Archive

Wednesday, December 29, 2010

جه‌ماڵ پوورکه‌ریم: منداڵی کورد به‌ سیاسیی له‌ دایک ده‌بێ.

وێنه‌: جه‌ماڵ‌و ئه‌وین پوورکه‌ریم، شلێر ده‌روێشی

ڕه‌حیم ڕه‌شیدی
1. کەنگێ نێوخۆى وڵاتت بە جێهێشت؟
زستانى ساڵى 1383ی هەتاوى پاش ئازادکرانم لە زیندانى ئیتلاعاتی بانە بە زەمانەت ڕۆژهەڵاتى کوردستانم بەرەو باشوور بەجێهێشت.
بە هۆى چالاکى سیاسیی‌و ئەندامیەتى حیزب‌و کار کردن لە تەشکیلاتى نهێنى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا کە ماوەى 7 ساڵ بوو کارى نهێنیم دەکرد، لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارى بانە لە ڕۆژى 26ى سەرماوەزی ساڵى 1382ی هەتاوى بۆ ماوەى مانگێک لە گرتووخانەى ئیتلاعات ڕاگیرام، دواتر بە دانانى زەمانەت بە شێوەى کاتى‌و بە بێ ئەوەى ئیزنى چوونەدەر لە شارم هەبێ تا کاتی دادگایی ئازاد کرام، منیش لە سەر داواى خۆم‌و بە پێی بڕیارى بەشى تەشکیلاتى حیزب پاش ئازادبوونم لە ڕێگەى دۆستانى تەشکیلاتى نێوخۆ توانیم دەرباز بم‌و خۆم بگەیەنمە باشووری کوردستان، کە بە هۆی وه‌رزی زستان‌و سەختی ڕێگا ناچار ماڵ‌و منداڵم بە جێهێشت کە دواتر بە هەوڵ‌و هیممەتی دۆستانی حیزب پاش 3 مانگ توانیم لە باشوورى کوردستان بە دیداری بنەماڵەکەم شاد ببمەوە، پێویستە بڵێم ئەو ئیتیهامانەى وەپاڵم درابوون بریتی بوون لە:
1. هاوکاری کردنی کۆمەڵى فەرهەنگیی سۆماو دەرس وتنەوە بە زمانى کوردى.
2. چالاکى تەبلیغى بە دژى ڕێژیم‌و قسەکردن بۆ خەڵک لە ئاواییەکانى شارى بانە.
3. ئەندامیەتى لە حیزبى دێموکراتی کوردستانى ئێران‌دا.
4. بڵاوکردنەوەى کتێب‌و بڵاوکراوەکانى دژ بە ڕێژیم.

2. چۆن بوو کە تێکەڵ بە کارى سیاسیی بووى؟
تێکەڵ بوونى کورد بە کارى سیاسیی لە ڕاستیدا بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ شوێن‌و ئەو جێگەیەى لێی لە دایک دەبی، بێگومان شارى مهاباد وەک بنکەیەکى سیاسیى‌و سەرهەڵدانی شۆڕش ئەویش بە تایبەتى دامەزرانى حیزبی دێموکرات لەم شارەو کۆمارى کوردستان، هەمووی ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەوەى منداڵى کورد بە سیاسیی لە دایک ببێ.
هەڵبەت بە گشتیی لە هەموو کوردستان بە هۆی چەوسانەوەو دژایەتى به‌رده‌وامی ڕێژیم لەگەڵ کورد خود بە خود کورد بە سیاسیی لە دایک دەبێ بەڵام حەزی من لە کارى سیاسیی‌دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوسەردەمانەى کە تەمەنم 10،12، ساڵانە دەبوو.
بابم لە لایەن جاشێک بە ناوى (تاهیر شکاک) درایە بەر دەسڕێژی گووللەو بە بریندارى گەیەندرایە نەخۆشخانە، بۆ سبەینێکەى هەواڵەکە لە ڕادیۆ دەنگى کوردستانی ئێران، بە دەنگى کاک ئەحمەدى شێربەگى بڵاوکرایەوە، کە هۆگریم زۆر بە دەنگى هەبوو، هەر بۆیە بەردەوام لاسایی دەنگى ئەوم دەکردەوەو ئەوە یەکەم هاندەرم بوو بۆ هۆگریم بە حیزب‌و ئازادیی وڵاتەکەم، لە لایەکى دیکەشەوە بە ڕاستی سروودەکانى هونەرمەند ناسرى ڕەزازى کاریگەرى لە سەر من بو.
لە ساڵى 1376ەوە تاکوو ساڵى 1382 وەک تەشکیلاتی نهێنى لە ناو خۆ کارم کردووەو دواتر ماوەیەک وەک پێشمەرگە لە ناو ڕ یزەکانی حیزبی دێموکڕات‌دا ئەرکى پێشمەرگایەتیم بە جێهێناوەو بە گشتی تێکەڵ بوون بە کارى سیاسیم لەو دەمەڕا گەشەى کرد کە تێکەڵ بە کارى ئەدەبی‌و هونەرى بووم‌و هەستم بەوە کرد کە نەتەوەکەم لە بوارى هونەرى‌و ئەدەبییەوە لە لایەن ڕێژیمەوە دەچەوسێتەوە.

3. ئەو کارانەى کە لە وێ وەک ئەرکى ڕێکخراوەیی دەتکردن چ بوون؟
ئەندامەتى لە گرووپی ئاگرینی مهاباد بۆ دۆبلاژى فیلم‌و کارتۆنی کوردى بۆ منداڵان بۆ ماوەى چوار ساڵ، نزیکەى 7 ساڵ وەک ئەکتەرو یاریدەدەرى ئامادەکارو نووسەر لە تەلەفزیۆنى مهاباد، ئەندامى ئەنجومەنى ئەدەبیی مهاباد بۆ ماوەى 3 ساڵ، بەرپرس‌و دەرس وێژو دامەزرێنەرى کۆمەڵى فەرهەنگیی سۆما لە شارى بانە بۆ ماوەى 2 ساڵ، نووسەرو بەرپرسی حەوتوونامەى "دەنگى کۆمەڵگە" لە بانە بۆ ماوەى یەک ساڵ، نوێنەرى حەوتوونامەى "پەیامی خه‌ڵک" لە بانە بۆ ماوەى یەک ساڵ، لێپرسراوى هونەریی، دەرهێنەرو ئامادەکار لە تەلەفیزیۆنى "گەلى کوردستان" لە ڕانیە بۆ ماوەى 2 ساڵ، بەرپرسی بەشى مۆنتاژ، ئامادەکارو دەرهێنەر لە لقی تەلەفیزیۆنى "زاگرۆس" لە ڕانیە بۆ ماوەى نزیک به‌ 2 ساڵ، بەرپرسی بەشی هەواڵ لە "کوردکاناڵ" بۆ ماوەى دوو ساڵ.

4.کەنگێ‌و چۆن تێکەڵ بە کارى ڕاگەیاندن بوویت؟
لە ساڵى 1374دا بۆ یەکەم جار بڕوانامەى شانۆو کارگەردانیم لە ئەنجوومەنى سینەمای جەوانى ئێران وەرگرت، هەر بە پێى ئەو بڕوانامەیە لە تێستێک‌دا کە بۆ وەرگرتنى کارمەند بە شێوەى (حق الزحمەاى) بۆ ڕادیۆو تەلەفزیۆنى مهاباد داندرابوو بەشداریم کردو بە هۆى ئەو مەدرەکەى لە شانۆو سینەمادا بووم، وەک کەسێکى ڕۆژکار دامەزرام، لە ساڵی 1374 تا کوو ئێستا هەروا لە کارى ڕاگەیاندن به‌رده‌وام بووه‌.

ژیاننامه‌ی هێژا جه‌مال پوورکه‌ریم:
جەماڵ پوورکەریم ساڵی 1356ی هه‌تاوی لە دایک بووەو قۆناغەکانى سەرەتایی‌و دواناوەندی لە ڕشتەى ئەدەبیاتدا لە شارى مهاباد تەواو کردووە. ماوەى 15 ساڵە لە بوارى ڕۆژنامەنووسی‌و ڕاگەیاندندا کار دەکا، کۆمەڵێک چالاکی فەرهەنگى‌و هونەرى بەڕێوە بردووە.
ماوەى 6 ساڵ لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنى مهاباد کارى کردوە، ئەندامێکى چالاکى ئەنجوومەنى ئەدەبیی مهاباد بووەو خاوەنی بڕوانامەى شانۆو فیلمسازییە لە ئەنجوومەنى سینەمای جەوانى ئێران، لە بوارى فیلم سازیدا کۆمەڵێک بەرهەمى هه‌یه‌. دەیان فیلم‌و کارتۆنى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى‌و کتێبێکى لە سەر ڕێنووسی کوردى بە ئەلفوبێی عەرەبی‌و لاتین ئامادەکردوە، دامەزرێنەر، بەرپرس‌و مامۆستای فێرگەی زمانى کوردى "سۆما' لە شاری بانە بوە، هەروەها بەرپرسی حەوتوونامەیەکى کوردى_فارسی بووە بە ناوى "دەنگى کۆمەڵگا"، ماوەیەکیش نوێنەری حەوتوونامەى (پیام مردم) لە بانەو پارێزگای ورمێ بووە، لە بوارى نووسین لە گەڵ کۆمەڵێک لە بڵاوکراوەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکارى کردوە، هاوکات وەک ئەندامێکى تەشکیلاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانى ئێران لە شارى مهابادو بانە چالاک بوە.
رۆژی 26ی سەرماوەزى ساڵى 1382ی هەتاوى، ماوەى مانگێک لە لایەن ئیتلاعاتى ڕێژیم لە شارى بانە زیندانی دەکرێ، پاش ئازادبوونى بە زەمانەت، له‌ ژێر گوشارەکانى ڕێژیم‌دا روو لە باشوورى کوردستان دەکاو ماوەى چوار ساڵ لە باشوور لە تەلەفزیۆنەکانی "گه‌لی کوردستان"،و "زاگرۆس" لە ڕانیە خەریکى کارى ڕاگەیاندن بوه‌.
دواتر بۆ ماوەى 2 ساڵ لە "کوردکاناڵ" وەک بەرپرسی بەشی هەواڵ‌، هه‌روه‌ها بێژەر کار دەکاو دوو فیلم بە ناوەکانی گەلاوێژو ملوانکە بەرهەم دێنێت، ئینجا لە سەرەتای ساڵى 2010 ی زایینیەوە وەک ڕۆژنامەوان لە لایەن رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ده‌هێندرێته‌ فه‌ڕانسه‌‌و هه‌نووکه‌ وێرای بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ شاری پاریس ده‌ژی.
تێبینی:
بۆ باس یان ره‌خنه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌م ئی‌مه‌یله‌ پێوه‌ندی بگرن.
info@rahimrashidi.com

وێنه‌: جه‌ماڵ پوورکه‌ریم

No comments: