ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه، نێد پـرایس، گوتەبێژی ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی ئه‌مەریكا، لە ڕاگەیه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەنتۆنی بلینکن و فوئاد حوسێن، لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا پێكه‌وه قسه‌یان كردوه و ده‌رباره‌ی پته‌وتركردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و به‌غدا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كردوه.
به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پێوه‌ندییه ته‌له‌فونییه گوتی: "وه‌زیرانی ده‌ره‌وه، سه‌باره‌ت به گوتووێژی درێژخایه‌نی نێوان هەر دوو وڵات پێداگریان كردووەته‌وه و هاوكات جه‌ختیان له‌سه‌ر ئەو بنەمایانە كردووەته‌وه، كه ھەردوو لایه‌ن له دووتووێی رێکەوتنی ستراتیژیدا لەسەری پێكهاتوون".
وەزیری دەرەوەی ئه‌مەریكا، وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، هاوكات داوایكردوه حكوومه‌تی عێراق له هه‌وڵه‌كانی بۆ بەدیهێنانی ویسته‌كانی خەڵکی عێراق به‌رده‌وام بێت و كار بۆ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بكه‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، به‌ڵێنی به هاوتا عێراقیه‌كه‌ی داوه، كه واشنتن له هاوكاریكردنی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت تاكوو بتوانن كێشه ئابوورییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن له دۆخێك‌دا، كه په‌تای كۆرۆنا له ئارادایه.
له پاڵ ئه‌مانه‌دا، بلینكن به‌ڵێنی به فواد خوسێن داوه، ئه‌مەریكا هاوكاری و پشتیوانی عێراق ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی ریفۆرم و له‌و بواره‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ھەر دوو لایه‌ن پەیوه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌كانیان له پێناو دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوو لادا په‌ره پێبده‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و پەیوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا پرسه و سه‌ره‌خۆشی له خه‌ڵكی عێراق كردووه سه‌باره‌ت به هێرشە تیرۆریستییه‌كانی هەفتەی رابردووی شاری بەغدا و پارێزگای سەلاحەدین، كه له لایه‌ن داعشه‌وه ئەنجامدرابوون و له ئاكامدا كۆمه‌ڵێك كوژراو برینداری لێكه‌وته‌وه.
No comments:
Post a Comment