رەحیم رەشیدی/ نەشڤیل، ئامریکا
ڕەوەندی کوردی لە شاری نەشڤیل لە ویلایەتی تێنسی بە دەستپێشخەری ئەنجوومەنی
کۆمەڵگای کوردی، بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتوودا
کردو بە چالاکی جۆراوجۆر سەرنجی خەڵکی بیانیان لەو فێستیڤاڵەدا بۆ لای کولتووری
خەڵکی کوردستان ڕاکێشا.
رۆژی هەینی، رێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣ی زایینی، کوردەکان لەگەڵ ٣٠ نەتەوەی
دیکە، بەشداری فێستیڤاڵی کولتووری نەتەوەیییان لە شاری نەشڤیل کردو بە ڕەشبەڵەک و
گۆڤەند، نیشاندانی جلوبورگی کوردی، شانۆ و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر کوردو
کوردستان، سەرەنجی زۆر کەسی بیانیان بۆ لای کولتوورو کەلەپووری کوردستان لەو
فێستڤاڵە نێونەتەوەییەدا ڕاکێشا کە پتر لە ٥٠ هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون.
کوردەکان لە فێستیڤاڵی ئەوساڵی نەشڤیل دا، کە ماوەی پازدە ساڵە بە
بەردەوامی بەرێوە دەچێ و نەتەوەکانی سەراسەری جیهان کە لەو مەڵبەندە دەژین و هەوڵ
دەدەن لەو دەرفەتەدا تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیان بە خەڵکی دیکە نشان بدەن و بناسێنن،
کوردەکان نەک تەنیا بە نیشاندانی جلوبەرگ و گۆڤەندو ڕەشبەڵەکی کوردی، بەڵکو بە
رازاندنەوەی چادری کوردی و شەکانەوەی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەمە
لایەنە لەسەر کوردو تایبەتمەندییەکانی کولتوورو کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردستان،
سەدان کەسیان ئاشنا بە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد کرد.
پێویستە بگوترێ کە نەشڤیل مەزنترین شاری ویلایەتی تێنسیە کە پتر لە ٦٠٠
هەزار کەس حەشیمەتی هەیەو بە پێتەختی موزیکی ئامریکا، یان سەرزەمینی مۆسیقای رەسەن
ناودێر کراوە.
زۆرترین رێژەی کوردەکانی نیشتەجێی ئامریکا، لە شاری نەشڤیل دەژین کە نزیک
بە ١٥ هەزار کەس دەبن، هەر بۆیە ئەم شارە بە کوردستانی بچووکی وڵاتە یەکگرتوەکانی
ئامریکا ناوبانگی دەرکردوە.
No comments:
Post a Comment