Archive

Thursday, February 20, 2014

لە مەکسیک هەوڵی ناساندنی جینۆسایدی کورد دەدرێت

وێنە: هانا جاف

واشینگتن (باسنیوز) رەحیم رەشیدی

هانا جاف بریکاری به‌رپرسی نووسینگه‌ی کۆچبەرانی مەکسیک هاوكاری بۆ كردنه‌وه‌ی پێشانگایەک بۆ نیشاندانی وێنە و دیمەنەکانی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە وڵاته‌كه‌ دەکات.
ئەمە یەکەمین جارە کە هەوڵێکی لەو بابەتە لە وڵاتی مەکسیک پێکدێت و کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە خەڵکی ئەمریکای لاتین ده‌ناسرێت.
لە په‌یوەندییەکی تایبەتدا هانا جاف ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە وێنە و دیمەنەکانی تایبەت بە جینوسایدی هەڵەبجە، لە پێشانگایەكی فۆتۆدا لە مۆزەخانەی شاری مەكیسكۆی پایتەختی وڵاتی مەكسیك پێشان دەدرێت و ئەو کچە کوردە هەوڵ دەدات کە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە زۆرتر بە خەڵکی ئەمریکای لاتین بناسێنێت.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد 'پاش هەوڵدانێکی بەرچاو توانیمان ڕەزامەندی دەستەی ئامادەكارانی ئەو پێشانگەیە بۆ نیشاندانی چەند وێنەیەكی كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە وەربگرم'.
هانا جاف لە درێژەی زانیارییەکانیدا باسی لەوەش کرد کە کردنەوەی ئەو پێشانگەیە كە تایبەتە بەو جینۆسایدانەی کە لە دونیادا روویان داوە و پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار مانگ کراوە دەبێت.
ئەو خانمە کوردە رایگەیاند کە ئامانج لەو هەوڵە ئاگاداركردنەوەی نەوەی نوێ لە مەترسی چەكی كیمیاییە و دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو وێنانەوە هانیان بدەین بۆ ئەوەی هەمیشە دژی بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكە بە كۆمەڵکوژانە تێبکۆشن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە بە هەوڵ و خەباتی هانا جاف، بۆ یەکەمین جار لە مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٣دا، فیستیڤاڵی کوردستان، لە مەکسیک بەرێوە چوو.
فیستیڤاڵی 'تامی مۆریۆلۆس' ماوەی ٥ ساڵە بە بەردەوامی بەرێوە دەچێت.
هەموو ساڵێک وڵاتێک وەکو میوان بۆ بەشداری لەو فیستیڤاڵەدا بانگهێشت دەکرێت.
ساڵی یەکەمی فیستیڤاڵەکە تەرخان کراوە بۆ باس و رێزلێنان لە کولتووری مەکسیک، تاکو ئێسته‌ وڵاتانی ژاپۆن، پاراگوا، شیلی و کولومبیا، میوانی فەرمیی ئەو فیستیڤاڵە بوون.
لەو فیستیڤاڵەدا، وڵاتی میوان بە چالاکی جۆراوجۆر باس لە کولتوور و کەلەپووری خۆیان دەکەن و لەو رێگاوە تێدەکۆشن کە خۆیان وەکو نەتەوەیەک بە مەکزیکیەکان بناسێن. ئەمساڵیش کوردستان بە فەرمیی میوانی ئەو فێستڤاڵەیە.
هانا جاف کچی سەریاس جاف و کوڕەزای داود بەگی سەرۆکی هۆزی جافە. دایکی هانا بە رەچەڵەک مەکزیکییە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەره‌ لە زانستی ڕامیاری، لە زانستگای هارڤارد.
ئەو زمانەکانی فەره‌نسی، ئینگلیزی، ئیسپانی بە باشی دەزانێ و کەمێک شارەزای کوردی و عەرەبیشە.
هەنووکە، هانا باڵوێزی گەشتوگوزاری ویلایەتی مۆریۆلۆس لە دەوڵەتی فێدراڵی مەکزیک دایە و هاوکات بریکاری وەزارەتی کۆچی مەکزیک لە نێو کۆمیتەی راوێژکاری، لە حیزبی شۆڕشگێڕی دامەزرێنەری مەکسیکە.

No comments: