Archive

Sunday, March 9, 2014

لە دەڤەری واشنگتۆن یادی هەشتی مارس کرایەوە




رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن



رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی مارسی ٢٠١٤ی زایینی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا، بە بۆنەی هەشتی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژنان، رێورەسمیکی بەشکۆ بە بەشداری رەوەندی کوردی دەڤەری واشینگتۆن پێکهێنا.
رێورەسمەکە کاتژمیر ٧ی سەر لە ئێوارێ بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان مەحبووبە حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە ئەمریکا، وێرای راگەیاندنی ریزبەندی بەرنامەکە، چەند کۆپلە شێعری یەکسانیخوازانەی خوێندەوە.
لە درێژەدا رەحیم رەشیدی سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی ژنان قسەی کردو ئینجا پەیامی دەفتەرری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هەشتی مارس پێشکەس کرا.
لە درێژەدا سەیران شەرەفی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، پەیامی کۆمیتەی ژنانی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد. ناوبراو لەسەر خەباتی ژنانی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی پێداگری کردەوەو رۆژی جیهانی ژنانیشی بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانیان بەرزو گرینگ وەسف کرد.
دواتر مەعسومە شێوەسەڵی یەکێک لە بەشدارانی ئەو رێورەسمە.، بیرەوەریەکی خۆی گێرایەوە کە بۆ یەکەمین جار لە رۆژی هەشتی مارس دا رێبەری نەمر دوکتۆر قاسملووی لە نزیکەوە دیتوە. ناوبراو وتی کە ئەمە خۆشترین و پڕ بایەخترین بیرەوەری ژیانیەتی و هەرگیز لە بیری ناکات.
لە درێژی بەرنامەکەدا، ئامادەبووان تاکوو درەنگانی شەو گۆڤەند و رەشبەڵەکی کوردەواریان گێڕا.

No comments: