بەشی ئاسایشی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، لە هه‌ژماری فەرمیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند، بڕی 15 ملیۆن دۆلار خەڵات دەبەخشن بۆ هەر چەشنە زانیارییەك سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرا بكات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ''سوپای پاسداران و فیلەقی قودسی ئەو سوپایە، بۆ دابینکردنی تێچووی چالاکییەکانیان لە جیهان، له چه‌ند رێگه‌یه‌كه‌وه كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه؛ کۆمپانیای وەهمی و بونیادی جۆراوجۆری ساختە بەکار دێنن، تا خۆیان لە گەمارۆکانی ئەمه‌ریکا و سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بدزنەوە.''
سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران و لقی دەرەوەی ئەو سوپایە، واتە فەیلەقی قودس، لە لیستی تیرۆری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکادان.
(5ی ئایار/ مایۆی 2022)، گرێ‌دراو بە سپای پاسداران، ئەنجومەنی سینات دوو پرۆژە یاسای بە 66 دەنگی بەڵێ، هەروەها گەلاڵەیه‌کی دیکەی هاوچەشنی بە 86 دەنگی بەڵێ پەسەند کرد، کە نابێت لە ئەگەری رێکكەوتنی ئه‌تۆمی لەگەڵ ئێران، سوپای پاسدران لە لیستی تیرۆر لابدرێت.
بە گوێرەی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی پیران، ئەگەر ئیداره‌ی ئەمه‌ریکا، له‌باره‌ی پرسی ئه‌تۆمی لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت؛ ئەوا پێویستە سوپای پاسداران لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا بمێنێتەوە، له‌كاتێكدا له (15ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2019)ـه‌وه سوپای پاسداران لە لایەن ئەمه‌ریکاوە خراوه‌تە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە له‌بارەی ئەو دوو گەڵاڵە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی سینات دژی ئێران، ئاماژه‌ی کردبوو: ''ئێمەش وەکو سیناتۆرەکان سەبارەت بە کردەوەکانی دیکەی ئێران نیگەرانین، لە نێویاندا بەرهەمهێنانی موشەکی بالستیکی و تیرۆریزم، هەر بۆیە زۆرترین گەمارۆکانی ئیداره‌ی بایدن دژی ئێران، گرێدراوی ئەم دوو مژارەیە.''
ماوه‌ی ساڵێك زیاترە ئێران و ئەمه‌ریکا بە بەشداری ئەندامانی دیکەی نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، ناڕاستەوخۆ دەستیان بە دانوستان كردووه، تا رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی 2015، كه دۆناڵد ترمپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2018 لێیكشایه‌وه، زیندووبكه‌نه‌وه، یەکێک لە داواکانی ئێران لەم پرسه، لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمه‌ریکا.
No comments:
Post a Comment