Archive

Monday, June 13, 2022

"شانێک بەبن باری نیشتمانەوە'' لە پەرتووکخانەی کۆنگرێس




رەحیم رەشیدی\ واشنگتن
بە خۆشحاڵییەوە ڕادەگەیەنم، پەڕتووکی بیرەوەری تێکۆشەری چاونەترسی کوردایەتی، خوالێخۆشبوو ''عیزەت سلێمان بەگ'' هەنووکە لە پەڕتووکخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا جێگای بۆ کراوەتەوە.
کاتی خۆی ئەو پەڕتووکە لە لایەن کاک بەختیار کوری مام عێزەت، وەکوو دیارییەکی گرانبەها بۆم هاتبوو. لە هەمان کاتدا داوا کرابوو بە گوێرەی پێوەندییەکانمان بەرگێک لەو پەڕتووکە پێشکەش بە پەرتووکخانەی کۆنگرێس بکەم، بەرێزەوە وەکوو وەفایەک بۆ ''مام عێزەت'' شۆرەسواری خەباتی نەتەوایەتی باشورری وڵات و خۆشەویستی گشت نیشتمانپەروەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەرتووکەکەم پێشکەش بە کتێبخانەی کونگرێس کرد.
ئەم مانگە، لە نامەیەکی فەرمیی دا پەرتووکخانەی کۆنگرێس وێرای سپاس بۆ پێشکەش کردنی ئەو دیارییە، رایانگەیاندوە پەڕتووکەکە لە کتێبخانەی کۆنگرێس جێگای بۆ کراوەتەوەو هەنووکە بۆ خوێنەران بەردەستە.
لەو پەڕتووکەدا، ''مام عێزەت'' وەکوو کەسێکی نزیک لە نەمر مەلا مستەفا بارزانی، بەشێکی زۆری بیرەوەرییەکانی خۆی لە 1963 تاکوو کۆتاییەکانی تەمەنی بە وردی گێراوەتەوە. ''مام عێزەتی'' قارەمان لەو پەڕتووکەدا، بە زمانێکی ساکارو خۆماڵی باس لە نەبەردی نەتەوەیەک لە پێناوی ئازادی دەکات کە سەرەڕای دژواری و تەنگوچەڵەمەی خەبات و زۆر جار گەلەکۆمەی نێوچەوەیی و نێودەوڵەتی و خەنجەر لە پشدانی نێوخۆیی، بەڵام هەرگیز دەستی لە هیوا بەرنەداوەو لە تێکۆشان بۆ ژیانێکی شکۆمەند بەردەوام بوە.
هیوام وایە لاوانی ئەمرۆ بە باشی ئەو بیرەوەریانە بخوێنەوە تاکوو بە باشی تێبگەن ''مام عێزەتەکان'' چ رەنجێکیان لە پێناوی ئازادی دا داوە. هەروەها هەر نەتەوەیەک بە باشی شارەزای ڕابردوو دیرۆکی خۆی نەبێ ئەستەمە بتوانێ داهاتوویەکی گەش بونیاد بنێ.
کورتەیەک دەربارەی: "شانێک بەبن باری نیشتمانەوە، ژینواری عێزەت سلێمان بەگ'':
پەرتووکەکە لە قەبارەیەکی مامناوەندی 442 لاپەرەدا لە لایەن کرمانج عێزەت سلێمان بەگ، ئامادە کراوە. کۆمەڵێک وێنەی مێژوویی و بەڵگەی لەخۆ گرتوە. نووسەرو رووناکبیر سەرۆک قادر پێیداچۆتەوە، تەیب موعتەم دیزانی بەرگی بۆ کردوە. ساڵای 2021، لە لایەن وەشانخانەی کۆمەڵگای فەرهەنگی ئەحمەد خانی بڵاوکراوەتەوە. بەرێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ژومارە 511ی پێسپاردوە.

No comments: