Archive

Wednesday, October 30, 2013

رەحیم رەشیدی وەکوو باشترین رۆژنامەوان خەڵاتی فێستیواڵی مەکسیکی پێشکەش کرا.


کاوە عەرەب عومەر/ مەکسیک


بەرێوەبەران و وەرێخەرانی فێستیواڵی “تامی مۆرێلۆس”، بە هۆی چالاکی بەردەوام و گواستنەوەی خێرای دەنگو باسی راست و دروستی پێوەندیدار بە کورد و کوردستان، لە سەراسەری دونیا بە گشتیی، هەروها بە هۆی گواستنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانی فێستیواڵی کوردستان، لە مەکزیک بە خێرایی، ئاگادار کردنەوەی خەڵک لە ڕووداوەکان، سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئەو فێستیواڵە، لە رێگای نووسین، وێنە، دیمەن و فیلم، پێکهێنانی دەیان وتووێژ لەگەڵ بەرێوەبەران و بەشدارانی فێستیواڵەکە، دواندن و هەڤپەیڤین لەگەڵ باڵوێزانی عەرەبستانی سعوودی، لوبنان، فەلەستن و نوێنەری باڵوێزخانەی عێراقی فیدراڵ لە مەکزیک، وەزیری گەشت و گوزار، وەزیری حکومەت و سەرۆکی فێستیواڵ و بەرپرسی گشتیی پۆلیسی شاری کورنەڤاکا لە شوێنی بەرێوەچوونی فێستیواڵەکە، وەکوو باشترین و چالاکترین، رۆژنامەوانی کورد، خەڵات و سوپاسنامەی پێشکەش کرا.



سوپاسنامە و خەڵاتەکە لە دوو شوێنی جیاوازی فێستیواڵەکە و لە لایەن هانا جاف پێشکەش کرا، ناوبراو کە یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی فێستواڵەکە بوو لە وتەیەک دا کار و خەباتی رەحیم رەشیدی بەرز نرخاند و سوپاسی هەوڵ و ماندوو بوونی کرد...

پێویستە بگوترێ، کە هەر لەم چوارچێوەیەدا، کوردستان تی وی بە هۆی ڕووماڵ کردنی خێرای دەنگوباسی فێستیواڵەکە، سوپاسنامەی لە لایەن بەرێوەبەرانی فێستیواڵەوە پێبەخشرا.




هەنووکە رەحیم رەشیدی بەرپرسی “کوردستان تی ڤی” لە ئامریکایە. ناوبراو ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەوانان و ناوەندی ڕاگەیەنەرەکانی دەرەوەی، سەر بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکاشە.
پێویستە بگوترێ کە فێستیڤاڵی “تامی مورێلۆس” هەموو ساڵێک لە مەکزیک بەرێوە دەچێ و ئەم ساڵ کوردستان بۆ یەکەمین جار بەشداری ئەو فێستیواڵەی کرد و کوردەکان بە چەند چالاکی جۆراوجۆر هەوڵی ناساندنی کوردو کوردستانیان بە مەکسیکەیەکان دا و کوردستان تی وی بە تێروتەسەلی رووماڵی هەواڵەکانی ئەو فێستیواڵەی کرد.

No comments: