Archive

Saturday, March 8, 2014

بە فەرمیی مەیدانی کوردستان لە پێتەختی مەکسیک دەکرێتەوە







رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن
لە چوارچێوەی کۆبونەوە گەلێک دا کە لە ماوەی یەک حەوتووداو بە دەستپێشخەری هانا جاف جێگری وەزیری کۆچبەرانی مەکسیک پێکهاتبوو موحەممەد تاهیر زێباری و دارا برواری لە مەکتەبی پێوەندیەکانی دەرەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان، وێرای کاروان زێباری ئەندامی تیمی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە واشینگتۆن، بە فەرمیی سەردانی وڵاتی مەکسیکیان کرد. 
سەرەتا شاندەکەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیرانی دەوڵەت و گەشت و گوزار و کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەو کۆمەڵێک لە دەسەڵاتدارانی پایەبەرزی ئەو وڵاتە، لە کەشو هەوایەکی گەرم و دۆستانەدا کۆبوونەوەو لەسەر دامەزراندنی پێوەندی نێوان کوردستان و مەکسیک بیروڕایان گۆریوەتەوە.
هەروەها شاندەکەی کوردستان، سەردانی پێشانگای هەڵەبجەیان کردوە کە بۆ یەکەمین جار لەو وڵاتە کراوەتەوەو ئامانجی ناساندنی جنوسایدی کوردە بە خەڵکی ئەمریکای لاتین و ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێ. هەر لەو رەوتەدا، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی نێونوتەوەیی حیزبی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەدا دیدارو چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە، بۆ سازکردنی پێوەندیەکی تۆکمە لە نێوان کوردستان و مەکسیک دا ئاڵوگۆڕی بیرورایان کردوە.
لە درێژەی گەشتی وەڤدەکە، لە قوتابخانەیەکی ئامریکایی دا، سەبارەت بە کوردستان و مێژووی کورد قسە کراوەو لەم بەستێنەش دا کۆمەڵێک یاری و دیاردەی کولتووری مەکسیکی؛ بۆ نیشاندانی رێزی خانەخوێ بۆ بایەخ دان بە شاندی میوان، نیشان دراوە.
شیاوی ئاماژەیە کە شاندی کوردستان، لە چوارچێوەی گەشتەکەی دا، لەگەڵ وەزیران، ئەندامانی پاڕلمان و کاربەدەستانی مەکسیکی باسی دامەزرادنی پێوەندی ئابوری و بازرگانی نێوان دوو وڵاتیان کردوەو ئەوەش هاتۆتە گۆرێ کە هەوڵ بدرێ مەکسیک بە فەرمیی قەڵاچۆی کوردەکان کە لە هەڵەبجە و پرۆسەی ئەنفال دا رووی داوە ،وەکوو جنۆساید بە فەرمیی بناسێ.
جێگای ئاماژە بۆ کردنە، بە ئامادەبوونی شاندی کوردستان، پەردەش لەسەر پەیکەری موحەممەد پاشای جاف، سەرۆکی خێلی جاف، لە نزیک شاری مەکسیکۆی پێتەختی مەکسیک لادرا. موحەممەد پاشای جاف ساڵی ١٨١٤ لە بناری زاگرۆس لە دایک بوەو دواتر لە سالی ١٨٣٤دا قەڵای شێروانەی لە شاری کەلار دروست کردوە کە بە یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویەکانی کوردستان ئەژمار دەکرێت. ناوبراو ساڵی  ١٨٨١ بە هۆی پیلانێکی هاوبەشی ئیمپراتوریەتەکانی قاجار و عوسمانی لە ژیان دا نەماوە. پێویستە ئەوەش بوترێ کە مەیدان و پارکێک لە پێتەختی وڵاتی مکسیک بە ناوی کوردستانەوە ناودێر دەکرێت. 
شاندی کوردستان بە ئامانجی ناساندنی پتری کوردستان بە مەکسیکیەکان، کۆمەڵێک دیدارو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ مێدیاکانی مەکسیک پێکهێناوەو وڵامی رۆژنامەوانانیان داوەتەوە، هەروەها شاندەکە چاویان بە باڵوێزی دەیان وڵاتی دیکە لە مەکسیک، کەتوە. 
پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مەکسیک دا، فێستیڤاڵی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٣دا لەو وڵاتە بەرێوەچوو، پاش ئەم رووداوە، ئەوە یەکەمین جارە کە شاندیکی کوردستانی بە فەرمیی سەردانی وڵاتی مەکسیک دەکات و لەو ئاستە بەرزەدا لە لایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە، بە فەرمیی پێشوازی لێدەکرێ.

No comments: