Archive

Monday, March 3, 2014

لە واشنگتن، یادی ٣٥ سالەی کۆچی دوایی بارزانی کرایەوە






رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

رۆژی شەممە، رێکەوتی ١ی مارسی ٢٠١٤ی زایینی، لە بنکەی لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا، بە بۆنەی تێپەڕ بوونی ٣٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، کۆڕیادێک بە بەشداری ئەندام و لایەنگرانی پارتی بەرێوە چوو.
کۆڕیادەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاقژی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر حیکمەت بامەڕنی لێپرسراوی لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کەنەدا، وتارێکی لە بارەی کەسایەتی بارزانی پێشکەش کرد. بامەڕنی لە وتارەکەی دا باسی لە دەور و رۆلی بارزانی نەمر لە رەوتی جوڵانەوەی نەتەوەیی کوردستان دا کرد و لە درێژەدا وتەی کۆمەڵێک لە ناودارانی کورد و بیانی لە بارەی کەسایەتی بەرزی بارزانییەوە هێنایە زمان...
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادی ٣٥ ساڵەی کۆچباری بارزانی دا، کورتە فیلمێک دەربارەی خەبات و تێکۆشانی ئەو رێبەرەی تەڤگەری رزگاریخوازانەی کوردستان پیشان درا و لە درێژە دا، چەند سرود و هەڵبەستی شۆرشگێری بەو بۆنەوە پێشکەش کران.
پێویستە بگوترێ، هۆڵی بەرێوەچوونی کۆڕیادەکە، بە کۆمەڵێک وێنەی هەمە جۆری بارزانی رازێندرابوەوە کە نیشاندەری بڕگە جیاجیاکانی ژیان و خەباتی ئەو رێبەرە بو.

No comments: