Archive

Wednesday, January 13, 2021

مایك پێنس داوایه‌كی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌تده‌كاته‌وه‌

پێنس: مادده‌ی 25ی ده‌ستوور كارا ناكه‌م


ره‌حیم ره‌شیدی

رۆژی دووشه‌ممه‌، نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كه‌ دیموكراته‌كان تێیدا زۆرینه‌ن، ماوه‌ی 24 كاتژمێری بۆ مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دانابوو، تاكو به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 25ی ده‌ستووری وڵات، دۆناڵد تره‌مپ له‌ پۆسته‌كه‌ی لابدات.

سه‌ر  له‌ ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌، مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ نامه‌یه‌كی فه‌رمیدا وڵامی سه‌ۆركی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی دایه‌وه‌ و وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆی له‌ رووداوه‌كانی 6ی مانگ، كه‌ تێیدا لایه‌نگرانی تره‌مپ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كۆنگرێس، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌ نییه‌ هیچ هه‌نگاوێك بۆ لابردنی سه‌رۆك تره‌مپ بگرێته‌به‌ر.

جێگری سه‌رۆك له‌ نامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كردووه‌، هه‌نگاوێكی له‌مجۆره‌ له‌ قازانجی وڵات نییه‌ و هه‌نووكه‌ ئه‌مه‌ریكا پێویستی به‌ یه‌كڕیزی هه‌یه، تاكو خۆیان بۆ رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی سه‌رۆك بایدن‌ ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ وه‌كو نه‌ریتێكی چه‌سپاو به‌ گوێره‌ی یاسا، له‌ 20ی مانگدا به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌ گوێره‌ی به‌ندی 25ی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكا، كاتێك سه‌رۆك به‌ هۆی نه‌خۆشی یان كێشه‌ی ده‌روونی نه‌توانێ ئه‌ركه‌كانی راپه‌ڕێنێ، ئه‌و كات نیوه‌ی پتری كابینه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌توانن داوا له‌ كۆنگرێس بكه‌ن،  جێگری سه‌رۆك ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆك بگرێته‌ ده‌ست و ببێته‌ سه‌رۆكی وڵات.

دوای ئه‌وه‌ی پێنس ئاماده‌نه‌بوو هیچ هه‌نگاوێكی له‌مجۆره‌ بگرێته‌به‌ر، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بڕیار له‌سه‌ر لێپێچینه‌وه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ بدات كه‌ چه‌ند ئه‌ندامی كۆمارییه‌كانیش پێشتر رایانگه‌یاندووه‌ ده‌نگ به‌ پرۆژه‌یاساكه‌ ده‌ده‌ن.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ئەنجومەنی پیران تاكو 19ی ئەم مانگە کۆ نابێتەوە، واتە یەک رۆژ بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ، بۆیە چاک شوومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیران، لە هەوڵدایه به‌ر له‌و واده‌یه‌ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکبخات.

پیلۆسی و شوومەر، دەیانەوێت دادگاییکردنی ترەمپ له‌لایه‌ن لیژنەی دادوەری  ئەنجومەنی پیرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، تاكو لێپێچینەوەکە خێراتر بكرێت، به‌ڵام رێبه‌ری زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كان و چه‌ند سیناتۆرێكی دیكه‌، رایانگه‌یاندووه‌ بواری  لێپێچینه‌وه‌ی تره‌مپ ناده‌ن و ئه‌م كاره‌ به‌ زیانی وڵات ده‌شكێته‌وه‌.

له‌لایه‌ك دیكه‌وه‌، له‌ ویلایه‌تی تێكساسه‌وه‌ تره‌مپ هاته‌ ده‌نگ و گوتی: "لەبارەی نانسی پیلۆسی و چەک شوومەر کە دەیانەوێت لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوام بن، من پێموایە مەترسیی زۆر گەورە بۆ وڵاتەکەمان دروست دەکەن. من هیچ توندوتیژیم ناوێت. ئەوەی به‌لای ئێمەوه‌ گرنگه‌ ئەوەیە کە نامانەوێت توندوتیژی رووبدات، ئێمە بە هه‌موو جۆرێك دژی توندوتیژییەکانین. لەبارەی لێپێچینەوە لە من، ئه‌وا دەڵێم ئەمە درێژەدانە بە گەورەترین درۆ و فێڵی سیاسیی بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی سیاسیی. ئەمە کارێكی گەمژانەیە. ئەم لێپێچینەوەیە تووڕەییەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن لەو کارە کە بە راستی کارێكی قێزەونە".

له‌ پاڵ ئه‌مانه‌دا ئۆفیسی لێكۆڵینەوەی فیدراڵ، ئاشكرای كرد له‌ كاتی هێرشەكە ٦ی مانگدا بۆسه‌ر كۆنگرێس، كه‌ ٥ كه‌س و له‌ نێویاندا پۆلیسێك بونه‌ قوربانی، هاوكات له‌ دەورووبەری كۆنگرێس بۆمب و تەقەمەنی دۆزراوه‌ته‌وه‌.

نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمه‌ریكا هۆشداریداوه‌ بە هیچ شێوەیەك لەو كەسانە خۆشنابن كە هێرشیان كردە سەر كۆنگرێس و تاكو ئێستاش 170 دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئێف بی ئای له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ لایه‌نگرانی دۆناڵد تره‌مپ به‌نیازن له‌ هه‌ر 50 ویلایه‌ته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكادا و له‌ رۆژی سوێندخواردنی جۆو بایدن و ده‌ستنیشانكردنی وه‌ك سه‌رۆكی نوێ له‌ 20ی ئه‌م مانگدا‌، خۆپیشاندان بكه‌ن، به‌ گوێره‌ی پێشبینی چاودێرانیش ره‌نگه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تره‌مپ دۆخه‌كه‌ پتر بشڵه‌ژێنێ.

هه‌روه‌ها كۆشكی سپی باری له‌ ناكاوی له‌ واشنتۆن راگه‌یاند، كه‌ تا 24ی مانگ به‌رده‌وام ده‌بێ و رۆژی سوێندخواردنی بایدن،‌ نزیك به‌ 15 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی گاردی  ئاسایشی واشنتن دابین ده‌كه‌ن. له‌ كاتێكدا له‌ خولی پێشوودا و بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ نزیك به‌ 8 هه‌زار كارمه‌ند له‌ گاردی نیشتمانی رێوشێنه‌ ئه‌منییه‌كانیان دابین ده‌كرد.

كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، له‌ دوو ئه‌نجومه‌ن پێكدێت، كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیرانن، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دیموكراته‌كان زۆرینه‌ن و نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌، له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانیش، كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن كه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا مایك پێنس سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌.

#مسته‌ر_كورد

No comments: