Archive

Thursday, January 28, 2021

له‌وانیه‌ هێرشبه‌رانی سه‌ر كۆنگرێس ٢٠ ساڵ به‌ند بكرێن

 



ره‌حیم ره‌شیدی\ كوردستان ٢٤

رۆژی 6ی مانگ، لە کاتێکدا کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی پەسندکردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020 و بردنه‌وه‌ی جۆو بایدن وەکوو سەرۆکی نوێی ئەمریکا بوو، لایه‌نگرانی تره‌مپ كه‌ له‌ سه‌راسه‌ری وڵاته‌وه‌و له‌سه‌ر داوای ناوبراو هاتبونه‌‌ واشنگتن، په‌لاماری كۆنگرێسیان دا، ئەمەش له‌ نێوخۆی ئه‌مریكاو ده‌ره‌وه،‌ کاردانەوەو نیگه‌رانی زۆری لێكه‌وته‌وه‌.

 لایه‌نگرانی تره‌مپ به‌ هێرش كردن بۆسه‌ر كۆنگرێس، یاسایان پێشێل كرد، هه‌ر زوو به‌رپرسانی ئاسایشی وڵات و ناوه‌نده‌كانی دادوه‌ری رایانگه‌ید‌ كرده‌وه‌ی له‌م چه‌شنه‌ رێگاپێدراو نیه‌و په‌لامارده‌ران به‌ جیددی رووبه‌رووی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌و سه‌زا ده‌درێن.

گرێدراو به‌م باسه‌وه‌ مایکڵ شیریوەین، داواکاری گشتیی وڵاته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا ئاشكرای كرد: "تاوەکو ئێستا 150 کەس به‌وه‌ تاوانبارن‌ به‌ شێوه‌ی راستەوخۆ لە هێرشەکانی سەر کۆنگرێس دا ده‌ستیان هه‌بوه‌، نزیکەی 50 کەس له‌وان لە لایەن دادگاکانی واشنگتنه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان لێده‌كرێت. له‌وانه‌یه‌ ژمارەی تۆمەتباران نزیك به‌ 400 کەس بن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له‌ ئارادایه‌ راده‌ی تۆمه‌تبارانی ئه‌م رووداوه‌و له‌وش پتر بێ."

شیریوەین له‌ درێژه‌ی زانیارییه‌كانی دا ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی تاوانوه‌پاڵدراوان وتی:  "له‌ ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كانی دادگادا، بەو كه‌یسانه‌ راگه‌یشتین كه‌ تاوانه‌كانیان سووك بوو، ئه‌وانه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ به‌ شێوه‌ی نایاسایی و رێگه‌پێنه‌دراو‌  چەکیان هه‌ڵگرتبوو كه‌ به‌ زۆر چبونه‌ نێو كۆنگرێس، لێ دواتر  په‌رژاینه‌ سه‌ر دۆسیه‌ قورسەکان و له‌وانیه‌ به‌شێك له‌وان ماوه‌ی 20 ساڵ بكرێنه‌ به‌ندیخانه‌؛ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ."

به‌ هۆی ئه‌م روه‌وانه‌وه‌، نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی كۆنگرێس، داوای له‌ مایك پێنس جێگری سه‌رۆك كرد‌ ماده‌ی 25ی ده‌ستوور بۆ له‌سه‌ركار لادانی تره‌مپ كارا بكات، كاتێك پێنس ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێ، رێكه‌وتی 14ی مانگ، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ هاته‌ ئاراوه‌و بە زۆرینەی دەنگی 232 ئەندام  کە 10 كه‌سیان لە کۆمارییەکان بوون، بریاری لێپێچینه‌وه‌یان له‌ تره‌مپ په‌سه‌ند كرد.

رۆژی 26ی مانگ دۆسیه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، راده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی پیران كرا. بڕیارە رێكه‌وتی‌ 8ی مانگی داهاتوو، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ ترەمپ کۆببێتەوە، بەڵام ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، 17 ئەندامی کۆمارییەکانیش دەنگ بە لێپرسینەوە و تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپ بدەن.

تره‌مپ یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌ له‌ مێژوودا كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی دا دوو جار لێپێچینه‌وه‌ی لێده‌كرێ.

No comments: