جەمیز لانکفۆرد، سیناتۆری کۆماری له ولایەتی ئۆکلاهاما، رۆژی پێنجشەممە (5ی ئایار/ مایۆی 2022)، پێشنیازه یاسایه‌كی خستەبەردەم ئەنجومەنی سینات، کە تێیدا دیموکراتەکان تێیدا زۆرینەن، تا به گوێره‌ی یاسا سوپای پاسدارنی ئێران لە لیستی تیرۆر بمێنێته‌وه.
لە ئاکامی پێشنیازه‌كه‌دا ئەنجومەنی سینات بە 66 دەنگی بەڵێ ده‌نگی دا و لە بەرامبەر 23 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش دەنگیان نه‌دا، به‌مشێوه‌یه پڕۆژەکەی سیناتۆر لانفۆردیان پەسەند کرا.
بە گوێرەی ئەو یاسایە، ئەگەر ئیداره‌ی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی پرسی ئه‌تۆمی لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت، ئەوا پێویستە سوپای پاسداران لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا بمێنێتەوە، له‌كاتێكدا له (15ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2019)ـه‌وه سوپای پاسداران لەلایەن ئەمه‌ریکاوە خراوه‌تە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.
لە لایەکی دیکەوە، تەد کروز، سیناتۆری کۆماری له ولایەتی تەکساس، بەربژێری کۆمارییەکان لە ساڵی 2016 بۆ سەرۆکایەتی ئەمه‌ریکا، دەربارەی درێژەدانی گەمارۆکانی ئەمه‌ریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بانکی ناوەندیی ئه‌و وڵاته، گەڵاڵەیەکی پێشکەش به ئەنجومەنی سینات کرد. لەو گەڵاڵەدا هاتووە: "ئەگەر ئێوە پشتیوانی لە گەمارۆکان دژی سوپای پاسداران دەکەن؛ دەبێت بە بەڵێ دەنگ بەو گەڵاڵەیە بدەن". لە ئاکامدا، گەڵاڵەکەی سیناتۆر تەد کروز بە 86 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی نه‌خێر پەسند کرا.
لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەی ئەنجومەنی پیراندا، نەد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا رایگەیاند، ''ئێمە لێدوانەکانی سەرۆک بایدن بە بیردەهێنینەوە، کە گوتبووی "نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئه‌تۆمی بگات و باشترین رێگه‌ش بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکرێت، رێکكەوتنە لەگەڵ ئەو وڵاتە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە له‌بارەی ئەو دوو گەڵاڵە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی سینات دژی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئێمەش وەکو سیناتۆرەکان سەبارەت بە کردەوەکانی دیکەی ئێران نیگەرانین، لە نێویاندا بەرهەمهێنانی موشەکی بالستیکی و تیرۆریزم، هەر بۆیە زۆرترین گەمارۆکانی ئیداره‌ی بایدن دژی ئێران، گرێدراوی ئەم دوو مژارەیە.
ماوه‌ی ساڵێك زیاترە ئێران و ئەمه‌ریکا بە بەشداری ئەندامانی دیکەی نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، ناڕاستەوخۆ دەستیان بە دانوستان كردووه، تا رێككه‌وتنه‌كه‌ی 2015، كه دۆناڵد ترمپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2018 لێیكشایه‌وه، زیندووبكه‌نه‌وه.
No comments:
Post a Comment