24 ئه‌ندامی كۆنگرێس، له نامه‌یه‌ك دا بۆ ئانتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریكا، داوایان كردوه واشنتن له ئامرازه‌كانی خۆی بۆ رێكه‌وتنێكی باشتر له‌گه‌ڵ ئێران سودمەندبێت، به جۆرێك ئاژانسی وزه‌ی ناوكی بتوانێت به ته‌واوه‌تی چاو‌دێری به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران بكات.
نامه‌كه له لایه‌ن 12 ئه‌ندامی دێموكرات، هه‌روه‌ها 12 ئه‌ندامی كۆماری واژۆ كراوه، ده‌قی نامه‌كه له ماڵپه‌ڕی لیژنەی ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێس دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و تێیدا هاتووه: "ئێمه لەو بڕوایەداین رێككه‌وتنی ناوكی، به راده‌ی پێویست ئه‌و دڵنیایه‌ی مسۆگه‌ر نه‌كردوه، ئێران هه‌رگیز ده‌ستی به چه‌كی ناوكی رانه‌گات. ئێران گه‌وره‌ترین پشتیوانی تیرۆریزمە له جهیان، ده‌بێ تاران سه‌باره‌ت به پیتاندنی ئۆران‌یۆم و پێشێلكردنی ئاشتی و تێكدانی سه‌قامگیری ناوچه، وەڵامی ھەبێت".
ھەر پەیوەست بەم پرسە ھەفتەی رابردوو 31 سیناتۆری كۆماری، له نامه‌یه‌كدا بۆ ئیدارەی جۆو بایدن، داوایان كردبوو به‌ر له لابردنی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی سه‌ر تاران، كاروكرده‌وه تێكده‌رانه‌كانی ئێران پشت گوێ نه‌خرێن. له‌و نامه‌دا ئاماژە بەوەكراوە: "پێویسته به‌ر له لابردنی گه‌مارۆكان، پێداچوونەوە بە كرده‌وه شەڕانگێزەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی، تواناكانی له باره‌ی مووشەكه‌كانی بالستیک و کروز، بڵاوکردنەوەی چەک، پشتیوانی لە تیرۆر، بارمتەگرتن، پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ و ئه‌و چالاكیانه‌دا بكرێت كه ناسه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كه‌ن."
له مانگی رابردووش‌دا، 120 ئەندامی كۆنگرێس، لە نامەیەكدا داوایان لە بایدن كردبوو نەگەڕێتەوە بۆ رێكکەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران.
بە بڕوای ئەوان رێككەوتنەكە خاڵی لاوازی بەرچاوی تێدایە و پێویستە بەر لە گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ ئەو رێكکەوتنە، پێداچوونەوەی پێدا بكرێت.
ئەو 120 ئەندامەی كۆنگرێس پێیان وایە: "رێكکەوتن نابێتە رێگر لەبەردەم ئێران بۆ ئەوەی دەستی بە چەكی ناوەكی رانەگات، بەڵكو ئێران لە رێگەی رێكکەوتنەوە هەوڵدەدات دەستی بە چەك و پارەیەكی زۆر بگات."
له پاڵ ئه‌م گوشارانه‌ی كۆنگرێسدا، رۆژی 12/3/2021 جیك سۆلڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مەریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له كۆشكی سپی، رایگه‌یاند: "ئه‌مەریكا و ئێران، به شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ، له رێگای چه‌ند هاوبه‌شی ئەوروپا و خه‌ڵكی دیكه‌وه، له دیالۆگدان تاكوو بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ناوكی ساڵی 2015."
ئیدارەی بایدن لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند، ئەگەر ئێران پابەند بێت بە جێبەجێکردنی خاڵه‌كانی رێککەوتنە ناوکییه‌كه‌ی ساڵی 2015، ئه‌مەریكا دەگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە، كه تره‌مپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە ساڵی 2018دا، بە شێوەیەکی یەک لایەنە، لەو رێككه‌وتنه کشایەوە.
No comments:
Post a Comment