Archive

Wednesday, May 4, 2022

لە ئاستی جیهاندا بۆ ئازادی راگەیاندن ئێران و عێراق لە پلەی هەرە خراپدان

K24- رەحیم رەشیدی\ واشنگتن

رۆژی سێشەممە، ریکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، بۆ ریزبەندی ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهاندا، ئاشکرایکرد لە 180 وڵاتدا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی سەبارەت بەم بابەتە کردووە.


بە گوێره‌ی راپۆرتەکەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، نه‌روێژ، دانمارک و سوێد، 3 وڵاتی سکاندناڤی لە رۆژئاوای ئه‌وروپا، لە رووی ئازادی رۆژنامەگەری لە پلەی یەکەمدان.

هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە بارودۆخی رۆژنامەگەری لە 28 وڵاتی دیکەی جیهان و لە نێوایاندا، وڵاتانی ئێران و عێراق زۆر خراپە.

راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، هەلومەرجی ئازادی رۆژنامەگەری لە وڵاتانی عێراق، سوریا، بێلاڕووس، ئازەربایجان، رووسیا، ئەفغانستان، پاکستان، کوه‌یت، ڤەنزوێلا، عەرەبستانی سعوودی، میسر، یەمەن،  چین و میانمار بە "زۆر خراپ" پێناسە دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ساڵی رابردووی ئەو رێکخراوە جیهانیە، ئێران لە پلەی 174ی ریزبەندییەکەدا بووە، بەڵام ئەمساڵ ریزبەندی ئێران 4 پلە دابەزیووە.

بۆ وێنە ئێران لە کۆی ئەو 180 وڵاتەی رێکخراوەکە بۆ ئازادی بەیان و رەوشی رۆژنامەوانان لێکۆڵینەوەی لێکردوون، لە پلەی 178مین وڵاتدا جێدەگرێ.

راپۆرتی رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە وڵاتی چین بە بەند کردنی 127 رۆژنامەوان،  ئێران بە گرتنی 24 رۆژنامەوان، پلەی یەکەم و دووهەمیان هەیە و ئەو دوو وڵاتە گەورەترین بەندیخانەی رۆژنامەوانانن لە جیهاندا.

رێکخراوەکە سەبارەت بە دۆخی رۆژنامەوانان لە تورکیا ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ئەو وڵاتە لە پلەی 149هەمین دایە و رایگه‌یاند، "لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی 2023ی تورکیا، ئەردۆغان هێرشەکانی خۆی بۆ سەر رۆژنامەنووسان زۆرتر کردووە تاوه‌كو سەرنجی خەڵکەکەی لەسەر قەیرانی ئابووری و نەمانی دیموکراسی لە وڵاتدا بەلاریدا بەرێت.''

هەروەها عێراق لە پلەی 172 دایە و بەم پێییە دۆخی رۆژنامەوانان لەو وڵاتە لەوپەڕی خراپیدایە، لەم بارەیه‌وه‌ لەو راپۆرتەكه‌دا هاتووە: ''رۆژنامەنووسان لە نێوان تیرۆر، ناسەقامگیری سیاسیی و خۆپیشاندانی جەماوەری رووبەڕووی هەموو جۆرێکی هەڕەشەیه‌ك دەبنەوە، حکومەتی لاوازی عێراقیش ناتوانێ ئەرکی پاراستنی رۆژنامەوانان جێبەجێ بکات.''

هەر سەبارەت بەم باسە، رێکخراوەکە جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، سووریا لە پلەی 171دا جێدەگرێ و لە درێژەدا هاتووە:"سووریا پتر لە 10 ساڵە تووشی شەڕی نێوخۆیی هاتووە، رۆژنامەوانان بۆیان نییە بچنە چەند ناوچەیەک، رژێمی بەشار ئەسەد میدیا و رۆژنامەوانەکان وەکوو ئامراز بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای بەعس به‌كار ده‌هێنێت. رۆژنامەنووسانی سووریا رووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن، رفاندن، ئەشکەنجە و کووشتن دەبنەوە، هەر بۆیەش زۆربەیان ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵین و روو لە تورکیا و وڵاتانی دیکە بکەن.''

رێکخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF)، ساڵی 1985 لە فەرانسا دامەزراوە، بەپێی مادەی 19ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەرگری لە ئازادی راگەیاندن لە هەموو جیهان دەکات.

No comments: