نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆتان كێشه‌تان هه‌یه. به‌ڵێ، ئێمه ده‌زانیین وڵاته‌كامان له بواری دادپه‌روه‌ری و هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زیدا كێشه‌ی هه‌یه، ئێمه هیچكات نه‌مانوتوه وڵاته‌كه‌مان ئه‌م گرفتانه‌ی تێدا نیه‌و ئه‌مه‌مان نه‌شاردۆته‌وه. ئێمه به رۆژی رووناك و به سه‌رنجه‌وه رووبه‌رووی ئه‌و گرفتانه ده‌بینه‌وه، ئه‌مه‌ش ئێمه له وڵاتانی سه‌ره‌رۆ جیا ده‌كاته‌وه. كاتێك ئێمه به‌م چه‌شنه رووبه‌رووی كێشه‌كانی خۆمان ده‌بینه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و مافه‌مان پێده‌دات كه داوا له وڵاتانی دیكه بكه‌ین، مافه‌كانی مرۆڤ پێشل نه‌كه‌ن."
بلینكن له درێژه‌ی قسه‌كانی دا سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و دیدی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و ره‌خنانه‌ی رووبه‌رووی واشنگتن ده‌بنه‌وه وتی: "هه‌ن پێیان وایه هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ بێبایه‌خه، من باوه‌رم وایه، ئه‌م كه‌سانه خالێكی سه‌ره‌كی له‌به‌رچاو ناگرن. داكۆكی له مافه‌كانی مرۆڤ به قازانجی ئه‌مریكایه. ئێمه له ئاست دۆست و دوژمن دا سه‌باره‌ت به پێشكل كردنی ماڤه‌كانی مرۆڤ، هه‌ڵوێستمان ده‌بێ."
له راپۆرتی ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا ده‌رباره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ، سه‌باره‌ت به عێراق باس له گرووپی تیرۆریستی کەتائیبی حیزبوڵڵا، كراوه كه راستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن كه ئه‌و تاقمه خه‌ڵك به بێ دادگایی كردن له دار ده‌ده‌ن، بێسەروشوێنایان ده‌كه‌ن و به‌م جۆره ماڤی خه‌ڵكی عێراق پێشل ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها له راپۆرته‌كه‌دا، ئه‌مریكا کۆماری ئیسلامیی ئێران، به پێشلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران و هه‌روه‌ها پاڵپشتی له‌شكری تاران لە بەشار ئەسەدو حیزبوڵڵا تاونبار ده‌كات كه تاران به‌و هه‌نگاوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی له سوریاش بن پێ كردوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه ئێران به پشتیوانی كردنی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن، په‌ره‌ی به پێشلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌و وڵاته‌ش داوه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌موو ساڵێك، بارودۆخی مافه‌كانی مرۆڤ، له وڵاتانی دیكه تاوتوێ ده‌كات. 45مین راپۆرتی ئه‌مساڵی مافه‌كانی مرۆڤی وه‌زاره‌تی دره‌وه، سه‌رنجی خستۆته سه‌ر دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ له نزیك به 200 وڵاتی جیهاندا.
No comments:
Post a Comment