Archive

Tuesday, May 31, 2022

"رۆژی بیرەوەری" نه‌ریتێكی ساڵانه‌یه‌ و یادی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێته‌وه





ماوەی دوو ساڵ بوو بە هۆی پەتای کۆرۆناوە رێوڕەسمی بیرەوه‌ری لە واشنتن بەرێوەنەدەچوو. لە ساڵی 1978ـه‌وە وه‌كو نه‌ریتێكی ساڵانه دواین یه‌كشه‌ممه‌ی مانگی ئایار/مایۆ به‌ رۆژی بیره‌وه‌ری ناسراوه،‌ كه‌ تێیدا هه‌زاران ماتۆرسوار له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌مه‌ریكاوه‌ دەهاتنە‌ واشنتنی پایته‌خت و به‌ رێژه‌ رۆیشتن رێز له‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییانه‌ ده‌گرن، كه‌ له‌ شه‌ڕدا گیانیان له‌ ده‌ست داوه،‌ یان بێسه‌روشوێن بوون.
ماتۆرسواره‌كان له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن"ـه‌وه‌ له‌ ولایه‌تی ڤیرجینیا، دێنه‌ به‌رده‌م هێمای بیره‌وه‌ری ئه‌و سه‌ربازانه‌ی‌ له‌ شه‌ڕی ڤیتنام گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
گرمه‌ی هه‌وره‌ تریشقه‌ ناوی رێژه‌ی ماتۆرسواره‌كانه،‌ كه‌ خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا به‌ نوێنگه‌ی ئازادی ناوی دێنن. ئه‌م ناوه‌ش واته‌ گرمه‌ی هه‌وره‌تریشقه‌، له‌ ناوی چالاكییه‌كی بۆردومانكردنی ئاسمانی له‌ شه‌ڕی ڤیتامه‌وه‌ هاتووه،‌ كه‌ ساڵی 1965 روویداوه.
یه‌كه‌مین رێژه‌ی ماتۆرسواره‌كان له‌ ساڵی 1987 بۆ ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكاییه‌ بێسه‌روشوێنانه‌ی شه‌ڕی ڤیتنام ئه‌نجام درا، كه‌ وا بیرده‌كرایه‌وه‌ له‌ ژیاندا ماون و ده‌ستبه‌سه‌رن. ساڵی 2019 بە هۆی گیروگرفتی رێكخستن و تێچووی زۆر بۆ واشنتن و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی ماتۆرسواره‌كان، كه‌ پتر له‌ 80 ساڵ بوون، باس لەوە دەکرا رەنگە ئەو ساڵە دواین رێژه‌ی ماتۆرسواره‌كان بێت.
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە رێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وێرای ئاماژەدان بە شەری رووسیا و ئۆکرانیاا، لەسەر ئازادی، دیموکراسی و کراوەیی پێداگری کرد و گوتی: ''هەرگیز ئازادی بە خۆڕایی نەبووە، دیموکراسی بەردەوام پێویستی بە قارەمانەکان هەیە. ئەمڕۆ خەڵکی ئۆکرانیا لە هێڵی پێشەوەی خەبات بۆ مانەوەی دیموکراسی و ئازادین، ئەوان بۆ مانەوەی خۆیان شەڕ دەکەن. بەڵام خەباتی ئەوان بەشێکە لە خەباتێکی مەزنتر، کە هەموو خەڵکی جیهان پێکەوە یەکریز دەکات''.
بایدن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پڕژایە سەر نرخی ئازادی و لەم بەستێنەدا گوتیشی: ''ئەو نیشتمانپەروەرانەی لێرە لە دواین مەنزڵگەیاندا ئارامیانگرتووە، بەشێکن لە ململانێی نێوان دیموکراسی و "ملهوڕی"، ئەوان لە بەرامبەر سەرکوتكردندا خەباتیان بۆ ئازادی کردووە. بەشێک لە وڵاتان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەسەر ژیان و ئازادی خەڵکدا زاڵ ببن، لە بەرامبەر ئەوانەشدا ژمارەیەکی زۆر خەبات دەکەن، بۆ مانەوەی پێوانە بنەڕەتییە دیموکراتییەکان، دەسەڵاتی یاسا، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، ئازادی راده‌ربڕین و نووسین، کۆبوونەوە و ئازادی هەڵبژاردنی ئایین''.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، وەزیری بەرگری ئەمه‌ریکا، لۆید ئۆستین قسەی کرد و لەسەر درێژەی هاوکارییەکانی ئەمه‌ریکا بۆ بەرەی دیموکراسی پێداگری کرد رایگه‌یاند، ''ئەمڕۆ لە مەیدانەکانی نەبەردی ئۆکرانیا، جیهان سەرلەنوێ شاهێدی بۆ توانای سەرباز و هاووڵاتیانی ئازادیخواز دەدات، کە ملیان بۆ زۆرداری نەداوە. ئازادی ئۆکرانییەکان کەوتووه‌تە بەرهێرش، بەڵام رێوشوێنە نێونەتەوەییەکان پشت ئەستوور بە یاساگەلێکن، کە لە دەورانی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە لە ئارادایە، ئێمە لە قەیرانەکان تێدەگەین و سوورین لەسەر ئەوەی لە دژیان بوەستینەوە''.
داتا و ژماره‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه چاره‌نووسی ‌پتر له‌ 80 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناڕوونه‌. نزیكه‌ی‌ 73 هه‌زار كه‌س له‌ شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و 7 هه‌زار كه‌س له‌ شه‌ڕی كۆریا و نزیكه‌ی 1600 كه‌س له‌ شه‌ڕی ڤیتنام تا هه‌نووكه‌ چاره‌نووسیان نادیاره‌ و بێسه‌روشوێنن.
كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی 1971 به‌ په‌سه‌ندكردنی یاسایه‌ك، دواین دووشه‌ممه‌ی مانگی ئایاری وه‌كو رۆژی بیره‌وه‌ری ناودێر كرد، كه‌ پشووی فه‌رمییه ‌و له‌م رۆژه‌دا خه‌ڵك له‌ سه‌راسه‌ری ئه‌مه‌ریكا و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر رێز له‌و كه‌س و بنه‌ماڵانه‌ ده‌گرن، كه‌ له‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا گیانیان به‌ختكردووه‌.

No comments: