له‌كاتێكدا بڕیاره رۆژی چوارشه‌ممه، 20-1-2021 رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی جۆو بایدن به به‌شداری مایك پێنس، جێگری سه‌رۆك ترەمپ به‌ڕێوه‌بچێت، پێدەچێت ئەمڕۆ كۆمه‌ڵێك لایەنگری سه‌رۆك ترەمپ لە شاری واشنتنی پایته‌خت گردبوونەوەی ناڕه‌زایی بکەن.
زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی ئاشكرایان كردووه، ره‌نگه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له زۆربه‌ی 50 ویلایه‌ته‌كه‌ی ئه‌مەریكا بکرێن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وە هەیە له خۆپیشاندانه‌كاندا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌كاربهێنرێن و توندوتیژییان لێ بکەوێتەوە.
هه‌نووكه ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێیه له ئارادایه: خۆپیشانده‌ران له چەند ویلایەتێکدا په‌لاماری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو ویلایەتانە بده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه سه‌رجه‌م هێزه ئەمنییەکان بخرێنه دۆخی نائاسایی و له ئامادەباشیی ته‌واودابن بۆ وەڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر پێشێلكارییه‌ك.
هه‌ڕه‌شه‌كان وایان كردووه كه‌ره‌سته‌كانی گواستنه‌وه و هێنان و بردنی گشتی له واشنتنی پایته‌خت بووه‌ستێندرێن، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك قەدەغە کراون و بۆیان نییه له باڵه‌خانه‌ی کۆنگرێس و کۆشکی سپی نزیك ببنه‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كانی ده‌وروبه‌ری كۆنگرێس و كۆشكی سپی ته‌لبه‌ندكراون، له هه‌موو جێگەیه‌ك ئۆتۆمبێله‌كانی پۆلیس و هێزه‌كانی گاردی نیشتمانی ده‌بینرێن، بڕیاره ئه‌م دۆخەش تاوەكو 24ـی ئەم مانگە به‌رده‌وام بێت.
سه‌رۆك ترەمپ، له نوێترین لێدوانی‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌م دۆخه ده‌ڵێ: "ناوه‌نده هه‌واڵگرییه‌كان پێیان گوتم هه‌ڕه‌شه‌ی بەکۆمەڵ هەیە، دەنگۆ له ئارادایه و به‌رنامه داڕێژراوه لە رۆژانی داهاتوودا خۆپیشاندان لە پایته‌خت و سەرتاسەری وڵات بکرێن".
تاوەكو ئێستا 21 هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی گاردی نیشتمانی له واشنتنی پایته‌خت بڵاوه‌یان پێكراوه، هاوكات له چەند ویلایەتێک قەدەخەی هاتووچۆ لە ناوه‌ندی شارەکان، هه‌روه‌ها ده‌وروبه‌ری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ولایه‌ته‌كان راگەیێندراوە.
ئه‌م هه‌لومه‌رجه دژواره له‌كاتێكدایە، 6-1-2021 لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس، بەو هۆیەوە 5 کەس و له نێویاندا پۆلیسێك گیانیان لە دەستدا.
رۆژی 13-1-2021 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە 232 دەنگی بەڵێ، له به‌رامبه‌ر197 دەنگی نەخێر، داوای لێپێچینەوەیان لە ترەمپ پەسەند کرد و، به‌وه تۆمه‌تباریان كرد، هانی لایه‌نگرانی خۆی داوه لە 6-1-2021 هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران. داواكه‌ی كۆنگرێس ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیران كراوه، بەڵام ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه تاوەكو 19ـی ئەم مانگە کۆنابێتەوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژی 12-1-2021 له ویلایه‌تی تێكساس، تره‌مپ هاته ده‌نگ و گوتی: "من، هیچ توندوتیژیم ناوێت. ئەوەی به‌لای ئێمەوه گرنگه، ئەوەیە نامانەوێت توندوتیژی رووبدات، ئێمە بە هه‌موو جۆرێك دژی توندوتیژییەکانین. لەبارەی لێپێچینەوە لە من، ئه‌وا دەڵێم؛ ئەمە درێژەدانە بە گەورەترین درۆ و فێڵی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی سیاسی. ئەمە کارێكی گەمژانەیە. ئەم لێپێچینەوەیە تووڕەییەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن لەو کارە کە بە راستی قێزەونە".
No comments:
Post a Comment