Archive

Monday, December 6, 2010

عوسمان جەعفەری: لایەنگەلێکی پشتی پەردە دژی یەکگرتوویی‌و پێشڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردن لە خۆرهەڵاتی کوردستان.

وێنە: عوسمان جەعفەری

ره‌حیم ره‌شیدی
1. بە باوەڕی ئێوە، هەنووکە هۆکاری سەرەکیی پێک نەهاتنی بەرەی کوردستانی لە کوردستانی ئێران چییە؟
عوسمان جەعفەری: لە ڕاستی‌دا من پێموایە شتێک لە ژێرناوی هۆکاری سەرەکیمان نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک هۆو هۆکار هەیە کە هەر یەک لەوان بیانوو کێشەی یەکێ لەو لایەنەکانن کە بەتەمان بەشداری ئەم بەرەیە بن یا ئەم بەرەیە پێک بێنن. بۆیە هۆکان لای لایەنێک بۆ لایەنێکی دیکە جیاوازیی هەیە. پێشم وایە ئەم هۆکارانە هەمان هۆکار گەلێکن کە لە ڕابردووشدا هەبووەو ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام ڕەنگە بە تۆزێ ئەملاوئەولا کەمڕەنگ‌و پڕڕەنگ کرابێتەوە. بۆ ئەمەش پێم باشە ئاماژە بە مێژوویەکی بەرەی کوردستانی بکەم کە ئێمەش وەکوو "یەکێتیی دیموکراتی کوردستان" لەم مێژووەدا بەشدار بووینە. دوای ئەوەی ئێمە وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی لە ساڵی 2005 پێمان نایە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانەوە، دوو جار هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دراوە، یەکەمیان دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2006 کە دوکتۆر سامان شاڵی {سه‌رۆکی ئه‌و کاتی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ ئامریکا} بۆ پێکهێنانی بەرە هەوڵێکی زۆری‌دا، بەڵام بەرە سەری نەگرت‌و، ئەو کات کە هێشتا حیزبەکانی کۆمەڵە‌و دیموکرات تووشی ئینشیعاب نەببوون‌و دەوری سەرەکییان لە پێکهێنانی بەرەدا دەگێڕا، هۆکەیان گەڕاندەوە بۆ بەشدار نەبوون یا بەشدار بوونی هەندێ ڕێکخراوی‌تر، بۆیە من پێموایە ئەوە کێشەی سەرەکی‌و چاوگی مەسەلەکە نەبوو. وێڕای ئەمانەش پرۆسەکە جۆرێ خۆی دەنواند کە تەنانەت ئەگەر لەو ساڵەدا بەرە پێک بهاتبایە، بەرەیەکی سنوردارو ناکۆک دەبوو.
دواتریش لە ساڵی 2008 یشدا، هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرە وروژایەوە، ئەمەش لە کاتێکا کە بەداخەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌و کۆمەڵە گیرۆدەی کێشەی ناوخۆیی هاتبوون‌و لە ئەنجامدا تووشی دابڕانیش ببوون. بۆیە دۆخەکە بە نیسبەت ساڵی 2006 زۆر جیاوازتر بوو، یانی ئەو کات ئەگەر حیزبەکان لە ڕووی مەسایلی ناوخۆییەوە بە دیسیپلین‌و یەکپارچەتر بوون، بەڵام زەمینە‌و زەرفیەتی ئەوە نەبوو کە بەرە پێک بێ، کەچی لە ساڵی 2008دا بە شێوەیەکی ڕیالیتە ناکۆکی‌و شەڕی ڕاگەیاندنی‌و...تاد لە نێوان باڵە دابڕاوو ئینشیعابییەکان‌و با بڵێین حیزبەکانی دایک لە ئارادا بوو ئەمەش هەلومەرجەکەی هەندێ مەترسیدارو سەخت کردبوو. بەم حاڵەشەوە چەندین‌و چەند دانیشتنی جیددی لە نێوان ئێمە‌و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ ئەم مەبەستە کراو دوو لایەنی دیکەش بە ناوەکانی سازمانی خەبات‌و پارتی ئازادییش بەشدار بوون. ئەم هەوڵە بەڕاستی دەیتوانی هەنگاوێکی کاریگەر بێ بە نیسبەت دەنگدانەوەی یەگجار مەزنی داواکاری‌و ئامانجەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بۆ دەرەوەو، هەمیش دەیتوانی کارتێکردنی لە ئاست ناوخۆدا فرە بەرچاو بێت، هەروەها دەشیتوانی نموونەیەکی بەرهەست ببوایە لە کاری هاوبەش‌و فێربوونی پێکەوە کارکردن‌و یەکتر قەبووڵ کردن کە ڕاهێنان‌و وانەیەکی دامەزراوە کراویش دەبوو بۆ جیلی سیاسیی داهاتوومان لە ئاست حیزب‌و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، بەڵام مخابن ئەم هەوڵەش وەک ئێمە ئەنجامەکەمان پێشتر پێشبینی کردبوو بێ ئەنجام مایەوە، چوونکە بیری هەندێ لە ڕێکخراوەکانی بەشداربوو، زیاتر لەوەی کە سەرقاڵی نەفسی بەرەکە بێت سەرقاڵی شتی لاوەکی بوون‌و، لە ئاکامی دەستێوەردانی لایەنگەلێکی پشتی پەردە کە دژی یەکگرتوویی‌و پێشڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردن لە خۆرهەڵاتی کوردستان، ئەم هەوڵەش ڕێی بۆ هیچ کوێ نەبرد.
بۆ ئێستاش هەمان کێشەگەل هەیەو ڕەنگە هەیتریش هەبێ، بەڵام من ئەو شتانە وەک کێشەی یەکەم‌و سەرەکی نابینم، چوونکە کاتێ ڕێکخراوێک ئیرادەو بڕیاری بە دەست لایەن‌و ڕێکخراوی تر بێ یا مەسەلەن بەشێک بێ لە ڕێکخراوێکی دیکە، ئا لێرەدایە دەبێ لە شتێک ورد ببینەوە. ئەویش فەلسەفەی هەبوون، بیرۆکەو ئەو ئامانجی بناخەییە کە هەر حیزبێک لە سەر ئەو خۆی بنیات ناوە یا بنیاتیان بۆ ناوە. دەبێ لێرەدا ئاماژە به‌وە بکەم کە دوو خاڵ دەتوانێ هەنگێزەی پێکهێنانی بەرە مسۆرگەر بکات.
یەکەم: بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروی هەموو بەرژەوەندییەکانی تر بێ.
دووهەم: هەر حیزبێک ئیرادەی سیاسی بۆ هەر چەشنە بڕیارو پرۆژەیەک بە دەستی خۆیەوە بێ. بەو مانایە کە خودی ئەو حیزبە مەرجەع و چاوگی بڕیاردان بێ.
سەرەڕای ئەمەش من پێموایە لەم دۆخە تەماوییەشدا کە بەڕاستی جۆرێک لە وەستانی سیاسی لە ناو حیزبەکاندا دەبینرێ دوو شت پێش بە پێکنەهاتنی بەرەی کوردستانی دەگرن، یانی ئەم دوو خاڵە جیاوازن لەو دوو خاڵەی کە ئەساس‌و بنەمان لە هەر حیزبێکدا تا بەرە پێک بێت‌و لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، یەکەمین خاڵیان ئەوەیە بەرژەوەندیی حیزبی بە نیسبەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی‌و ئامانجە سەرەکییەکانی‌تر لە ئەولەویت‌و کەمایەتیان. دووهەمیش ئەوەیە هەنووکە حیزبەکان زیاتر لە ڕابردوو لەیەک نامۆ بوون. ئەم نامۆ بوونەش لە دوو شتەوە دێ، یەکیان ئەوەیە هەندێ گۆڕانکاریی کرداری لە هەندێ حیزب بەدی دەکرێ کە لە ئاست خۆیدا سەیروسەمەرەیە‌و ئەمەش بە شێوەیەکی خۆکار حیزبەکانی ئیزۆلە کردووەو پەیوەندی نێوانیانی کەمڕەنگ‌و بگرە بڕیوە. ئەوی تریشیان ئەوەیە لە پاڵ ئەوەشا کە گۆڕانی کرداری هاتۆتە ئاراوە، بیرۆکەی نزیکبوونەوە لە ئەحزابی نەتەوەکانی ترو خۆهەڵواسین بە جەریاناتی‌تر گەشەی کردووەو، ئەمەش سەرنجی ئەوانی (حیزبە کوردییەکان) لە سەر کوردستان‌و ئەحزابی کوردی‌و بەرەی کوردستانی دوور کردۆتەوە. پێم باشە ئەوەش بڵێم کە هەر حیزبێک لە لایەن خۆیەوە دەڵێت کە ئەوان کۆسپی بەردەم پێکنەهاتنی بەرەی کوردستان نین لە کاتێکا لە کرداردا هەموویان کۆسپن لەبەردەم پێکهاتنیدا. بۆیە بە بڕوای من سەرجەم ئەمانە لە ئێستادا کێشە‌و کۆسپی بەردەم پێکهێنانی بەرەی کوردستانین. وەک وتم نەفسی کێشە وەک خۆی ماوەتەوەو هەر جارو بە جۆرێک دەردەکەوێ.

2. ئەدی هاوکاری‌و کۆدەنگییەکی گشتیی بۆ وەڵامدانەوە بۆ پرسگەلێک کە کەم و زۆر پێوەندیدار بە هەمووانەوەیە بۆ سەرناگرێ؟
عوسمان جەعفەری: وەک باسم کرد بەرەی کوردستانییش پەیوەندی بە هەمووانە هەیەو وەڵامێکەو خەڵک لە حیزبەکانی ئەوێ، لەوانەیە گرنگترین بابەتیش بێ، بەڵام مەسایلی کەسی‌و یەکتر قەبووڵ نەکردن‌و ڕانەهاتن بەکاری هاوبەش هۆکارە تا کۆدەنگییش بۆ پرسی گشتیی دروست نەبێ.
لە ڕاستیدا یەک شتی گرنگیش هەیە کە جێی سرنجەو زۆرێک لە هەوڵ‌و ماندووبوونە بێ ئەنجامەکان لەو خاڵەدا تووشی شکست دەبێ ئەویش پەیوەندییە، ئەوەی من تا ئێستا بینیومە ئەوەیە پەیوەندییەکانی ناوبەر ئەحزاب تاکتیکین نە ستراتژیکی، ئەمەش لە کاتێکا کە ئامانجی هەموومان ئامانجێکی ستراتژیکییە. بەڕاستی ئەحزاب بە شێوەیەکی راِست بەرامبەر یەک ناجووڵێن‌و پەیوەندییەکانیان ڕاست نین. ئەم خاڵانە وەک بناخەی کێشەکان دەبێتە کۆسپ تا هەر هەوڵێک پێش لە دەسپێکردن دۆڕاو بێ.

3. پێتان وایە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە هەلومەرجێکدان کە ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا بێتە ئاراوە، بتوانن هەلەکە بەقازانجی ماف‌و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بقۆزنەوە؟
عوسمان جەعفەری: ئەگەر مەبەستت ئێستایە، من زۆر بە لاوازی دەزانم، تەنانەت ئەگەر بارودۆخ وا بێ من پێموایە هەلەکەش کەسی تر دەیقۆزێتەوەو ئەمەش لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نابێ. بەڵام بڕوام بەوەش هەیە کە ئەگەر حیزبەکان بە خاترجەمی‌و نیەت پاکی کۆدەنگییەک ساز بکەن، دەتوانین باشترو شیاوتر لە بارودخەکان سوودمەند بین.

4. لە بارودۆخی ئێستادا، پرشوبڵاویی ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستی نێوخۆیی‌و دەرەوەدا چ مەترسیگەلێکی پێک هێناوە؟
عوسمان جەعفەری: بە داخەوە ئەو هەلومەرجانە زۆر مەترسیداران‌و دوژمنانی کوردو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خۆرهەڵاتی کوردستان زۆر بە سانایی دەتوانن کەڵکی لێ وەرگرن‌و پاروویەکی ئامادەکراوە بۆ ئەوان، چوونکە ئەوان چەندین ساڵ پلان‌و پرۆژەی بەردەوامیان هەبووەو هەیە، بەڵام نەیانتوانی شتێکی لەو شێوەیە بکەن، کەچی ئێستا ئەو دۆخە دروست بووە. دووبارەی دەکەمەوە کە حیزبەکان ئا لەم دۆخەدایە کە بەناچار یا خۆکار لە یەک دوور دەبنەوەو ئەمەش مەترسیدارترین شتە، چوونکە بەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆن لە دەنگ‌و ڕەنگ دەکەوێ‌و ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێ دەبێ چاوەڕێی شتی مەترسیدار بکەین.

5. قازانجەکانی پێکهاتنی بەرەی کوردستانی، یان کۆدەنگییەکی هەمەلایەنە لە نێو ڕێکخراوە سیاسییەکاندا بۆ پرسی سیاسی کورد لە ئێراندا چییە؟
عوسمان جەعفەری: کاتێ بەرەیەک دروست ببێ، دەنگێکی بەهێزتر لە دایک دەبێ، بڕیارەکان بە بڕشتترو بڕاوە ڕادەگەینرێت‌و بە شوێن ئەمەشا جەماوەر گوێداری یەک تریبۆن دەکەن‌و ڕێبازو بەرنامەی خەبات‌و هەموو شتێکیان لەسەر ڕاگەیەنراوی ئەو تریبۆنە ڕێک دەخەن، دەرەنجام ئەوەیە کە یەکگرتووییش لە ئاست خەڵکدا دروست دەبێ‌و ئەمەش یانی بڕینی قۆناغێکی مەزنی خەبات‌و بەسیج کردنی گشتیی‌و ئامادە کردنی خەڵک.
بەڵام ڕوویەکی دیکەی ئەم بەرە یا کۆدەنگییە قورسایی‌و سەنگێکە کە کورد بەرامبەر هەر لایەن‌و بزوتنەوەو ڕێکخراوێکی دیکەی ئێران دەیبێت. بە هەمان شێوەش قورسایی هەڵوێست‌و بڕیارو کرداری ئەم بەرەیە زۆر جیددیتر لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەردەگیرێ.
جا ئەگەر بە نیسبەت پێکهاتنی بەرەی کوردستانی بە شێوەیەکی ریالیتەو وردبین دۆخەکە هەڵسەنگێنین بەوە دەگەین کە هەندێ حیزب هەیە کە بەڕاستی ئەبێ حیزبەکانی‌تر لە گردوکۆی ئەوان کۆ ببنەوەو ئەوانیش دەوری برا گەورەیەک بگێڕن، دەبێ ئەوان لەم مەسەلەیەدا دەسپێشخەر بن، چوونکە ئەوان ئەزمونی کاری سیاسی‌و پێشینەی کاروباری سیاسییان زۆر زیاترەو هەر ئەمەش وا دەکات ئەو ئەرکە پێش لە هەر لایەنێک لە ئەستۆی ئەوان بێ. بۆیە بەراستی ئەگەر لە دێڕێکدا بیڵێم بەرەی کوردستانی یانی یەکدەنگی‌و دەسپێکی پرۆسەیەکی جیاوازی خەبات.

6. باشە پێتان وا نییە سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموواندا هەیەو پێویستە لەبەر قازانجی گشتیی لەسەر ئەو خاڵانە ڕێک کەون؟
عوسمان جەعفەری: ڕاستە منیش دەڵێم جیاوازی هەیە، بەڵام ئایا ئەو جیاوازییانە تیۆریک‌و فیکرین، بێگومان وا نییە، ئەگەر تیۆریک‌و فیکری ببووایە ئەوا دوای چەند دانیشتن کە حیزبەکان بە مەبەستی هاوکاری‌و کاری هاوبەش دەیان کرد دەگەیشتنە کۆکبوون‌و تێگەیشتنی دوو لایەنە، هەر لەو ناکۆکییە فیکرییانە فیکری تازەترو نوێتر دروست دەبێ‌و ئەمەش لەوانەیە ئەنجامێکی باشی تەنانەت لە پێکهاتەی خودی حیزبەکانیشدا لێ بکەوێتەوە. ڕاستە منیش لەگەڵ بۆچوونی ئێوەم، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش‌و گرنگ کە فەلسەفەی هەبوونی ئێمەن هەیە، ئەم خاڵانەش ستراتژیکین‌و هەر ئەمەش وای کردووە تا ناوی هەموومان ئۆپۆزیسیۆن بێ، بەڵام وەک وتم ئامانجەگەلی ستراتژیکی لە کۆڕو کۆبوونەوە جیددیەکانی سەرەوەی بەشێک لە حیزبەکان پێکەوە، زۆرجار هەر باس ناکرێ‌و شتی لاوەکی‌و بۆچوون‌و بابەتی کەم نرخ دەوروژێنرێت.

7. پاش چوونەوە وڵات، بەو کولتوورە سیاسییەی ئێستا کە لە نێو ڕێکخراوە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ئارادایە، چەندە مەترسی شەڕی نێوخۆیی بە شێلگیر دەزانن؟
عوسمان جەعفەری: پێموایە بەم کولتوورەی ئێستا ئەگەری هەموو شتێک هەیە بەڵام، من نازانم‌و کەسیش نازانێ لە داهاتوودا چ ڕوو ئەدات‌و چ گۆڕانکاری گەلێک لە ئاست ئێران‌و حیزبەکان دێتە ئاراوە، یانی ئایا ئێران بە شەڕێکی مەزن لە بنەوە دەڕووخێت‌و حیزبەکان ئەچنەوە بۆ ناخۆ، یا کێ ئەزانی ئایا حیزبەکان کوردستان ڕزگار دەکەن‌و لە کوردستان جێگیر ئەبن، یا بۆنموونە حیزبەکان بە هەبوونی هەمان دەسەڵاتی هەنووکەیی لە ئێران، دەگەڕێنەوە ناخۆو زۆر نموونەو ئەگەری‌تر، مەبەستمە بڵێم هەر یەک لەوانە چوارچێوەی جۆرێک لە چوونەوە وڵات دەسەپێنێت. بەڵام ئەگەر ئەم ئەگەرانە لە بەرچاو نەگرین‌و هیچ گریمانەیەک لەسەر چۆن چوونەوە دانەنێین، دەبێ لەسەر بارودۆخی ئێستای حیزبەکان بگەینە ئەنجام کە ئایا لە داهاتوودا دەیانەوێ چۆن بەرامبەر یەکتر هەڵسوکەوت بکەن کە من پێموایە وەڵامی ئەمەش وردبوونەوەو لێکۆڵینەوە ئیشی پسپۆڕانەی ناوێ‌و دیارە.

8. ئێوە بۆ ئەوەی شەڕی نێوخۆیی دروست نەبێ چیتان کردووەو لەم بەستێنەدا چ پرۆژەیەکتان هەیە؟
عوسمان جەعفەری: پێش لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەتان بدەمەوە منیش دەپرسم شەڕی نێوخۆ بۆچی دەبێ دروست بێ؟ ئەگەر وایە دیارە شەڕی نێوخۆیی وەک نەریتی ساڵانەی لێهاتووەو دەبێ دووبارە ببێتەوە! لەڕاستیا کاتێ شەڕی ناوخۆ بیەوێ دروست ببێت نە پرۆژە پووچەڵی دەکاتەوەو نە پرۆژە پێشی پێ دەگرێ، چوونکە کاتێ کار گەیشتە قسەو باسی شەڕی نێوخۆیی، بێگومان یانی فەرز کراوەو دەبێ بکرێ. ئەمەش نە ئێمە دەتوانین پێش بە ڕوودانی بگرین‌و نە هیچ لایەنێکی‌تر، تەنیا لایەن گەلێک کە دەتوانن پێش بەوە بگرن هەمان ئەو حیزبانەن کە وەک لە پرسیارەکەی بەڕێزتان هاتووە لەوانەیە شەڕی ناوخۆ بکەن. ئێمەش لەم بارەوە تەنیا پێشنیارێکمان هەیە، بەڵام پێش لەوە دەبێ بڵێم ئەگەر جوگرافیای کوردستان‌و ئامانجە گشتییەکان بە شێوەیەکی دامەزراوەکراو ببێتە ئەولەویەتی فیکری ـ کرداری هەر لایەنێک، دڵنیام نەک هەر شەڕی ناوخۆ ڕوونادات بەڵکوو حیزبەکان لە دۆخێکی زۆر دێموکراتیکدا پاڵپشتی یەکتریش دەبن. ئینجا پێشنیار، بیرۆکەو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە بەرەیەکی کوردستانی پێک بێت کە لەودا یاساگەلێکی حوقوقی کە لە ئێستاو داهاتوودا هەموومان پێڕەوی ببین لە لایەن کۆدەنگیی هەموو حیزبەکانەوە بنووسرێ‌و بەشێوەی فەرمیی کاری پێ بکرێ. دواتریش میکانیزمێک پێک بێت لە سەرووی هەموو حیزبەکانەوە بێ، بۆیە کاتێ ئەو حیزب‌و لایەنانەی کە بە نیازن لەو یاسایە لابدەن ئەو میکانیزمە توانایی کۆنترۆڵ کردنی ئەوانی هەبێ، بێگومان ئەم میکانیزمە ئەرکی سەرەکیی ئەوە دەبێ کە ئەوانەی ئەیانەوێ شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنن بخاتە کۆنترۆڵی خۆیەوە. بەڵام پێمان باشترە لە هیچ بارودۆخێکدا هیچ حیزبێکی چەکدار لە کوردستان نەبێ‌و ئەمەش ئەگەری هەر ڕووداوێک تا نزمترین ئاست کەم دەکاتەوە.

9. چەندە باوەڕتان بە ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسی هەیە، ئامادەن لە داهاتوودا بۆ چارەسەرکردنی گرفت‌و ئاستەنگەکان پەنا بۆ چەک بەرن؟
عوسمان جەعفەری: ئێمە خۆمان حیزبێکی سیاسین‌و بڕوای تەواومان بە ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسی‌و فەرەچەشنی هەیە لە هەر هەلومەرجێکدا. بیرۆکەی ئێمەش وەک "یەکێتیی دیموکراتی کوردستان" وەک چرۆیەک لەو ڕێشکە بڕوایەوە ڕواوە. بەڵام بۆ بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان دەبێ بڵێم ئایا ئەو گرفت‌و ئاستەنگە چی‌و چۆن بێ؟ ئەگەر مەبەستتان کێشە‌و گرفتگەلێکن ڕووبەڕووی ئێمە وەک حیزب دەبێتەوە ئەوا دەڵێم بڕوامان بە بەرگریی ڕەوا هەیە‌و ئەمەش بڕوای ئێمەیە‌و بێگومان ئەم هێزەش تەنیا بۆ بەرگرییەو هیچی‌تر، هەر بۆیە ئێمە ڕێگەی چارەسەر کردنی کێشە‌و گرفتەکانمان لەتەک هەر لایەنێک لەسەر دیالۆگ‌و عورفی سیاسیی بنیات ناوەو ئەمەش ڕێبازو بیروبۆچوونی پێکهاتەیی ئێمەیە.
بەڵام ئەگەریش مەبەستتان لە کێشەو گرفت بە دەست هێنانی مافەکانمان وەک گەلی کورد بێ، ئەوە مەسەلەکە جیاوازە، دیسان لەم حاڵەتەشدا ئێمە لەسەر ڕێبازێکی سیاسیی خەبات دەکەین‌و بڕوامان بە خەباتی ئاشتیخوازانە هەیە‌و پێشکەوتنی فیکری‌و زەیینی خەڵکمان زیاتر لە هەموو شتێک لا گرینگە، چوونکە کاتێ ئەوە کرا هەموو داخوازییەکی‌تر دەستەبەر دەبێت. دۆخی شەڕو نا ئارامی هەر دەم کۆمەڵگەی بۆ دواوە بردووەو بە تایبەت لە ئێستادا تەنیا بنەماو پایەکانی کۆمەڵگە تێک دەداو بەرەو دۆخێکی مەترسیداری دەبات. بۆیە ئەو دۆخە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نییەو تەنیا ڕانتەکانی شەڕو بازرگانانی چەکوچۆڵ سوودی لێ دەبەن. بەڵام وێڕای ئەمە، ئەگەر دۆخی ئۆبژەکتیڤ‌و سۆبژەکیتڤ ڕەخسا بۆ ئەوەی بۆ دەستهێنانی مافەکانمان وەک کورد دەست بۆ چەک ببەین، ئێمەش وەک هەر حیزبێکی دیکەی کوردستانی لەو بنەچەیە جیاواز نین.

10. باشە ئەگەر وایە، بۆچی دەسپێشخەری ئەوە ناکەن تاکوو هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە رێبکەون کە نابێ هیچ لایەنێک بۆ بڕینەوەی کێشەکانی لەگەڵ لایەنێکی دیکە دەست بۆ چەک بەرێ؟
عوسمان جەعفەری: کێشەو ناکۆکی هەمیشە هەیە، ئەوە لایەنەکانن دەبێ بەو عەقڵییەتە گەیشتبن کە نابێ بۆ بڕینەوە یا چارەسەر کردنی هەر کێشەو ناکۆکییەک دەست بۆ چەک ببەن یا لە هەوڵی ئەوەدا بن کە سیاسەتی مۆنۆلۆگ بسەپێنن. بۆیە هەندێ مەسایل هەیە بە دوو شێوە چارەسەر دەکرێت، یەکیان وەک وتم ئەوەیە کە دەبێ ئەو لایەنانە بۆ خۆیان بڕوا بەوە بێنن کە چەک چارەسەری ناهێنێت، چوونکە ئەگەر بەڕاستی ئارامی‌و ئاسوودەیی خەڵک‌و ئازادیی‌و پێشکەوتنیان ئەوێ ئەوا چەک هەمووی ئەوانە دەکوژێت. شێوەی دەووهەمیش ئەوەیە کە میکانیزمێکی گشتیی لەسەر هەمووی حیزبەکانەوە هەبێ کە ڕێگەی دەستبردن بۆ چەک بە مەبەستی چارەسەری گرفت‌و کێشە بگرێ‌و هەموو لایەنێکیش پاڵپشتی ئەم میکانیزمەو دژی نەیارانی ئەو میکانیزمە بن.
بەڵام ئەگەریش مەبەست لە لایەنەکان ئۆپۆزیسیۆن‌و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئێمە وەک خۆمان تا ئەو شوێنەی پێمان کراوە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا هەوڵمانداوە تا بیرۆکەی شەڕی چەکداری کەمڕەنگ بکەینەوەو جۆرە خەباتەکانی تر بڵاوە پێ بدەین، کاتێ هەموومان لە ڕووی بڕواوەو نەک تاکتیک، گەیشتن بەوەی کە کۆمەڵگەی ئێمە خەباتی مەدەنی‌و سیاسیی‌و شۆڕشی زەیینی ئەوێ، پێم وایە بە چەشنێکی خۆکار کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ناچارە هەڵوێست‌و کرداری خۆی بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆن بگۆڕێ.

کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر رێزدار مامۆستا عوسمان جه‌عفه‌ری، سکرتێری یه‌کیه‌تیی دێموکراتی کوردستان:
مامۆستا عوسمان جەعفەری، لە ساڵی 1970 لە شاری جوانڕۆ لە دایک بووە. لە ساڵی 1985 کاری سیاسیی وەک چالاکێک دەسپێکردووە. بەکالۆریۆسی ئەدەبیاتی عەرەبی لە زانکۆی سنەو ماجستێری ئیلاهیاتی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە. لە ساڵی 1996 چۆتە ناو پەکەکە. ماوەی سێ ساڵ نوێنەری پەکەکە بووە لە سوریه‌و لوبنان. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پەژاک وەک لقی رۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە، بەرپرسیارێتی دیپلۆماسی لەو رێکخراوەدا لە ئەستۆ بووە. لە دوای هاتنە خوارەوەی لە قەندیل‌و جیابوونەوە لە پەژاک، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی پێشووی لە ساڵی 2005دا "یەکێتیی دیمۆکراتی کوردستان"یان دامەزراندووە. ناوبراو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەژاک‌و یەکێک لە کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی پەژاک بووە، هەنووکەش سکرتێری گشتیی "یەکێتی دیمۆکراتی کوردستان"ی لە ئەستۆ دایە.

No comments: