Archive

Monday, January 11, 2021

پاپا نزا بۆ ئەمریكا دەكا



پاپا فرانسیس ڕایگەیاند: نوێژو نزا بۆ ئەوانە ده‌كه‌م كه‌ ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو له‌ ڕووداوی هێرش كردنه‌ سه‌ر كۆنگرێس دا گیانیان له‌ ده‌ستدا.
ره‌حیم ره‌شیدی - واشنتۆن
ڕۆژی یەکشەممە، پاپا فرانسیس له‌ وتاری ئایینی خۆیدا ڕایگەیاند: نوێژو نزا بۆ ئەوانە ده‌كه‌م كه‌ ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو له‌ ڕووداوی هێرش كردنه‌ سه‌ر كۆنگرێس دا گیانیان له‌ ده‌ستدا.
هاوكات داوای ئارامی و هێمنی دەکات وەک پشتیوانی و یارمه‌تی بۆ پاراستنی نرخه‌ دیموكراتیكه‌كان له‌ ئه‌مریكا.
پاپای ڤاتیكان، له‌‌ وتاره‌كه‌ی دا ئاماژەی بە گیان لە دەستدانی پێنج کەس کرد كه‌ به‌ هۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر كۆنگرێس له‌ لایه‌ن لایەنگرانی تره‌مپ، هاتبووه‌‌ ئاراوه‌.
پاپا فرانسیس له‌ دووتووێی وتاره‌كه‌ی دا ره‌خنه‌ی له كولتووری‌ توندوتیژی گرت كه‌ هه‌موو كات توندوتیژی دەبێتە مایەی وێران كردنی خۆمان.
پاپا له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی دا ده‌ڵێ: سڵاو لە نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریكا دەکەم، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی گەمارۆدانی کۆنگرێس، تووشی حه‌په‌سان بووه‌، نوێژو نزا بۆ ئەو 5 کەسە ده‌كه‌م گیانیان لەدەستدا لەو ساتەوەختە كاره‌ساتباره‌دا، گوتیشی: توندوتیژی هیچی لێ دەستەبەر ناکرێت، بە هۆیەوە زۆر شت لە دەست دەدرێت. داوا لە دەسەڵاتداران و تەواوی دانیشتوانی ئەمەریکا دەکەم بە هەستێکی مه‌زنی به‌رپرسیارانه‌و پشوو درێژیی كار بۆ بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییه‌كان بکەن و ئه‌و نرخ و بایه‌خه‌ دیموكراتیكانه‌ بپاێزن كه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئه‌مریكادا ره‌گی داكوتاوه‌.
له‌ پاڵ ئه‌مه‌دا، پاپا له‌ وتووێژێكدا لەگەڵ کەناڵی 5 لە تۆڕی میدیاسات، سه‌رسوڕمانی خۆی بۆ ڕووداوه‌كانی هێڕش كردنه‌ سه‌ر كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌رده‌بڕی و له‌م به‌ستێنه‌دا ده‌ڵێ: "لە راستیه‌كی پێگەیشتوودا، ئەو جۆرە كرده‌وانه‌ بێ سودن، ئه‌و کەسانەش دژی کۆمەڵ، دیموکراسی و بەرژەوەندی گشتی هه‌نگاو ده‌نێن هیچ دەستکەوتێکیان نابێت.
لەو ڕووداوانەی ڕۆژی چوارشەممەی حه‌وتووی ڕابردوودا، له‌ كاتی هێرش كردنی لایه‌نگرانی تره‌مپ بۆ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا هاته‌ ئاراوه‌، ئەفسەرێکی پۆلیس و چوار کەسی تر لە لایەنگرانی تره‌مپ گیانیان لە دەستدا.
تاكو ئێستاش كاردانه‌وه‌ نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به‌م رووداوه‌ كه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكادا بێ وێنه‌یه‌، به‌رده‌وامه‌.

No comments: