Archive

Tuesday, June 7, 2022

ئەمریکا: پێوەندیمان لەگەڵ کوردستان درێژخایەنە


رەحیم رەشیدی\ کوردستان 24، واشنگتن


 رۆژی دووشەممە، رێکەوتی 6ی جوونی2022، ''ئەنستیتوتی واشنگتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک''، پانێلێکی سازدابوو کە تێیدا جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ کاروباری ئێران و عێراق، هاورێ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە وردی سەبارەت بە پێوەندییەکانی نێوان واشنگتن و هەولێرو پێگەی هەرێمی کوردستان قسەیان کرد.

لەو دیدارەدا بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە دەربارەی دیرۆکی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو کوردستان رایگەیاند: ''ئێمە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کارمان کردوە، ئەو پێوەندیانە گەشەی کردووە، ئەمەش بۆتە پێکەوە کارکردنێکی هاوسەنگ. پشتیوانییەکانیشمان لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، نیشانی دەدات کە  پێکەوە کارکردنمان بابەتێکی تەکتیکی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ستراتیژو درێژخایە."

 بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە لە گرێچنی قسەکانی داو سەبارەت بە چۆنیەتی هاوپەیمانی کوردستان و ئەمریکاو دۆخی کوردستان وتی: '' ئێمە پێکەوە شەری تیرۆرمان کرد، بە تایبەتی رووبەرووی داعش بووینەوە. وێکرا ئابوورییەکی فرە سەرچاوەمان لە هەرێمی کوردستان خولقاندوە؛ شانبەشان بۆ پاراستنی سامانی کولتووری تێکۆشاوین، لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکاندا کارمان کردوە. وەختێکی ئاسان نەبووە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕامان وایە باشترین رێگا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گەلی کورد لە بەغدا بریتیە لە یەکریزی و هاوهەڵوێستی کورد، ئێمە لە وردەکاری پێکهێنانی حکوومەتدا دەستێوەردان ناکەین و بەشدار نابینن، بەڵام روون و ئاشکرایە کە بۆ گەلی کورد باشترینمان دەوێت."

 یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی پێگەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان وتی: "ئەو نەخشاندنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی بنەرەتییە، ئەوەی سەرنجی دەسەڵات و خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەماوەی چەند دەییەی رابردوودا بۆ هەرێمی کوردستان راکێشاوە ئەو پێکەوە ژیانەیە کە بۆتە شوناسی هەرێمی کوردستان و پێویستە درێژەی هەبێت."

 جێنیفەر گاڤیتۆ، لە دووتووێی قسەکانیدا، بە بایەخەوە پەرژایە سەر هەلومەرجی شنگاڵ و لەم بەستێنەدا بە پێداگرییەوە دیدی ئەمریکای دووپات کردەوەو وتی: ''بە لای ئێمەوە گرینگە رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ جێبەجێ بکرێ و بارودۆخەکە لە شنگاڵ ئاسایی بکرێتەوە.''

لەو کۆبوونەوەدا،  جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە روانگەو بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کرد، ناوبراو بە بایەخەوە لەسەر درێژەی پرۆسەی چاکسازی لە کوردستان و پێوسیتی هاوکاری و پشتیوانی هەمە لایەنە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاونانی پتر بەرەوپێشەوە پێداگری کردەوە.

No comments: