Archive

Friday, October 25, 2013

شای ئێران لە ژێر ئاڵای کوردستان دا






بۆ بینینی وێنەی پتر ئێرە بچرکێنە.



رەحیم رەشیدی/ مەکسیک
لە ساتە وەختی بەرێوە چوونی فێستیواڵی کوردستان لە مەکزیک، کوردستانیانی بەشداری ئەو فێستیواڵە، بۆ خواردنی نانی نیوەرۆ دەعوەتی رێستورانی “رۆس لەمەدیۆس” بوون، کە لە نێوەندی شاری کورنەڤاکا هەڵکەوتوە.
کوردان، لە کاتی چوونە ژوورەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک وێنە بە دیواری ئەو چێشتخانەیەوە ڕووبەروو بوون، کە لە نێویان دا، کەسانی وەکوو برژنێسکی، ئاڵبرت کامۆو شای ئێران و چەند کەسایەتی سیاسیی و هونەری مەکزیکی و جیهانی دەبیندران...
هەڵبەت ئەو کەسانە کە پلەو پایەییەکیان بوە، کاتی خۆی چوونەتە ئەو رێستورانەو نانیان خواردوە، هەر بۆیە وێنەکەیان لەوێ داندراوە. بەشێکی بەرچاو لە کوردەکان بە دانانی وێنەی شای پێشووی ئێران لەو شوێنە تووڕە بوون، ئەوان بۆ خاوەنی چێشتخانەکەیان ڕوون کردەوە کە شای ئێران زوڵم و ستەمی زۆری لە کورد کردوە، پێشەوای کورد، قازی موحەممەدو هاورێکانی لە دار داوە، خیانەتی لە شۆرشی ژنراڵ مەلا مستەفا بارزانی کردوە، دەیان روڵەی کوردی ئێعدام کردوەو یەکەمین ئەزموونی دێموکراتیکی رۆژهەڵاتی نێوەراست، واتە کۆماری کوردستانی رووخاندوە...
خاوەنی چێشتخانەکە پاش ئەم قسەو باسە، داوای کرد کە وێنەکە دابگرن و بێزاری خۆی لەو کردەوانەی رژیمی پەهلەوەی دژی کوردو کوردستان دەربڕێ.
کوردەکان پێیان باش بوو کە بە جێگای داگرتنی وێنەی شا؛ کە رەنگە پاش رۆیشتنی ئەوان، لە شوێنی خۆی دایبنێنەوە، ئەوە باشترە وێنەکە بە ئاڵای کوردستان دابپۆشرێ، هەر بۆیە کاوە عومەر بە نوێنەرایەتی ئەوان وێنەی شای ئێرانی کرد بە ژێر ئاڵای کوردستانەوەو ویستیان بەم چەشنە پەیامێک بە هەموو ئەو کەسانە بگات کە زووڵمیان لە کورد کردوە، ئەمەش هێمایەک بێ بۆ ئەوەی کە خەباتی کورد بۆ ئازادی و دێموکراسی درێژەی هەیە.
ئەوەتا لە کاتێک دا شای ئێران گۆڕ غەریبەو پاش دەرکردنی خۆی و بنەماڵەکەی و رووخانی تاج و تەختی لە لایەن گەلانی ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٧٩دا، لە میسر کۆچی دوایی کردوەو گۆرەکەشی هەر لەوێیە.
کەچی کوردەکان لە ساڵی ٢٠١٣دا، بە ناوی کوردو کوردستانەوە، بەشداری لە فێستیواڵی کوردستان لە مەکزیک دەکەن و ئاڵای خۆیان دەشکێنەوەو لەسەر خەبات بۆ وەدیهاتنی ئاواتە دێموکراتیکەکانیان تێدەکۆشن...
شیاوی باسە کە فێستیڤاڵی "تامی مۆرێۆلۆس" ماوەی ٥ ساڵە بە بەردەوامی بەرێوە دەچێت. هەموو ساڵێک وڵاتێک وەکوو میوان بۆ بەشداری لەو فێستیواڵەدا بانگهێشت دەکرێت. ساڵی یەکەمی فێستیواڵەکە، تەرخان کراوە بۆ باس و رێزلێنان لە کولتووری مەکزیک، تاکوو ئێستا وڵاتانی ژاپۆن، پاراگوا، شیلی و کولومبیا، میوانی فەرمیی ئەو فێستیوواڵە بوون.
لەو فێستیواڵەدا، وڵاتی میوان بە چالاکی جۆراوجۆر، باس لە کولتوورو کەلەپووری خۆیان دەکەن و لەو رێگاوە تێدەکۆشن کە خۆیان وەکوو نەتەوەیەک بە مەکزیکییەکان بناسێن. ئەمساڵیش کوردستان بە فەرمیی میوانی ئەو فێستڤاڵە بوە.

No comments: