Archive

Tuesday, March 16, 2021

ئه‌مەریكا و چوار هاوبه‌شی ئەوروپی داوای رێگاچاره‌ی سیاسیی بۆ قه‌یرانی سووریا ده‌كه‌ن


K24 - ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

له‌ 10هه‌مین ساڵیادی ده‌ستپێكردنی شه‌ری ناوخۆیی سووریادا، شه‌وی دووشه‌ممه‌، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، فه‌رانسا‌، ئاڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا، به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌و  رایانگه‌یاند كه‌ هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی سیاسی له‌ سه‌روو هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌یه‌ كه‌ پێوانه‌كانی دادپه‌روه‌ری و دیموكراستی تێدا ڕه‌چاو نه‌كراوه‌.

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێنج وڵاته‌ له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌یاندا ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ سووریا كه‌ دواین جار ساڵی 2014 ئەنجامدراوە و بڕیارە ئەمساڵ جارێکی دیکە بەڕێوەبچێت ده‌ڵێن: "هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مساڵ له‌ سووریا ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌ نیه‌. هه‌ر بۆیه‌ نابێ هه‌ڵبژاردنێكی له‌م چه‌شنه‌ ببێته‌ هۆكاری ئاسایی بوونه‌وه‌ی پەیوه‌ندی وڵاته‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د، له‌ سووریا. بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ رێگا چاره‌یه‌كی سیاسیی، پێویسته به‌شداری سه‌رجه‌م خه‌ڵكی سووریا بۆ وێنه‌ ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ نیشته‌جێن، له‌به‌رچاو بگیرێ، تاكوو ده‌نگی ئه‌وانیش ببیسترێ.‌"

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌ پێنج قۆڵییه‌دا سه‌باره‌ت به پێویستی ناردنی‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بۆ خه‌ڵكی سووریا، داوا كراوه‌ كه‌ رژیمی ئه‌سه‌د كۆتایی به‌ به‌ربه‌سته‌كان بهێنێت. هه‌روه‌ها وڵاتانی رۆژئاوایی له‌م باره‌وه‌ داوا ده‌كه‌ن‌: "رژێمی ئه‌سه‌د و لایه‌نگره‌كانی، به‌ جیددی بێنه‌ نێو پرۆسه‌ی رێگاچاره‌ی سیاسیی، هه‌روه‌ها مۆڵەت بده‌ن یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بگاته‌ ده‌ست ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ پێویستیانه‌."

گرێدراو به‌م باسه‌وه‌، لیندا تامه‌س گریینفیڵه‌د، باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك دا به‌ بۆنه‌ی یادی 10 ساڵه‌ی شه‌ری ناوخۆیی سووریا نووسیویه‌تی: "بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ، خه‌ڵكی سووریا له‌ دۆخێكی نامرۆڤانه‌دا تووشی ده‌رد و ژانێكی له‌ راده‌به‌ده‌ر بوون. هه‌نووكه‌ كاتی یه‌كڕیزیی و به‌ره‌وپێشبردنی رێگا چاره‌یه‌كی سیاسیی بۆ خه‌ڵكی سووریایه،‌ كه‌‌ ئامانجی ده‌ستبه‌ر كردنی داهاتوویه‌كی هیوابه‌خش، سه‌قامگیر و پارێزراو بێ‌ كه‌ شایانی ئه‌وانه‌."

هه‌روه‌ها جۆی هوود، راوێژكاری كاتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست، له‌ په‌یامێك دا كه‌ له‌ ماڵپه‌ری باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا بۆ سووریادا بڵاوكراوته‌وه،‌ ده‌ڵێت: "هه‌نووكه‌ ئێمه‌ رێز له‌ یادی خه‌ڵكی به‌جه‌رگی سووریا ده‌گرین كه‌ ماوه‌ی یه‌ك ده‌یه‌ پتره‌، بۆ مافی مرۆڤ، ئازادی و مافی خه‌ڵكی سووریا، هه‌ر ئێستا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووداش تێده‌كۆشن."

به‌هاری ساڵی 2011، خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی خه‌ڵكی سووریا، له‌ بازنه‌ی كێشمه‌كێش و ئالۆگۆڕه‌كانی ''بەهاری عه‌ره‌بی''، وڵاته‌كه‌ی ته‌نی‌. رێكه‌وتی 15ی مانگی ئاداری هه‌مان ساڵ، سه‌ره‌تا له‌ شاری دەرعا، دواتر شارەکانی حمس، حەلەب، ئیدلب خۆپیشاندانی میلیۆنان كه‌سی هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ پشتیوانی راسته‌وخۆی ئێران و رووسیا، به‌ توندترین شێوه‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی سووریایان سه‌ركوت كرد.

كۆی دانیشتوانی سووریا نزیكه‌ی 20 ملیۆن كه‌سه. به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوی (هاوكاری بۆ برسییه‌كانی جیهان)، ئێستا زیاتر‌ 12 ملیۆن كه‌س، پێویستییان به‌ نان و خۆراكه‌. داتاكانی رێكخراوی یونسێفی سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان پێی وایه‌ لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2020، جیا له‌وه‌ی نزیك به‌ 6000 هه‌زار منداڵ چه‌كدار كراون، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 12 هەزار منداڵیش كوژاراو و بریندار بوون.

زانیارییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌‌ ماوه‌ی 10 ساڵی شه‌ڕی ناوخۆیی سووریادا، زیاتر لە 500 هەزار کەس كوژراون، هه‌وره‌ها زیاتر له‌ 1 ملیۆن کەسیش بریندار و كه‌مئه‌ندام بوون‌، زیاتر له‌ 5 ملیۆن كه‌سیش ئاوارە بوون، ساڵانە نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكی سووریا زێدی خۆیان جێده‌هێڵن و كۆچ ده‌كه‌ن.

#مسته‌ر_كورد

No comments: