Archive

Wednesday, December 1, 2010

عاره‌ف باوه‌جانی: کوا لایەنەکان گۆی لە قسەی ئێمە مانان دەگرن کە تازە دامەزراوین.

وێنە: عارەف باوەجانی

ڕه‌حیم ڕه‌شیدی
1. بە باوەرى ئێوە، هەنووکە هۆکارى سەرەکى پێک نەهاتنى بەرەى کوردستانى لە کوردستانى ئێران چییە؟
وڵام: هۆکارەکەی ئاشکرایە کە چەند لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێۆ خۆیاندا لە سەر دابەش کردنی دەسەڵاتی بەرەو بە قسەی خۆیان دوارۆژی رۆژهەڵاتیش ڕێناکەون. دیارە ئەو لایەنانە، لە پاش ئەوەی کە پێکەوە ڕێنەکەوتن بۆ خۆشیان ئەو ڕاستییەیان ئاشکرا کردو هەر یەکەو ئەوی دیکەیان تاوانبار کرد لەوەی کە لە شێوەی پێکەوە کارکردن نەیانتوانیوە یەکتر ڕازی بکەن، هیندێک داوای دەسەڵاتی٥٠% دەکەن‌و هێندێک دەڵێ نا با من زیاترو تۆ کەمتر، ئیدی حیساب بۆ دەیان حیزبی دیکە ناکەن کە ئەوانیش بوونیان هەیە لە نیۆ گۆرەپانەکەدا. بە قەوڵی خۆیان هەر کام لەوانە وەک بەش‌و خێر پێکردن چەند لایەنێک بۆ خۆیان ڕادەکێشێن. من پێم وایە ئەگەر ئەو لایەنانە لە نێۆ خۆیان ڕێکەون کۆسپی دیکە نابینرێت بۆ دروستکردنی بەرە.

2. ئەدى هاوکارى‌و کۆدەنگیەکى گشتیى بۆ وڵامدانەوە بە پرسگەلێک کە کەم‌و زۆر پێوەندیدار بە هەموانەوەیە بۆ سەر ناگرێ؟
وڵام: ئەوەش هەر دەگەرێتەوە بۆ ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە باسم کرد. دیارە زۆر بابەتی گرنگ هەیە کە پێویستە وەک کۆدەنگی وڵامی بدرێتەوە، نموونە لێدوانی ئەم دوایەی کۆنسۆڵی ئیرانی لە هەولێر کە باس لە گەرانەوەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بۆ ئێران، لە سێدارەدان‌و بەند کردنی بەردەوامی رۆڵەکانی کورد، یا ڕووداو تەقینەوەکانی مهابادو سەقزو سنە، سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان، زۆر بابەتی دیکە کە پێویستی بە کۆ دەنگییە، بەڵام مخابن زۆر لە لایەنە کوردییەکان دەسەڵاتی خۆیان زۆر لا گرنگترە تا ئەو کارەساتانە. ئیدی ئەوە هۆکارە سەرەکییەکەیە، ئەگەر ئەو لایەنانە ئیستاش بیانەوێ خەمێک لە دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخۆن‌و بیر لە کەم‌و زیادی دەسەڵاتی خۆیان نەکەنەوە دەتوانن بە ئاسانی بەرەی کوردستانی پێکبێنن.

3. پێتان وایە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە هەل‌و مەرجێکدان کە ئەگەر ئاڵوگۆرێک لە ئێراندا بێتە ئاراوە، بتوانن هەلەکە بە قازانجى ماف‌و ئازادییەکانى خەڵکى کوردستان بقۆزنەوە؟.
وڵام: وەک ئەوەی کە ئیستا دەیبینین دەبێت بڵێم نا بە داخەوە، هیچ ئامادەکاری‌و دڵخۆشییەک نابینم بۆ دوا ڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن هەلەکانی دوای نەمانی ڕێژیم بقۆزنەوە بۆ سەربەخۆیی یا هەرجۆرە دەستکەوتێکی دیکە بۆ پاراستنی ئەمن‌و ئاسایشی ناوچەکانی کوردستان. بگرە ئێمەش لە رۆژهەڵات زۆرناوچەی کێشە لەسەرمان هەیە کە بە هۆی نەبوونی کۆدەنگییەک کەس باسی لێوە ناکات، کە بۆ دوا رۆژ چ روودەدات یا چۆن بتوانین کێشەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر بکەین. بە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر حکومەتی داگیرکەری ئێران برۆخێت چاوەڕوانیەکی زۆر مەترسیدار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێت. هەر لایەنەو خۆی ئامادە کردوە کە کۆنترٶڵی ناوچەیەک بۆ خۆی بکات، مەترسی شەری براکوژی زۆر لە ئارادایە، چوون لەم ساڵانەی ئاخر ژمارەی لەتبوونی لایەنە کوردییەکان زیادیان کردوە، ئەوەش هۆکاری لێکدان‌و لێک قبووڵ نە کردنی ئەو لایەنانەیە.

4. لە بارودۆخى ئێستادا، پرش‌و بڵاویى رێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستى نێوخۆیى‌و دەرەوه‌دا چ مەترسیگەلێکى پێکهێناوە؟.
وڵام: مەترسی گەلێکی زۆرن، وەک مەترسی نەبوونی کۆدەنگی لە ئاست فرت‌و فێلێ ناشیونالیستە ئێرانییەکانی دوارۆژ، مەترسی شەری براکوژی، مەترسی تاڵانی مڵک‌و ماڵی خەڵک‌و پێداویستییەکانی کاروباری حکومەت. نە پاراستنی ئاسایشی دوارۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان، دزە کردنی تروریستی‌و گروپی جۆراوجۆر بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەستێوەردانی دام‌و دەزگا جاسوسیەکانی وڵاتانی دژە کورد. مەترسی شپرزەیی ئابوری لە نێۆ کوردستان کە خەڵکەکەمان بەرەو هەژاری‌و نەدار ببات، ئیدی ئەو کات کارەساتی چاوەڕوان نەکراو ڕوو دەدات. ئەگەر ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات یەکگرتووانەو دڵسۆزانە بگەڕێینەوە نێۆ خاکی خۆمان، باشترین سەرەوەت‌و سامانمان هەیە هەر لە ئیلامەوە تا ماکۆ کە دەتوانین بە باشی ژیانی خەڵکی کوردستانی پێ ببوژێنینەوە. بەڵام ئەگەر وەک ئیستا بێت ڕوون‌و ئاشکرایە کە دوا ڕۆژ چیمان بە سەر دێت، ئایا کاتی نەهاتووە بیر لەوە بکەینەوە.

5. قازانجەکانى پێکهاتنى بەرەى کوردستانى، یان کۆدەنگیەکى هەمەلایەنە لەنێو رێکخراوە سیاسیەکاندا بۆ پرسى سیاسى کورد لە ئێراندا چییە؟.
وڵام: ئەگەر کورد لە کاتی گەرانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە لە پاش نەمانی ڕیژیمی داگیرکەری ئێران، بە یەکدەنگی‌و یەک گوتاری بگەرێتەوە। دەتوانێ خاوەنی یاسایەکی کاتی بێت کە ئەمن‌و ئاسایشی ناوچەکانی کوردستان بپارێزێت، دەتوانێ هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان پێک بێنێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان، دەتوانێت بە پێێ ئەو یاسا کاتییە دامودەزگاکانی پزشکی‌و ئیداری‌و خۆێندنگاکان‌و ڕێگاوبان‌و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵك بە شێوەیەکی باش وەگەر بخاتەوە. بەرگری لە هەر جۆرە مەترسییەکی ڕەشەکوژی‌و شەری براکوژی بکات. ڕێگا بگرێت لە هاتنە ناوەوەی تروریست‌و نەیارانی کورد بۆ سەر ناوچەکە.

6. باشە پێتان وانییە سەرەڕاى هەموو جیاوازیەکان، کۆمەڵێک خاڵى هاوبەش لە نێوان هەموواندا هەیەو پێویستە لەبەر قازانجى گشتیى لەسەر ئەو خاڵانە رێکبەکەون؟.
وڵام: بێگومان زۆر خالی هاوبەش هەن کە جیاوازن لە شێوەی بیر کردنەوەی ئایدولۆژی سیاسی حیزبەکان، نموونە ئێمە کە بیر لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکەینەوە، لایەنی دیکە بیر لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانی فیدراڵی دەکاتەوە. بەڵام بوونی هێزێکی یەکگرتووی وەک پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کارێکی بەو جیاوازی بی رکردنەوەی سیاسی لایەنەکانەوە نییە، یا دامەزراندنی مامۆستاو پزشک‌و پۆلیسی شارو ڕێگاو بان‌و دەیان ناوەندو بنکەی خزمەتگوزاری جۆراوجۆرەکاری بە جیاوازی ئایدولۆژیاوە نییە، بۆیە قازانجی یەکدەنگی‌و لە یەک نزیکی زۆر لە کێشەکانی کوردی پاش نەمانی دەسەڵاتی ناشیونالیستی فارسی‌و ئێرانی چارەسەر دەکات.

7. پاش چوونەوە وڵات، بەو کولتورە سیاسیەى ئێستا لە نێو رێکخراوە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ئارادایە چەندە مەترسی شەری نێۆخۆیی بە شێلگیر دەزانن؟
وڵام: وەک لە سەرەوە باسم کرد مەترسییەکان ئاشکراو بەرچاون، پێویستە ئەو لایەنە کوردیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوە دڵخۆش نەبن کە پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدی کێشەیان لەگەڵ تاران نامێنێت، من پێم وایە کێشەکانمان ئەو کات زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمجار بە ناوی ئێرانێکی فیدراڵ‌و گوایە وڵاتی هەموومانەوە خاکەکەمان باشتر داگیر دەکەن‌و مافەکانمان زیاتر پێشێل دەکەن، هەمان کات واژۆشمان پێدەکەن چیدیکە دەنگمان لە دەرەوە بڕ نەکات واتە کارێک دەکەن کە کوردیش دەنگ بەو دەستورە بدات لە تاران دیاری دەکرێت. چوون هەر ئەو لایەنانەی کە بەشێک لە حیزبە کوردییەکان ئیستا دڵیان پێیان خۆشەو وەک فریشتەی دوارۆژ سەیریان دەکەن‌و تەلەفزوین‌و ڕاگەیاندنەکانی خۆیان خستووەتە ئیختیاریان، هەر ئەوانەشە دەبنە چاوساخی دوارۆژمان، جا وەی بە حاڵمان؟.
ئێمە دەبێت هێزو تواناو ئینیرژیمان بۆ شەری سیاسەت بێت لەگەڵ تاران نەک لە نێۆ خۆمان، ئێمە دەبێت چیدیکە وەک هێزو نەتەوەییەکی زەعیف خۆمان نیشان نەدەیەن‌و چاوەڕێ نەبین لە تارانەوە بریاێکی چاک یاخرابمان بۆ دیاری بکەن، با ئێمە یەکدەنگ‌و یەک گوتار کرماشان بکەین بە ناوەندی بریاردان، با ئەوان ناچار بکەین بێنە کرماشان بۆ دیالۆگ لەگەڵمان. کێشەی کورد لە دوارۆژ هەر ئەوە نییە فڵان سکرتێری فڵان حیزب کە خۆی ئامادە کردوە ببێتە وەزیرێک لە ئێران‌و خۆی‌و کەس‌و کاری دەوڵەمەند بکات، کێشەی ئێمە کێشەیەکی نەتەوەییە. کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکە کە چاوەڕوانی سەربەخۆیی دەکات لە پاش ڕووخانی ئەم ڕێژیمە داگیرکەرە. هەروەک نەتەوەکانی دیکەی بندەستی ئێران هەموو خۆیان بۆ سەربەخۆیی یەکجاری ئامادە دەکەن، بێجگە لەبەشێ لە حیزبە کوردییەکان نەبێت دەنا ئیستا دەبینین کە ٨٠% لایەنە سیاسییەکانی نەتەوە بندەستەکان هەموو شوعاریان سەربەخۆییە بۆ گەلەکەیان، وەک بەلوچەکان، عەرەبەکانی ئەحواز، تورکمەن سەحرایی‌و تورکی ئازەری.
ئیستا بۆ نموونە کاک ڕەحیم چەند کۆمەڵەیی‌و ٢ حیزبی دیمۆکرات‌و زۆر لایەنی دیکەش کە دژی یەکن، ئەمە بە ئاشکرا زەنگی مەترسیدار بۆ شەری براکوژی لە دوارۆژ لێ دەدات، ئیدی هەموو دەستکەوت‌و ئاواتەکانمان لەگەڵ خەم‌و گله‌یی خەڵک تێکەڵ دەبێت. کە وابێت باشتر وایە پێش لە نەمانی ئەم ڕێژیمە بیر لە نەمانی ناکۆکی نێوانمان بکەینەوە. دیارە ئەو مەسەلەش هەموومان باش دەیزانین، ئێ مادام هەموومان دەزانین دوارۆژ چ روو دەدات ئەی بۆ بیر لە چارەسەریەکەی نەکەینەوە؟. لەوانەیە ئیستا بە قسە بڵێن شتی وا نابێت بەس بە ئاشکرا دیارە کە دەبێت.

8. ئێوە بۆ ئەوەى شەڕى نێوخۆیى دروست نەبێ چیتان کردوەو لەم بەستێنەدا چ پرۆژیەکتان هەیە؟
وڵام: ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنمانەوە تا بەستنی کۆنگرەی یەکەممان‌و پیلۆنۆمی دووەمیش هەمیشە بانگێشەی شێوە لێک نزیکبوونەوەی لایەنەکانی کوردستانیمان کردوە. وەک تازەترین پرۆژەمان کە لە پیلۆنۆمی دووەم پەسەند کراوە، پێکهێنانی کۆبوونەویەکە لە ژێر ناوی (دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ دوارۆژی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە بە نیازین بانگی چەند کەسایەتییەکی ئوروپایی‌و ئەمریکایی دۆستی کورد بکەین، بۆ ئەوەی وەک شایەتحاڵ‌و دڵسۆزانە نێوبژی ئەو لایەنانە بکەن کە لەیەک عاجزن، بۆ ئەو ئەرکە گرنگ‌و پیرۆزەش ئیستا سەرقاڵێن‌و بزانین تا چەند مانگی دیکە ئامادەکاری‌و ئاسانکاری بۆ جێبەجێ دەکەین.

9. چەندە باوەڕتان بە ئازادى هەڵسوڕانى سیاسى هەیە، ئامادەن لە داهاتوودا بۆ چارەسەرى کردنى گرفت‌و ئاستەنگەکان پەنا بۆ چەک نەبن؟
وڵام: ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان چەک بە وەسیلە نازانین بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، ئێمە پێمان وایە دانیشتنی سەرمێز دەتوانێت ئامرازی باش بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر بۆ گشت کێشە ناخۆییەکانمان. چە‌ک‌و تووندوتیژی زیاتر ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوەو خەڵکمان بێزارو نا ئۆمێد دەکات، دەبێت ئێمەی بە ناو سیاسی‌و خەمخۆر بیر لە خۆشحاڵ کردنی خەڵکەکەمان بکەینەوە، وەک حیزبەکانی ئوروپایی کە هەمیشە لە بیری شاد کردنی خەڵکیاندان. نەک هەمیشە بە شەر سیناریۆکانمان پێشانی خەڵک بدەین. بەڵام با چەکەکانمان وەک هێزێکی پوختەی وڵاتپارێز بۆ پاراستنی سنوورو دەستکەوتەکانی دوارۆژمان بە کار بێنین.

10. باشە ئەگەر وایە بۆچى دەسپێشەخەرى ئەو ناکەن تاکوو هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە رێبکەون کە نابێ هیچ لایەنک بۆ بڕینەوەى کێشەکانى لەگەڵ لایەنێکى دیکە دەست بۆ چەک بەرێ؟
وڵام: وەک ئەرزم کردی ئێمە ئیستا بەو پرۆژە گرنگەوە خەریکین، دەمانەوێ تا چەند مانگی دیکە ئەو کارە جێبەجێ بکەین، یەکێک لە هەنگاوەکانمان پێش دەستپێکردنی پرۆژەکە ئەوەیە لەگەڵ هیندێک دۆستی کورد پرۆژەکە باس بکەین، پاشان لە بەشداری کردنی لایەنەکان دڵنیا بین. ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین، بەس کاک ڕەحیم کوا لایەنەکان گۆی لە قسەی ئێمە مانان دەگرن کە تازە دامەزراوین. بە داخەوە ئەوان لە پرۆژەی لایەنی تازە دامەزراو بەشداری ناکەن‌و خۆشیان ئامادە نین شتێکی وا دروست بکەن کە بۆ خەڵک‌و هەموو لایەک کەڵکی هەبێت.

ژیاننامه‌ی به‌رێز عارەف باوه‌جانی، سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان:
شۆین‌و ساڵی له‌ دایکبوون؛ ٤ی نه‌ورۆزی ٢٦٧٣ی کوردی واتە ١٩٧٣ی زایینی، لە گوندی به‌رکوڕی سه‌لاسی باوه‌جانی، سه‌ر به‌ پارێزگای کرماشان.
له‌ ته‌مه‌نی٧ ساڵیدا واته‌ له‌ ساڵی١٩٨٠ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ هۆی شه‌ڕی نێوان ئێراق‌و ئێرا‌ن‌و شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ کورده‌کان، ئاواره‌ی ناوچه‌کانی باشوری کوردستان ده‌بن، له‌ ساڵی ١٩٨٢ له‌ لایه‌ن حکومه‌تی ئێراقه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ ئۆردوگای زۆره‌ملێی ئه‌ڵتاش. هه‌ر له‌ ئۆردوگای ئه‌ڵتاش‌و له‌ ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه‌ هزری کوردایه‌تی له‌ مێشکی عارف‌دا په‌روه‌رده‌ ده‌بێت، ساڵی ١٩٨٦ ده‌چێته‌ نێۆ ڕیزه‌کانی حدکا، به‌ڵام له‌به‌ر که‌م ته‌مه‌نی وه‌ریناگرن‌و ده‌ینێرنه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٨ده‌چێته‌وه‌ نێو ڕیزه‌کانی حدکا، له‌به‌ر که‌می ته‌مه‌نی بۆ ماوه‌یەک له‌ یه‌کێتی لاوانی حدکا ده‌بێت، پاشان بۆ ماوه‌ی ٤ ساڵ وه‌ک پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕیزه‌کانی حدکادا خه‌بات ده‌کات.
له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی‌‌و له‌ رێگا‌ی کۆمیساریایی به‌رزی په‌نابه‌ران ده‌گه‌نه‌ وڵاتی نۆرویژ، ناوبراو‌ له‌ ماوه‌ی ژیانی له‌ وڵاتی نۆرویژ به‌ گه‌رمی سه‌رقاڵی خۆ پێگه‌یاندن‌و ناساندنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌بێت له‌م وڵاته‌دا، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌چێته‌ ڕیزی یه‌کێک له‌ پارته‌کانی وڵاتی نۆرویژ به‌ ناوی "پارتی سوسیال چه‌پی نۆرویژ"، هه‌ر له‌ لیستی ئه‌و پارته‌دا له‌ ساڵی 2003 تا 2007 وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆرویژ هه‌ڵده‌بژێردرێت، هه‌روه‌ها له‌م چەند ساڵەی ژیانی‌دا له‌ وڵاتی نۆرویژ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌تی بێوچان به‌ کێشه‌ی کوردو په‌نابه‌ره‌کانی ناو وڵاتی نۆرویژ، ئۆردوگای ئه‌ڵتاش‌و کورده‌کانی ئاواره‌ له‌ تورکیاو وڵاتانی ئێراق‌و ئۆردون‌.
ساڵی ٢٠٠٦ وێرای چه‌ند هاوبیرێکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستانی وە‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی‌و سه‌ربه‌خۆ خواز بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زراندوه‌.
ناوبراو ئێستا سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستانه‌، ئه‌م حیزبه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان تێده‌کۆشێ...

No comments: