Archive

Friday, February 21, 2014

رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک و نیمچە ئاوڕێک لە ئێران




رەحیم رەشیدی/ واشنگتۆن

لە راستیدا، هاتنە گۆرێی رۆژی جیهانی زمانی دایک، لە بنەڕەت دا کردەوەیەکی شوناس خوازانە بو کە لەگەڵ دەربرینی نارزایەتییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆکانی بنگڵادیش لە ساڵی ١٩٥٢ زایینی دەستی پێکرد و لە دایک بوو.
کاتێک کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی "بنگاڵی" بە هۆی دەربرینی نارەزایەتی لەسەر سپاندنی زمانی "ئوردو" وەک زمانی فەرمیی لە بەنگڵادیش (پاکستانی خۆرهەڵاتی ئەوکات) لە لایەن دەوڵەتی پاکستانەوە، لە دەوروبەری "داکا" و لە لایەن هێزە نیزامیەکانی دەوڵەتی ئەودەمی پاکستان، درانە بەر دەسرێژ و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خوێندکارانی شوناس خواز و عەوداڵی یەکسانی؛ کوژران و بریندار بوون.
 لەو سەردەمەدا، خوێندکارانی نارازی بە مەبەستی بە فەرمیی ناسینی زمانی دایکی خەڵکی وڵاتەکەیان واتە "نگڵا" یا “بنگاڵی"، دەستیان بە خۆپیشاندانی بەرین کرد. لەبەر ئەوەی زمانی فەڕمیی کە لە خوێندنگا و زانکۆکانی بەنگڵاش دەگوترایەوە، زمانی پاکستانی "ئۆردو" بوو. درێژەی خۆپیشاندانە گەورە و بەرینەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی "داکا" لە رۆژانی ٢١ و ٢٢ی فێورییەی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی رووی دا.
هێزەکانی دەوڵەتی پاکستان لە ئاکامی تەقە کردنێکدا لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ ، ژمارەیەک لەوان و هەر یەک لە "مامۆستا عەبووئەل بەرەکەت” مامۆستای زانکۆ، "رەفیع ئەلدین ئەحمەد"، خوێندکار و "شوفێر رەحمان" کارمەندی باڵایی دەزگای دادی بەنگلادشیان کوشت و هێزە نیزامییەکانی پاکستان هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەڕ تا خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەست لە خواستە مرۆییەکانی خۆیان هەڵبگرن.
بەڵام خەبات و خۆڕاگری قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆکان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی بنگلادش و پێداگرییان لەسەر وەدی هاتنی خواستەکانیان، بوە هۆکاری سەر لە نوێ بە فەرمیی ناسینەوەی زمانی "بنگاڵی" لە ساڵی ١٩٥٦ی زایینی دا. درێژە پێدانی خەباتی خەڵک و چالاکانی سیاسیی و فەرهەنگی بنگڵادش، وای کرد کە ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٧١دا، بە یەکجاری جیابوونەوەی خۆی لە پاکستان راگەیاند و سەربەخۆیی بە دەست هێنا.
پاش بە دەست هێنانی سەربەخۆیی بەنگڵادش، ڕێورەسمی رۆژی نەتەوەیی زمانی دایک، هەموو ساڵێک لەم وڵاتەدا و لە رۆژی ٢١ی فێورییە بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە دەچوو، کە لەودا لە خەباتی خەڵک بۆ سەربەخۆیی و پارێزگاری و هەوڵدانی بێ پسانەوەی خوێندکاران و مامۆستایان بۆ پاراستنی شوناس و زمانی دایک، رێز دەگیردرا.
دواتر، وڵاتی "بەنگڵادش" داوای لە "یۆنسکۆ" ڕێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا رۆژی ٢١ی فێورییە وەک رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک بە فەڕمیی بناسێ. 
سەرئەنجام پێشنیاری وڵاتی بنگڵادش بۆ ڕاگەیاندنی رۆژی ٢١ی فێورییە وەک رۆژی جیهانی زمانی دایک، لە ١٧ی نوامبری ساڵی ١٩٩٩ی زایینی دا پەسند کرا و ١٨٨ وڵاتی ئەندامی یۆنسکۆ دەنگی ئەرێنی پێ دا.
لەو کاتەوەو دوای ئەو رووداوە، بۆی یەکەم جار ڕێورەسمی رۆژی جیهانی زمانی دایک لە مانگی فێورییەی ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی لە پاریس و بە ئامادە بوونی نوێنەرانی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، زمان ناسان و سەرۆکی ئەو کاتی یۆنسکۆ، بەرێوە چوو.
بە بۆچوونی شارەزایان، بوونی مەترسی بۆ لە نێو چوونی زمانەکان، دەگەرێتەوە بۆ لە نێو چوونی قەوم و خێڵە بچووکەکان کە ئەوەش بە هۆکاری لە نێوچوونی سروشت و ژینگەکانیانە. یان کۆچ پێکردنی ئەوان بۆ قەراغ شارە گەورەکان و شوێنگەلی دوور لە زێدی خۆیان و  مەڵبەدنی نەتەوەییان، بە یەکێک لە هەڕەشەکان بۆ فەوتان و سرینەوەی زمانی دایک بە ئەژمار دێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا و بە پێی پرۆسەیەکی مێژوویی، زۆر لە عەشیرەکانی دارستان نشین، زمان و شوناسی نەتەوەییان لە دەست داوە. شەڕی نێوخۆیی و کۆچی بەربڵاوی نەتەوە بن دەستەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ، یەکێکی تر لە هۆکارەکانی لە نێو چوونی زمانی دایکە.
لە ئێستادا و بە هۆی گۆڕانکارییەک کە لە بنچینەی نەریتی ژیانی مرۆڤ دا رووی داوە، گۆرەپانی ژیان بۆ تاقم و گرووپە بچووکەکان بەرتەسکتر بۆتەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی پەرەپێدان و زاڵ بوونی چەن زمانێک لە نێوان زۆرینەی کۆمەڵگای جیهانی دا.
ئەو زمانانەی قسەیان پی دەکەن و ژمارەکەیان بە پتر لە ١٢٠٠ زمان مەزندە دەکرێ، زیاتر هەڕەشەی لە نێوچوونیان لەسەرە. بەشێکی بەرچاو لەم زامانانە تایبەت بە خەڵکی قارەی ئەفریقایە کە بە ٢ هەزار زمان قسەیان پی دەکرێ.
بە گوێرەی مەزندەی یۆنسکۆ، لە کۆی ٦ هەزار زمان کە لە جیهان د ا قسەیان پێ دەکرێ، پتر لە ٣ هەزار دانەیان لە حاڵی لە نێوچوون دان. ئەم زمانانە لە ئێستادا لە لایەن گرووپی بچووکەوە بە کار دەبردرێن و  تاکوو رادەیەک هیچکام لەوانە شانسی مانەوەیان نییە. ٩٦ لە سەدی سەرجەم زمانەکان، بە تەنیا لە نێوان ٤ لە سەدی حەشیمەتی جیهان  بەکار دەبردرێن یان برەویان هەیە. بۆ وێنە لە دوورگەی پاپۆئاگینە هەڵکەوتوو لە ئەقیانووسی ئارام، زیاتر لە ٨٠٠ زمان بوونی هەیە کە هێندێک لەوانە تایبەت بە گرووپێکی کمتر لە ٢٠٠ کەسین، ژمارەی سەرجەم دانیشتووانی ئەم دوورگانە کەمتر لە حەوت میلیۆن کەسە. 
بە پێی تێگەیشتنی ڕێکخراوی یۆنسکۆ، پێویستە هەوڵ بدرێ تا ئەو زمانانەی کە بە زۆری کەڵکیان لێ وەرناگیردرێ، لە تەنیشت زمانگەلێک کە زیاتر بە کار دەبردرێن، کەڵکیان لێ وەرگیردرێ تا بەم چەشنە شانسی زیندوو مانەوەیان هەبێ. هەوڵگەلێکی لەو چەشنە بە سەرنجدان بە رۆڵی زمان لە وێنا کردنی کەسایەتی تاک و شوناسی کولتووری نەتەوەکان، دەتوانێ کولتووری جیهانی زەنوێرو رازاوەتر بکات.
کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هۆی بایەخی زۆری زمانی دایکەوە، ساڵی ٢٠٠٨ی بە ساڵی جیهانی زمانەکان ناوزەد کرد. ئەم ڕۆژە لە رۆژمێری فەرمیی کۆماری ئیسلامی دا سراوەتەوە. جێگای سەرنجە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئەندامانی واژۆکەری بە فەرمیی ناسینی رۆژی ٢١ی فێورییە لە ڕێکەوتی ١٧ی نەوامبری ١٩٩٩ی زایینی لە یۆنسکۆیە کە بە پێی ئەو بریارە، ١٨٨ ئەندام دەنگی ئەرێنییان بەو داواکارییە دا.
بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران "کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی نێوچەیی و قەومی لە مێدیا و بڵاوکراوەکان و خوێندنی ئەو زمانانە لە قوتابخانەکان" لە تەنیشت زمانی فارسی وەک زمانی فەڕیی بە ڕەوا دەزانێت. لێ ئەم مافە یاسایی و مرۆییە هەرگیز لە کردەوەدا نەخراوەتە خانەی جێبەجێ کردن و تاکوو ئێستا کاری پێ نەکراوە.
هەنووکە بۆ ئێمە پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە گەڵو قەدەغە کردن و ڕێگەری لە پەرەئەستاندن و کار پێ کردن  بە زمان و ئەدەبی خەڵکانی غەیرە فارسی دانیشتووی ئێران، ستەمێکی ئاشکرا نە تەنیا لە دژی ئەو خەڵکە، بەڵکوو لە دژی کولتوورە جیاجیاکانی جیهان نییە؟.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە سیاسەتوانان، کەسایەتییەکان، گرووپ و ڕێکخراوە سیاسییە سەراسەرییەکانی ئێران، بە هۆی ئەو زوڵم و ستەمانەی لە نەتەوەکانی تری ئێران دەکرێ، داوای لێبوردنیان لێ بکەن و بە شوێن قەرەبوو کردنەوەی خەسارەکانەوە بن؟
پێویستە چ کەسێک وڵامدەری بێبەش کردنی منداڵانی نەتەوەکانی ئێران لە سەرەتایترین مافە مرۆییەکانی ئەوان، بۆ وێنە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک بێ؟.

پیرۆز بێ رۆژی جیهانی زمانی دایک 

ژێدەر: ماڵپەری یونسکۆ

وەرگێران بۆ کوردی، رەشید زەرواوی

No comments: