Archive

Friday, February 28, 2014

لە ئەمریکا دادئەستێنانی میکۆنۆس خەڵات کران







رەحیم رەشیدی/ نیویۆرک 

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٥ی فیوریەی ٢٠١٤، لە کۆبوونەوەیەک دا، کە لە لایەن یەکیەتیی پارێزەرانی ئەمریکا، لە دادگای فیدرال لە شاری نیویۆرك، رێکخرابو، دوو دادوەری دادگای میکۆنۆس رێزیان لێگیراو خەڵات کران.ئەو کۆبوونەوە بە دەستپێشخەری رۆیا حه‌كاكیان نووسەری کتێبی، “بکوژانی کۆشکی فیروزە”، و خانمی جۆوانا سیبرت قازی دادگای فیدرالی ئامریكا له‌ ڕۆژهەڵاتی شاری نیویۆرك پێکهاتبوو. لەو کۆبوونەوەکەدا، وێرای جی.دی.بیندنیگل باڵوێزی پێشووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئامریكا له‌ ئالمانیا، نەمسا و سوئیرا، چەند کەس لە قازی و پارێزەرەکانی ئەندام لە یەکیەتیی پارێزەرانی شاری نیویۆرك بەشداری ئەو رێورەسمە بوون.لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا، پارێزەر وایڵی ستەکلۆ بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و ریزبەندی بەرنامەکەی خۆێندەوە. ئەوجار لۆرێتا پرەسکا دادوەری سەرەکی دادگای باشوری شاری نیویۆرک قسەی کردو خۆشحالی خۆی بۆ پێکهێنانی ئەو رێورەسمە دەربڕی و لە بارەی سەروەری یاساو رۆڵی یاسا بۆ هێنانە ئارای دادپەروەری قسەی کردو تێکۆشانی قازییەکانی دادگای میکۆنۆسی بەرز نرخاند.ئەوجار جۆوانا سیبرت قازی دادگای فدرالی ئامریكا له‌ ڕۆژهەڵاتی شاری نیویۆرك، قسەی کردو ئامانجی ئەو رێزلێنانەی روون کردەوە و یاساسەروەری بۆ گەشەو دادپەروەری بە گرینگ وەسف کرد. بە دوای ئەودا، رۆیا حەکاکیان نوسه‌ری كتێبی “قاتڵەکانی كۆشكی فیروزه‌” قسەی کرد. ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە کاتێک یه‌كێك له‌ قوتاربووانی تێرۆری میكۆنوس كه‌ له‌ مالیان میوان بوەو بیرەوەرییەکانی خۆی لە بارەی ئەو کارەساتەوە گێڕاوەتەوە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە بیرۆکەی نووسینی کتێبێک سەبارەت بە رووداوی میکۆنۆس لە لای ئەو نووسەرە چێ ببێ و لەئاکام دا و پاش بڵاوبونەوەی پەڕتووکەکە دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتۆتەوە.پاشان باسێكی له‌ سه‌ر نوسینی كتێبه‌كه‌ی و سیسته‌می سەربەخۆی دادوەری ئالمانیا پێشکەش کرد، کە هەموو بەربەستەکانی تێکشکاند و سەڕەڕای هەڕەشە و گورەشەکانی ئێران و پێوەندی ئابوری نێوان ئاڵمانیا و ئێران، بڕیاری شیاوی خۆی دەرکرد و نەکەوتە ژێر کاریگەری بەرژەوەندی سیاسیی و ئابورییەکان...ئینجا، دی.جی.بیندنیگل باڵوێزی بەرێی ئەمریکا لە ئالمان، باسێکی سیاسی پێشکەش کردو وتی کە بە باوەڕی ئەو كاره‌ساته‌كه‌ سیاسیی و شوێندانه‌ر بوە. ناوبراو لە بارەی دۆسیەکانی نۆرێنبێرگ و تێرۆره‌ سیاسیه‌كانی روسیه‌ له‌ ئالمانیا دا، پەروەندەی میكۆنۆسی هاوچەسنی ئەوان هه‌ڵسه‌نگاند. ئەو لە درێژەی باسەکەی دا پەرژایە سەر ئەوە کە ئایەتوڵا خامنەیی کاتی خۆی له‌گه‌ڵ ئەنجوومەنی بەرگری نەتەوەیی وڵاتەکەی کۆبۆتەوەو لەودا حكومه‌تی ئالمانی وەکوو دوژمن ناو بردوە لەبەر ئەوەی رەوتی دادگای میكۆنۆسی پەک نەخستوە. هەر بۆیە فەرمانی دا کە ئەگەر دادگا لەسەر کارەکەی بەردەوام بێ ئەوە هەموو بەرنگاریەک دژ بە ئاڵمانیا، بکرێت.بە گوێرەی قسەکانی ناوبراو، دواتر دەرکەوتوە کە ٣٢ ناوەندی ئیسلامی له‌ ئالمانیا کە بەڵێنی هاوكاریان بە تاران دابوو خرابوونە ژێر چاوەدێرییەوە. هەروەها ئێرانییەکان بە دەوڵەتی ئاڵمانیایان ڕاگەیاند کە لە هەموو جێگایەک بەرژەوەندییەکانیان دەخەنە مەترسییەوە. ئەمەش وای کرد کە ئاڵمانیا خه‌لكێكی زۆر بخاته‌ ژێر چاودێرییەوە. کەچی سه‌ره‌رای هه‌موو كۆسپ و ئاسته‌نگ گەلێک کە كۆماری ئیسلامی بۆ پەک خستنی رەوتی دادگاکە گرتیەبەر، په‌روه‌نده‌كه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌ره‌و پێش چوو کە لە ئاکام داو لە ساڵی ١٩٩٧دا، حوکمی کۆتایی خۆی دەرکرد.ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەی دا، پەرژایە سەر ئەوە کە ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی دەخوازێ له‌گه‌ڵ رۆژئاوا پێوەندی هه‌بێ، ئەوە پێویستە کە بە روانگەو سیاسەتەکانی دا بچێتەوە بۆ ئەوەی باوەر و متمانەی رۆژئاوایەکان بە دەست بێنێت و پێویستە کە تاران رێز لە یاساو پێوانە نێونەتەوەیەکان بگرێ. ئەو ئەوەشی وت کە، حوكمی دادگای میكۆنۆس ره‌ژیمی كۆماری ئیسلامی ناچار كرد كه‌ ده‌ست له‌ تێرۆر و ره‌شەكوژی نه‌یارانی سیاسی خۆی لە دەرەوەی وڵات هه‌ڵبگرێت.لە بڕگەی کۆتایی ئەو رێورەسمەدا، دادئەستێنی گشتیی و دادستانی پێشوی ئاڵمانیای فیدراڵ ئالكساندر فۆن ئەشتال و برۆنۆ یوست قسەیان کرد. ئالكساندر لە دوو روانگەوە باسی لە دژوار بوونی رەوتی ئەو دادگایە وەکوو پرسێکی سیاسی حقوقی کرد.ئەو باسی لەوە کرد کە، ئاڵمانیا و خەڵکی ئالمانی هەرەشەیان لێ دەکردن کە ئەو دۆسیە سیاسیی نیە و دەبێ رەوتەکە پەک بخرێت. لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی تاران، هەرەشەی کوشتنیان لەو کەسانە دەکرد کە بۆ روون بوونەوەی راستیەکان هاوکاری دادگایان دەکرد.ئینجا، برنۆ یوست قسەی کردو لە وتەکانی دا وێرای شیکردنەوەی لایەنەکانی ئەو دادگایە، وتی کە، ئەو دۆسیەکەی وەکوو پرسێکی یاسایی و مرۆڤانی چاو لێکردوە. ناوبراو ئەوەشی نەشاردوە کە بە هۆی کەینوبەینی سیاسیی و ئابوری نێوان بڕڵین و تاران، رەوتی دادگەکە دوورو درێژ بوۆتەوە.لە دواین بەشی به‌رنامه‌كه‌دا، رابرت کۆهێن سەرۆکی یەکیەتیی پارێزەرانی دادگای فیدراڵ، هەر دوو دادئەستێنی ئاڵمانیایی بۆ وەرگرتنی خەڵات و سوپاسنامەکە بانهگێشت کردو رایگەیاند کە ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە مێژوودا خەڵاتێکی لەو چەشنە بە دادوەرانی دەرەوەی ئەمریکا پێشکەش دەکرێت. ئەوجار دادئەستێنی گشتیی و دادستانی پێشوی ئاڵمانیای فیدراڵ ئالكساندر فۆن ئەشتال و برۆنۆ یوست، لە نێو چەپلەرێزانی بەشداران و شادی و خۆشی کوردەکان دا، خەڵاتەکەیان وەرگرت.شیاوی بە بیر هێنانەوەیە کە، رۆژی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، هومایون ئەردەڵان نوێنەری حیزبی دێموکڕات لە ئاڵمان و نوری دێهکوردی دۆستی بزوتنەوەی کوردستان، لە بڕلینی پێتەختی ئاڵمان کەوتنە بەهێرشێکی ڕەشە کوژی و لە ئاکام دا شەهید کران. دواتر رەوتی دادگای لێکۆڵینەوەی ئەو ڕووداوە بە “میکۆنۆس” واتە ناوی ئەو چێشخانە ناوبانگی دەکرد کە ڕووداوەکەی لێ خولقابوو. دادگای میکۆنۆس لە رۆژی ١٠ی ئاوریلی ساڵی ١٩٩٧ دا، پاشان لێکۆلینەوەیەکی وردو بەربڵاو ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئێران، بیرۆکەی تیرۆرەکەیان داناوەو کە لەودا "کازم دارابی” خەڵکی ئێران و چوار هاوڵاتی لوبنانی ئەندامی حیزبوڵای ئەو وڵاتە، تیرۆرەکەیان بەرێوە بردوە. دادگا ئەوەی پشت راست کردەوە کە خامنەیی رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، رەفسەنجانی، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوە و عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە بڕیاردەرانی ئەو کۆشتارە بوون و فەرمانی گیرانی نێونەتەوەیان بۆ دەرکرا.ئاکامی دادگاکە بوە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ئورووپایی بۆ ماوەی شەش مانگ سەرجەم باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران بانگهێشت بکەنەوەو بەمەش پێوەندییەکانی ئێران ویەکیەتیی ئورووپا کەوتە قەیرانێکی قوڵەوە.

No comments: