Archive

Saturday, February 13, 2021

بایده‌ن ده‌ڵێ دوو نابێ له‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له‌ پێناو ئه‌مریكاو دۆسته‌كانی د



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشگنتن


سه‌رۆك بایده‌ن به‌ یاوه‌ری جێگره‌كه‌ی كاملا هێره‌س، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی به‌رگری كردو چاوی به‌ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری و به‌رپرسانی دیكه‌ی پێنتاگۆن كه‌وت.

بایده‌ن له‌م دیداره‌دا  ئاشكرای كرد‌: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری و سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی جیهان، كار بۆ كۆتایی هێنان به‌و شه‌ڕانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژه‌ له دونیادا له‌‌ ئارادان. به‌ڵام له‌م پرۆسه‌دا ده‌بێ دڵنیابین كه‌ ئه‌مریكاییه‌كان ڕووبەڕووی هەڕەشەی تێرۆریستی نابنەوە."

سه‌رۆك بایده‌ن له‌ به‌شێكی دیكه‌ی‌ قسه‌كانی رایگه‌یاند: "وه‌كوو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵات، له‌ پێناو پاراستنی خه‌ڵكی ئه‌مریكا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان، هه‌روه‌ها داكۆكیكردن له‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ گشت جیهان، هه‌رگیز له‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی دووڵ نابم."

سەرۆک بایدن له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا په‌رژایه‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی چین و له‌م به‌ستێنه‌دا وتی: "دەبێت ئەمەریکا لە پێناو ئاشتی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، له‌ بەرامبەر جموجۆڵه‌كانی چین دا بوەستێتەوە."

سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگری كرد كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چین، ئیداره‌كه‌ی پێویستی به‌ پشتیوانی و هاوكاری هه‌ر دوو حیزبی كۆماری و دێموكرات، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا هه‌یه‌.

له‌ پاڵ ئه‌م قسه‌و باسانه‌دا سه‌رۆك ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ كۆمیته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كاروباری چین، پێكهاتوو له‌ كه‌سانی پسپۆر له‌ بواره‌كانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی دا دامه‌زراوه‌‌ كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چین راوێژیان پێده‌كرێ.

ئه‌م لێدوانانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی پێشوو كۆشكی سپی له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك دا ڕایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك به‌ ته‌له‌فوون له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چین قسه‌ی كردوه‌و دوو لایه‌ن ده‌رباره‌ی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، ئاسایش و پاراستنی جیهان و ئاڵوگۆره‌ نێوچه‌ییه‌كان و به‌رگرتن به‌ په‌ره‌سه‌ندنی چه‌كی ناوكی ئاڵوگۆری بیروڕایان كردوه‌.

له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی دا هاتوه‌: "سه‌رۆك بایده‌ن نیگه‌رانی قوڵی خۆی سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌ ناره‌واكانی چین له‌به‌ستێنی ئابوری، سه‌ركوت كردن له‌ هۆنگ كۆنگ، پێشێل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌كار هێنانی هێز له‌ تایوان، ده‌ربڕیوه‌."

No comments: