لە دووهەمین رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، واتە رێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣، "دامەزراوەی جاف بۆ بڕوانامە"، بە مەبەستی رێزگرتن لە کوردەکانی بەشداربووی فێستیواڵ، شەوە خوانێکی پێکهێنابوو. باڵوێزی عەرەبستانی سعوودی و فەلەستین وێرای کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی مەکزیکی لەو ئێوارەخوانەدا بەشدار بوون.
خاڵی جێگای سەرنج ئەوە بوو کە ئاڵای مەکزیک و کوردستان لەسەر مێزی باڵوێزەکان داندرابوو. ئەوان لە وتووێژ لەگەڵ من دا زۆر بە رێزەوە باسی کوردو کوردستانیان کردو پشتیوانی خۆیان بۆ دۆزی رەوای کورد دەربڕی. بە تایبەتی باڵوێزی فەلەسین بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانی لە دۆزی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست کرد و وتی کە کوردەکان شیاوی ئازادی و سەربەستن و دەبێ کوردستان ئی خۆیان بێ...
وەزیری گەشت و گوزارو وەزیری حکومەت قسەیان بۆ بەشداران کردو لە قسەکانیان دا بانگهێشت کردن و بەشداری کوردستانیان لەو فێستیڤاڵەدا بەرز نرخاند. ئەوان پشتیوانی خۆیان بۆ دۆزی رەوای کورد دەربڕی و خوازیاری پەرەگرتنی پێوەندی نێوان مەکزیک و کوردستان بوون.
وتار بێژی سەرەکی دووهەمین رۆژی فێستیڤاڵ، هانا جاف بوو. هانا بە تێروتەسەلی باسی لە هەوڵەکانی کورد لە پێناوی رزگاری دا کردو وتی کە شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە دەکات.
ناوبراو بە وردی ئەوەشی هێنایە گۆرێ کە هەموو هەوڵەکانی بۆ خزمەتی کوردو کوردستان تەرخان دەکات و لە پێناوی بەدەست هێنانی پشتیوانی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئازادی دا، بە پشتیوانی هەموو لایەک تێدەکۆشێ.
No comments:
Post a Comment