Archive

Monday, February 17, 2014

واشینگتۆن پۆست: درگا لەسەر کوردەکان بکەنەوە




رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن
دەستەی بەرێوەبەری رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست، لە نوێترین ژومارەی ئەو بڵاوکراوەیەدا لە بارەی کوردەوە، پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتەو لە ڕاپۆرتێک دا لە ژێر ناوی، “درگا لەسەر کوردەکان بکەنەوە”، نووسیویەتی: “لە دۆخێک دا کە شەڕ لە سوریەو عێراق لە ئارادایە و لێشاوی خوێن پەرەی گرتوە، هاوپەیمانەتی هەرێمایەتی ئەمریکا بایەخدارتر دەبێت. هەرێمی کوردستان کە دەڤەرێک ئیدارە دەکات لە نێوان، ئێران تورکیاو سوریا، کە نێوچەیەکی دێموکراتیک، سکولار و دۆستی رۆژئاوایە کە دوژمنێکی سەرسەختی ئەلقاعیدەیە کە لە سنوورەکانی سوریەو عێراق چالاکن.
جێگای سەرسوڕمان نیە کە سەرۆک ئۆباما بە فەرمیی داوەتنامەی نارد بۆ سەرۆکی ئەو هەرێمەو داوای کرد لەگەڵیان کۆببنەوە”.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە، “نەهاتنی بارزانی چاوەڕواننەکراو بوو بۆیە نیگەرانی لێکەوتۆتەوە، رێزدار بارزانی بۆیە ئەو هەڵوێستەی گرتوە چوونکە حکومەتی ئەمریکا نەیتوانی ئەو بەربەستانە لابدات کە دەبنە هۆی کێشە لە نێوان ئەمریکاو کوردستان دا”.


لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی رۆژنامەی ئاماژە بۆ کراودا هاتوە، “تەنیا پارتی و یەکیەتی نەبونەتە قوربانی لیستی رەشی ئەمریکا، بەڵکو ئەم لیستە کۆمەڵێک لەو رێکخراوانەی لە خۆ گرتوە کە دژی رژیمە دیکتاتۆرو چەوسسێنەرەکان تێکۆشاون”.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی واشینگتۆن پۆست، “ئەو یاسایە تەنیا سیمبولیک نیە، چوونکە بە پێی یاساکە، ئەوانەی ئەندامی ئەو گروپانە بن؛ کە ناویان لە لیستی ڕەش دایە، ناتوانن سەفەری ئەمریکا بکەن، ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەمریکا بۆ خۆی بانگهێشتنامەی بۆ بارزانی ناردوە”.
هەروەها هاتوە، “ئیدارەی ئەمریکا ساڵهایە پەیمانی داوە بە کوردەکان، کە ئەم ئاستەنگە چارەسەر بکات، لێ بەڵێنەکەی نەبردۆتە سەر. مانەوەی ناوی پارتی و یەکیەتی لەو لیستەدا، زیان بە پێوەندی نێوان ئەمریکاو کوردستان دەگەیەنێت و بەردەوامی ئەم کێشەیەش بە زیانی واشینگتۆن دەشکێتەوە.
هەر بۆیە سیناتۆر جان مەکین، کە هەوڵی بێوچانی داوە، سەزا لەسەر کورد نەمێنێ، چاوەرێ دەکرێ لە حەوتووی داهاتوودا، بە پشتگیری ئیدارەی ئۆباما، پرۆژەیەک بۆ ئەم بابەتە پێشکەش بە ئەنجوومەنی پیران بکات”.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە، “وا پەسەندە کە کۆنگرێس بە پەلە کارەکەی ئەنجام بدات و هێژا بارزانیش وادەیەکی دیکە بۆ سەردانەکەی دەستنیشان بکات”.

No comments: