Archive

Tuesday, January 26, 2021

سێ زلهێزه‌كه‌ی ئه‌وروپا پشتیوانی خۆیان بۆ سعوودیه‌ ده‌رده‌بڕن





دوای ئه‌مه‌ریكا، سێ وڵاته‌ زلهێزه‌كه‌ی ئه‌وروپا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئه‌ڵمانیا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا، به‌ توندی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی سه‌ر سعوودیه‌یان مه‌حكووم كرد.

له‌ به‌شێكی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئاراسته‌كردنی مووشەک و به‌كارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان؛ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات کە پێوه‌ی پابەندبووین. ئێمه‌ سه‌ر له‌ نوێ پێداگری له‌سه‌ر ئاسایش و پارێزراوی خاکی سعودیه‌ ده‌كه‌ین".

رۆژی شەممەی رابردوو، سعوودیە رایگەیاند هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی ئاسمانییان له‌سه‌ر ئاسمانی ریازی پایته‌خت داوه‌ته‌وه‌.

سعوودیە سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه هیچ لایەنێکی تۆمەتبار نەکردووە، هاوكات حوسییەکانی یه‌مه‌ن رایانگه‌یاندووه‌، هیچ پەیوەندییان بەو هێرشانه‌وه‌ نییه‌.

پاش هێرشه‌كان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "ئه‌مه‌ریكا به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌ ده‌كات. ئه‌و جۆره‌ هێرشانه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن و له‌ دژی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ن، كه‌ له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌درێن."

سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا، جۆو باید‌ن له‌ یه‌كه‌م راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمیدا، دوای ده‌ستبه‌كاربوونی رایگه‌یاند، هاوكاری سعوودیه‌ ده‌بێت له‌ سزادانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌.

هاوكات فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌ ده‌ستبه‌كاربوونی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ واشنتن به‌ نایابی ده‌مێننه‌وه‌.

#مسته‌ر_كورد

No comments: