Archive

Tuesday, January 26, 2021

سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی به‌ ته‌له‌فۆنه‌كانی كردووه‌



ره‌حیم ره‌شیدی

دوای ئه‌وه‌ی جۆو بایدن رۆژی 20ی مانگ سوێندی خوارد و وه‌كوو 46ـه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به‌كار بوو، تا ئێستا له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆن و وڵامدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و به‌رپرسانی پله‌ باڵای وڵاتان ده‌ستی به‌ گفتوگۆ كردووه، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، كه‌ باید‌ن گرنگی به‌ هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌دات.

له‌م باره‌وه‌ نووسینگه‌ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، سەرۆك وەزیر، بۆریس جۆنسن به‌ جۆو بایدنی راگەیاندوه‌ به‌ریتانیا چاوی له‌ رێککەوتنێکی نوێی بازرگانی نێوان ئه‌مه‌ریکا و بەریتانیایه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، جێن ساکی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد، بەڕێوەبەرایەتی باید‌ن هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ ئەنجامدانی ئەو رێککەوتنە نیه‌، چونکە سەرنجی سه‌رۆك باید‌ن زیاتر لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رازیكردنی کۆنگرێسە، بۆ ئه‌وه‌ی 1.9 ترلیۆن دۆلار په‌سه‌ند بكات، كه‌ بۆ ئه‌و مەبەستە ته‌رخان کراوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئاندرێ مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، ‌سەرۆکی مەکسیك ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باسی پرسی كۆچبه‌ری و رێگه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌یان كردوه‌، هه‌روه‌ها‌ بایدن پێی راگه‌یاندووه،‌‌ واشنتن بڕی 4 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی هیندۆراس، ئه‌ل سێلڤادۆر و گواتیمالا ته‌رخان كردوه‌.

هه‌ر تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌، كاربەدەستێکی که‌نه‌دی بە ئاژانسی هه‌واڵی ئەسۆشێیتد پرێسی راگەیاندووە، بایدن بە سه‌ۆرك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جه‌ستن ترودۆی راگه‌یاندووه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن نه‌هێڵن جیاوازییه‌كان درز بخه‌نه‌ نێوان دوو وڵات. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌،‌ كه‌ سەرۆك وەزیرانی کەنەدا بە ئاشکرا نیگەرانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ بڕیارەکەی بایدن ده‌ربڕی، كه‌ بڕیاری وه‌ستاندنی دروستکردنی بۆری نەوتی کیستۆن XLی ده‌ركرد. مه‌زنده‌ ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ی ئەو پڕۆژە درێژخایه‌ن و باسهه‌ڵگره‌دا،‌ نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانه‌ لە ئالبێرتای كه‌نه‌داوه‌ تا کەناری تێكساس بگوازرێته‌وه‌.

له‌ پاڵ ئه‌مانه‌، سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا باسی له‌وه‌ كرد، ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆكی وڵات یەکەمین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام داوه‌ و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر له‌سه‌ر پێوه‌ندی مێژوویی و هاوكاری چڕ و پڕ و متمانه‌پێكراو كردووه‌ته‌وه‌.

سەرۆکایەتی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش كردوه‌‌، سه‌رۆك ماکرۆن یەکەمین سەرۆکی دەوڵەتێکی ئەوروپایە، کە جۆو بایدن تەلەفۆنی بۆ کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکە كه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌خوازن پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن.

سه‌رۆك بایدن هه‌ر له‌ ده‌سپێكی ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌ واژۆی له‌سه‌ر یاسایه‌ك كرد، كه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی پاریس سه‌باره‌ت به‌ کەش و هەوا و رێکخراوی تەندروستی جیهانی، چونكه‌ بەڕێوبەرایەتی تره‌مپ، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تییه‌ جیهانییه‌كان، له‌م دوو رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌‌ كشابووه‌وه‌.

No comments: