Archive

Tuesday, October 22, 2013

فێستیواڵی کوردستان لە مەکزیک سەرکەوتووانە کۆتایی هات







بۆ دیتنی وێنەکان ئێرە بچرکێنە.


رحیم رشیدی/ مەکسیک
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣، دوایین رۆژی فێستیواڵی کوردستان لە مەکزیک بەرێوە چوو. باڵوێزی لوبنان بۆ ماوەی دوو رۆژ لەسەر یەک، بەشداری لە فێستیواڵەکەدا کردو وێرای پشتیوانی لە داخوازییەکانی گەلی کورد، کولتوورو کەلەپووری کوردستانی بە زەنگین و رەنگین وەسف کردو ستایشی چالاکی هەمە رەنگی کوردستانیانی لەو فێستیڤاڵەدا کرد.
پێویستە بگوترێ کە موستەفا بەرپرسی گروپی هەڵپەڕکێی “ماین زەرد”، لە بارەی هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی کوردی قسەی بۆ ئامادە بووان کرد. ئەوجار گروپی هەڵپەڕکێکە، بە نیشاندانی چەند جۆر شایی و رەشبەڵەکی کوردی سەرنجی سەدان کەس لە بەشدارانی ئەو فێستیواڵەیان بۆ لای خۆیان راکێشا.
هەروەها هونەرمەند شەهروز ئەحمەدی بە خوێندنی سرودو ستران بێژی درێژەی بە چالاکی کوردان دا و زۆر یەک لە بەشدارانی ئەو فێستواڵەی هێنایە سەماو دەیان کەس لە مەکزیکییەکان وێرای کوردستانیان سەمایان کردو شادیان گێرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، جلوبەرگی نێوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان پیسان دراو لەسەر هەر یەک لەوان، روونکردنەوە پێشکەش بە بەشداران کرا.
لەو بڕگەیەدا، دەیان کەس لە مەکزیکییەکان خوازیاری ڕوونکردنەوەو زانیاری لەسەر کوردو کوردستان بوون کە تیمێکی ئامادە وڵامی سەرجەم پرسیارەکانیان دایەوەو زانیاری هەمە جۆریان لەسەر کوردو داخوازیەکانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
هاوکات هانا جاف سەبارەت بە گرینگی پێوەندی کولتووری نێوان مەکزیک و کوردستان قسەی کردو هیوای خواست کە ئەم پێوەندییە گەشە بکات و پەرە بستێنێ. 
لە لایەکی دیکەوە، بە دەیان وێنەی شوێنە مێژووییەکان و سروشتی رەنگینی، کوردستان نیشان درا.
لە کۆتایی دا رەحیم رەشیدی سەبارەت بە گرینگی ئەو فێستیواڵە بۆ خەڵک و خەباتی رزگاریخوانەی کوردستان دواو سوپاسی میوانداری مەکزیکییەکانی کردو هیوای خواست کە ئەوانیش بتوانن سەردانی کوردستان بکەن.
پێویستە بگوترێ کە لە میانەی بەرێوەچوونی چالاکییەکان دا، ناوەندی جاف بۆ زانست، وێرای سوپاس لە بەشداری چالاکانەی کوردەکان، خەڵات و دیاری بەسەر چالاکانی ئەو فێستیواڵەدا دابەش کرد.
رۆژی کۆتایی فێستیواڵ لە نێو شادی و خۆشی سەدان کەس لە کوردستانیان و مەکزیکییەکان دا کۆتایی پێهات.‎ 

No comments: