Archive

Saturday, June 11, 2022

"ڕێگای گەیشتن بە یەکسانی"، بەسەرهاتی مرۆڤێکی کۆڵنەدەر

بەردەوام هۆگری خوێندنەوەم، لە پاڵ هۆگریم بۆ خوێندنەوە، دوو قات خولیای خوێندنەوە، بینین یان گوێگرتن لەو بەرهەمانەم کە خاوەنەکانیان لە نزیکەوە دەناسم.
لەم رۆژانەدا هاورێی ئازیزو ماندوویی نەناسم، خاتوو تووبا ئەلیاسی، بە ناردنی دیارییەکی زۆر بەنرخ بە ناوی "ڕێگای گەیشتن بە یەکسانی" بەسەری کردوومەوە.
گرێچنی ئەو پەرتووکە نەخشاندنێکی بەهادارە لە بەسەرهات، ژان، بێ مافی، ئازاری دوورە وڵاتی، نادادی و هەژاری کە ئەگەر خەبات نەکەی و لە ئاست ئەو هەموو دژواریەدا تاقەت نەهێنی، ئەوە دەبێ تەسلمی قەدەر بی و بەوە رازی بی کە تێیدای و بۆت دیاری کراوە.
لە بەرانبەردا، ئیرادەی مرۆڤ بۆ گۆران و خەبات لە پێناوی یەکسانی و ئازادی؛ تین و تاووی هەنگاونان بەرەوپێشت تێیدا بەهێزتر دەکات. خاتوو تووبا راست ئەم کەسەیە بەسەرهاتەکەی نموونەی کۆڵنەدان و نەسرەوتنە، لە کۆتایی دا ژنێکی سالارمان دێتەپێش چاوو کە هیچ کەندو کۆسپێک لە رێگای گەیشتن بە سەرکەوتن کۆڵی پێنەداوە...
تووبا لە تەمەنی منداڵیداو لە ساڵەکانی سەرەتای شۆرشی ١٩٧٩ی ئێران، وێرای بنەماڵەو هەزاران کوردی دیکەی رۆژهەڵات، بە هۆی شەرو ماڵوێرانی و ستەمگەری دەسەڵاتدرانی ناوچەکەوە، ئاوارەی عێراق دەبن و لە ئۆردوگای ''ئەلتاش'' دەگیرسێنەوە.
نووسەر لە تەمەنی 26 ساڵی وەکوو پەنابەر دێتە وڵاتی نوروێژ، ژیانی هاوبەش پێکدێنێ، دەبێتە خاوەنی دوو منداڵ، یەک لە منداڵەکانی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەردەوام پێویستی بە چاوەدێری هەیە. تووبا بەر لەوەی بێتە نوروێژ، تاکوو پێنجی سەرەتایی خوێندوە. کەچی لە نوروێژ، وێڕای بەخێوکردنی مناڵان، کارکردن و ئەرکی سەرەکی سەرپەرشتی بنەماڵە، دەچێتە زانکۆو لە دوو بواری ''زانستی سیاسیی و کۆمەڵ و کولتوور" بروانامەی بەرز وەردەگرێت.
لەگەڵ پیرۆزبایی و ماندوونەبوونی گەرم لە هاورێ تووبا ئەلیاسی، هیواخوازم ئەویندارانی خوێندنەوە بە گشتیی، کچان و ژنانی کوردستانی بە تایبەتی، ئەم کتێبە بخوێننەوە تاکوو بەسەرهاتەکانی ژیانی تووبا بکەنە وانەیەک بۆ سەرکەوتن و تەسلیم نەبوون لە بەرانبەر دژواریییەکانی ژیان...
کورتەیەک دەربارەی، "ڕێگای گەیشتن بە یەکسانی":
ساڵی 2022، لە دووتووێی 203 لاپەرەو لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا، لە لایەن وەشانخانەی ژومارە 49 بڵاوکراوەتەوە.
د. مەجید حەقی دارشتنی ناوەرۆکی بۆ کردوە. دارشتنی بەرگ لە ئەستۆی فاروق قوبادی بوە، مافی خاوەنداریەتی بۆ تووبا ئەلیاسی پارێزراوە.

No comments: