Archive

Wednesday, May 25, 2022

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لە ئامریکا بەشداریی کرد


ئێوارەى شەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ ١٤٠١ی هەتاوی لەسەر داوای لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا بە سەرپەرەستیی بەرپرسی گشتیی ئەو کۆمیتەیە لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەلایەن لقی ٧ـەوە بۆ "ئومید خۆشناو" پارێزگاری هەولێر لە ئامریکا پێک هاتبوو، بەشداریی کرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان لەلایەن "حیکمەت بامەڕنی" بەرپرسی لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا دەستی پێ کرد. پاشان ناوبراو چەند وتەیەکی سەبارەت بە هاوپشتیی کوردستانی و هۆکارەکانی هاتنە ئارای هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.

دواتر "ئومید خۆشناو" پارێزگاری هەولێر، لەسەر ئامانج و هۆکاری سەفەرەکەی بۆ ئامریکا دوا و لە درێژەدا لەسەر بەرنامەى کاریی کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانى پارێزگاى هەولێر چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

"خۆشناو" لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا دەور و ڕۆڵی کوردەکانی ئامریکای بەرز نرخاند و سپاسی هاوکاری و پشتیوانیی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی بەرپرس بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کرد. ناوبراو لەم بەستێنەدا ڕایگەیاند کە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو لە پێناو پاراستن و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەورێکی باڵا و بەرپرسانەیان گێڕاوە.

پارێزگاری هەولێر لە درێژەی وتەکانیدا لەسەر دۆخى عێراق بەگشتی و پەیوەندییەکانى نێوان ئامریکا و هەرێمى کوردستان دوا و تیشکی خستە سەر باری "سیاسی، ئابوورى، مرۆیى و ئەو ئارامى و ئاسایش و پێشکەوتنانەى کە لە هەرێمى کوردستان لە ئارادایە. هەروەها لەسەر پێوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر پێداگریی کرد.

بەشداربووانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر پەیوەندیی دوولایەنە پێداگرییان کردەوە و باسیان لەوە کرد کە پێویستە وێڕای هاوکاری و پشتیوانیی کوردستانی بارودۆخی هەر پارچەیەک لە خەباتدا لەبەرچاو بگیردرێت.

No comments: