Archive

Wednesday, May 25, 2022

پۆلیسی فیدراڵ: عێراقییەک بەنیاز بوو جۆرج بوش تیرۆر بکات






K24 - واشنگتن: رەحیم رەشیدی

ئۆفیسی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فیدراڵ، واتە ''FBI'' رایگەیاند پیلانێکی  تیرۆرکردنی جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکایان ئاشکرا کردوە کە  هاووڵاتیەکی تەمەن 50 ساڵی عێراقی بەناوی شەهاب ئەحمەد بە نیاز بووە بەرێوەی بەرێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "زە گاردیەن"، ئەو عێراقییە هاوسۆزی داعش بووە و ویستوویەتی لە تۆڵەی شەڕی ئەمەریکا لە دژی عێراق، 43هەمین سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج بوش تیرۆر بکات.

شەهاب ئەحمەد، ساڵی 2020 بە ڤیزای سەفەر هاتووەتە ئەمریکا و نەگەڕاوەتەوە. ناوبراو ساڵی 2021 لە ئەمەریکا داوای مافی مانەوەی کردووە.

شەهاب لە چێشتخانەیەکی شاری کۆڵومبس، لە ویلایەتی ئۆهایۆ  کاری کردووە، ئەو داوای لە چەند کەسێک کردبوو ماڵی جۆرج بوشی لە داڵاسی تێکساس نیشانبدەن، کەسەکان لەگەڵی رۆیشتوون و ماوەیەک لە رێگەی واتسئەپەوە نامە و ڤیدیۆیان لەگەڵی ئالوگۆڕ کردووە، دواتر ئاشکرا بووە ئەو کەسانە کاریان بۆ هەواڵگری ئەمریکا کردووە.

هەروەها دەرکەوتوە شەهاب لە مانگی مارسدا لەسەر چەک و ساختە کردنی ناسنامە راهێنانی کردووە تا لە پیلانی تیرۆرەکەدا بەکاریانبهنێت.

شەهاب ئەحمەد لە کاتی لێپێچینەوەدا، دانی بەوەدا ناوە کە سەر بە گروپێکی چەکدارییە بەناوی ''رەعد''.

ناوبراو هەوڵی داوە 7 چەکداری داعش لە وڵاتانی تورکیا، میسر، دانیمارک و عێراقەوە لە رێگای مەکسیکەوە بە ڤیزای گەشتیاری بباتە نێو ئەمەریکا و پاشان جۆرج بوش لە ئۆفیسەکەی یان لە نێو ماڵەکەی بکوژن.

شەهاب لە بەرنامەیدا بووە ئەو فەرماندە عێراقیانەی لە ئەمەریکان تیرۆر بکات کە ساڵی 2003 لە شەری عێراق هاوکاری ئەمریکان کردوە، لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەشدا ناوە کە لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2006 لەژێر ناوی ''بەرەی خۆڕاگری عێراق''، زۆر هاوڵاتی ئەمەریکایی کوشتووە.

رۆژی سێشەممە، جەسیکا نایت یاریدەدەری دادئەستێنی ئەمەریکا دەربارەی ئەم دۆسییە گوتی: ''شەهاب بە تاوانی مانەوەی نایاسایی لە ئەمەریکا ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەکرێت، ئەگەر بێتوو پیلانی تیرۆری سەرۆک بوشی بەسەردا ساخبێتەوە ئەوە ماوەی 20 ساڵ بەند دەکرێت''.

No comments: