Archive

Saturday, January 30, 2021

واشنگن ئاسانكاری بۆ مانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سوریا ده‌كات



له‌ كاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی پێشووی ئه‌مریكا، به‌ هۆی له‌ ئارادابوونی شه‌ڕ دوو جار مۆڵەتی مانەوەی کاتی بۆ په‌ناخوازه‌ سوریاییەکان درێژ كردبوه‌وه‌، رۆژی هه‌ینی وەزارەتی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك دا ئاشكرای كه‌ وڵاته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ماوه‌ی مانه‌وه‌ی كاتی بۆ نزیك به 7000 هه‌زار كه‌س له‌ هاوڵاتیانی سوریا درێژ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌نووكه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژین.
دەیڤد پیکۆسکی وه‌زیری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌ وه‌كاله‌ت له‌م به‌ستێنه‌دا رایگه‌یاند: "وەزارەتی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، مۆڵەتی مانەوەی 6,700 هاوڵاتی سوریا تاكوو مانگی سێپته‌مبه‌ری 2022 درێژ دەکاتەوە، هاوكات رێگاش ده‌دات ‌ 1,800 كه‌سی دیكه‌ی‌ خه‌ڵكی سوریا داخوازی مانه‌وه‌ی كاتی له‌ ئه‌مریكا پێشكه‌ش بكه‌ن."
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ئاماژه‌ بۆ كراودا هاتوه‌: "شه‌ر له‌ سوریا بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رده‌وام پێویستیان به‌ هاوكاری مرۆیی هه‌بێ، ئاواره‌كان زۆرتر بن، خۆراك كه‌م بێ، ئاوی خاوێن بۆ خواردنه‌وه‌ كه‌م و سنوورداره‌و خه‌زمه‌تگوزاری له‌شساغینكه‌مه‌و ئه‌مانه‌ش هۆكاری خاپوربوونی ژێرخانی وڵاته‌كه‌ن. به‌م هۆیانه‌وه‌ گه‌رانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان و دابین كردنی ئاسایشیان له‌ ئارادا نیه‌."
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئاماژه‌ بۆ كراودا باس له‌وه‌ كراوه: "شەڕی نێوخۆیی كۆتایی نه‌هاتوه‌و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌كرێنه‌ ئامانج و وێرای به‌كارهێنانی چه‌كی شیمیایی، منداڵان بۆ شه‌ڕ كردن به‌كار ده‌هێنرێن و چه‌كدار ده‌كرێن."
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دا، تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌‌ شەڕی نێوخۆی سوریا كۆتایی نه‌هاتوه‌و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌كرێنه‌ ئامانج و وێرای به‌كارهێنانی چه‌كی شیمیایی منداڵان بۆ شه‌ڕ كردن به‌كار ده‌هێنرێن و چه‌كدار ده‌كرێن.
شه‌ری نێوخۆیی سوریا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2011وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، وڵاته‌كه‌ بۆته‌ مه‌یدانی ململانێ و ره‌مبازێنی وڵاتانی نێوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و به‌‌ میلیۆنان كه‌س ئاواره‌و ماڵ به‌ كۆڵ بوون، شه‌ڕه‌كه‌ سه‌دان هه‌زار كوژراو برینداری لێكه‌وتۆته‌وه‌و ئاسۆیه‌ك بۆ كۆتایی نزیك مه‌ودای ئه‌و قه‌یرانی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ له‌ ئارادا نیه‌.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ گییەر پێدەرسن، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ سووریا، له‌ نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەی شاندنی نووسینەوەی دەستووری سووریا بێ هیوا بووەو هیچ رێککەوتنێک نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌و له‌م به‌ستێنه‌دا رێژیمی سوریای تاوانبار كردو به‌ هۆكاری به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م رێكه‌وتندا ناوی برد كه‌ گشت پێشنیار و گه‌ڵاڵه‌كانی رێكه‌وتن و كۆتایی. هێنان به‌ شه‌ڕی له‌و وڵاته‌ ره‌ت كردۆته‌وه‌

No comments: