رەحیم رەشیدی/ مەکزیک
سەر لە بەیانی رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣ی زایینی، کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی، لە شاری کوئرناڤاکە لە ویلایەتی مۆرێۆلۆس، غورفەی کوردستان لە لایەن باڵوێزی لوبنان و هانا جافەوە بە فەرمیی کرایەوە.
ژووری کوردستان کە بە ئاڵای کوردستان و دەیان شتومەکی کەلتووری و کوردەواری رازابوەوە، سەرنجی خەڵکێکی زۆری بۆ لای خۆی راکێشاو بە سەدان کەس بە حەزو خولیاوە سەردانی ئەو غورفەیان دەکرد.
بالوێزی لوبنان لە قسەو باسێک دا وێرای پشتیوانی لە دۆزی رەوای نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، خەباتی خەڵکی کوردستانی لە پێناو ئازادی دا بەرز نرخاند و وتی کە کوردستان خاوەنی کەلەپوورێکی دەوڵەمەندەو کورد شیاوی ژیانێکی باشترە...
هاوکات وەزیری گەشت و گوزاری مۆرێلۆس سەردانی ژووری کوردستانی کردو سەرسامی خۆی بە دەوڵەمەندی کولتوورو کەلەپووری کوردستان دەربڕی و ئاواتی خواست کە سەردانی کوردستان بکات.
پاشان هانا جاف سەرۆکی ناوەندی جاف بۆ زانست و كهمال بێوار، مامۆستاى زانستگاى وهزارهتى بهرگرى ئهمریكا، بە زمانی ئیسپانی و ئینگلیزی لەسەر مێژووی کوردو کوردستان قسەیان بۆ سەدان کەس لە بەشدارانی ئەو فێستیڤاڵە کرد.
دواتر هونەرمەند شەهرووز ئەحمەدی بە پێشکەش کردنی چەند گۆرانی درێژەی بە بەرنامەکەدا. یەکێک لە بڕگە سەرنجڕاکێشەکانی سێهەمین رۆژی فێستیواڵ، گۆڤەندو هەڵپەڕکێی گروپی "ماین زەرد"، بوو کە بە نیشاندانی چەند جۆر هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی کوردەواری، سەرنجی بەشدارانی ئەو فێستواڵەیان بۆ لای خۆیان راکێشا.
شیاوی باسە کە لە نێوجەرگەی شارو لە شوێنی بەرێوەچوونی فێستیواڵەکە، نەخشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان داندرابوو. دەیان کەس بە حەزو خولیاوە لەگەڵ کوردستانیان کە جلوبەرگی کوردیان پۆشیبوو وێنەیان دەگرت. هاوکات تیمێکی شارەزا بە بەردەوامی سەبارەت بە مێژوو، جلوبەرگ و ئەو شتانەی لە ژووری کوردستان دا بوو روونکردنەوەیان پێشکەش بەو کەسانە دەکرد کە سەردانی غورفەی کوردستانیان دەکرد.
پێویستە بگوترێ کە باڵوێزی عێراقی فیدراڵ، ئێران و تورکیە لە مەکزیک، لەبەر ئەوەی بەرێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە ئامادە نەبوون ئاڵای ئەو وڵاتانە دابنێن، لە فێستیواڵەکەدا بەشداریان نەکرد. ئەمە لە حاڵێک دا بوو کە باڵوێزی لوبنان، فەلەستین و عەرەبستانی سعوودی بەشداری ئەو فێستیواڵە بوون و پشتیوانیان لە دۆزی ڕەوای کورد کرد. هەروەها چەند لایەنێک هەوڵیان دابوو کە کوردستان بەشداری ئەو فێستیواڵە نەبێ، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام مابوەوە.
پتر لە ٧٠ هەزار کەس بەشداریان لەو فێستیواڵی "تامی مورێلۆس"دا کردوە کە ساڵانە بەرێوە دەچێ.
No comments:
Post a Comment