Archive

Tuesday, June 21, 2022

لە جیهاندا پتر لە 100 ملیۆن کەس ئاوارەن

 



کۆمەڵەی گشتیی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی 12ی ساڵی 2000 دا، بڕیاری دا کە 20ی مانگی 6، وەکوو رۆژی رۆژی جیهانیی پەنابەران دیاری بکات. هەر بۆیە ساڵی دواترو لە 20ی مانگی 6ی ساڵی 2001، لە گشت جیهان بە فەرمیی یادی ئەم رۆژە، وەکوو رۆژی پەنابەران کرایەوە.

هەنووکە بە گوێرەی دوایین زانیارییەکانی کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆکارەگەلی وەکوو شەڕ، توندوێژی و کارەساتە سروشتییەکان پەرەی بە دیاردەی کۆچکردن لە هەموو جیهان داوە.

داتاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەم پێوەندییەدا ئەو راستییە ئاشکرا دەکەن پاش شەری دووهەمی جیهانی، ژمارەی کۆچبەران لە  100 میلیۆن کەس تێپەڕ بوە.

بە گوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی پەنابەرانی ''UNHCR'' لە ئێستادا پاکستان 1.5 ملیۆن پەنابەر، تورکیا 3.8 ملیۆن و کۆلۆمبیا 1.8 ملیۆن، ئۆگەندا نزیکەی 1.5ملیۆن پەناخوازیان پەنا داوان، ئەم خەڵکەش بە هۆکاری شەڕو توندوتیژی،  وشکەساڵی، کارەساتە سروشتییەکان و هەژاری زێدی خۆیان بەجێهێشتوە.

زانیارییەکانی کۆمسیۆنی پەنابەرانی رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان، باس لەوە دەکەن ژمارەی ئاوارەکان تا کۆتایی ساڵی 2021، زیاتر لە 90 ملیۆن کەس بوە. هەمان سەرچاوە ئەوەشی پشتراست کردۆتەوە لەئارادابوونی توندوتیژی لە ئەسیوپیا، بورکینا فاسۆ، میانمار، ئەفغانستان، کۆنگۆو نەیجەریا پەرەی بە دیاردەی ئاوارەیی و کۆچ کردن داوە.

هاوکات لە سەرەتای ساڵی 2022 بە هۆی شەری ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا، تاکوو ئێستا 6.5 میلیۆن کەس ئاوارە بوون. هاوکات نەتەوەیەکگرتوەکان پێیی وایە رێژەی ئاوارەبوونی خەڵکی ئۆکراینا تاکوو کۆتایی ئەمساڵ بۆ 8.3 میلیۆن کەس زیاد بکات.

گرێدراو بەم باسەوە، سەرۆک بایدەن، ئەمرۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە، پەیامێکی بڵاوو کردەوەو رایگەیاند کە لە ئێشوئازاەکانی پەنابەران تێدەگات و هەروەها هێرشەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا بە هۆکاری پەرپێدەری دیارەی ئاوارەیی زیاتر وەسف کرد. بایدەن هاوکات ئاشکرای کرد تاکوو ئێستا ئەمریکا زۆرترین هاوکاری و یارمەتی بۆ ئاوارەکان لە هەموو جیهان دابین دەکات.

No comments: