Archive

Wednesday, February 24, 2021

كۆڕۆنا كۆشكی سپی ماته‌مبار كرد


ڕێكه‌وتی 25ی مانگی 3ی 2020، یه‌كه‌مین ئه‌مریكایی به‌ هۆی گیرۆده‌بوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی له‌ ده‌ستدا. ئێستا و پاش نزیكه‌ی ساڵێك، رێژه‌ی مردن به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ له‌ ئه‌مریكا، 500 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندوه‌. ئه‌م دۆخه‌ وای كرد كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكاو جێگره‌كه‌ی و هاوژینه‌كانیان و ستافی كۆشكی سپی ماته‌م بگێڕن.
سه‌رۆك بایده‌ن له‌ كاتی دیدار له‌ كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسێنی كۆڕۆنا، به‌ سه‌ر سووڕمانه‌وه‌ وتی: "500 هەزار! ئەو رێژه‌ 70 هەزاری پتره‌، له‌ رێژه‌ی ئه‌و ئه‌مریكایانه‌ی له‌ شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیداو له‌ ماوه‌ی 4 ساڵدا گیانیان لە دەستدا."
بایده‌ن له‌ وتاره‌كه‌ی دا باسی له‌وه‌ش كرد ڕه‌نگه‌ تاكوو كۆتاییه‌كانی ئه‌مساڵ ره‌وتی ژیان ئاسایی ببێته‌وه‌.
ئانتۆنی فاوچی سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نیشتمانی بۆ نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، ئه‌ندامی كارای تیمی كۆشكی سپی بوه‌ بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، هه‌نووكه‌ش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ڕاوێژکاری سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌، له‌م به‌ستێیه‌ندا وتی: "شتێکی زۆر ناخۆشە، ئه‌مه‌ له‌ دیرۆكدا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوودا و له‌ دوای تاعونه‌كی ساڵی 1918وه‌، هاوشێوەی ئەم ڤایرۆسه‌مان نەبینیوە."
ڕۆژی سێشەممە، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاكانی مۆدێرناو فایزەر بۆ دەرمانسازی، بە كۆمیته‌كانی وزه‌و بازرگانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان راگه‌یاند كه‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستۆته‌گڕ تاكوو کۆتایی مانگی 7ی ئه‌مساڵ بڕی ڤاکسێنی پێویست بۆ کوتانی 300 میلیۆن کەس لە ئه‌مریكا ئاماده‌ بكه‌ن.
پەتای جیهانداگری كۆرۆنا، لە مانگی دیسەمبەری 2019، لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا، تا ئێستا لە ئه‌مریكا پتر له‌ 28 میلیۆن و 735 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، له‌م نێوه‌دا، پتر له‌ 511 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه،‌ به‌م پێیه‌ ئه‌مریكا له‌ رووی ژوماره‌ی توشبوون و مردن به‌ هۆی كۆرۆناوه‌؛ له‌ جیهان دا پله‌ی یه‌كه‌می هه‌یه‌.
له‌ ئاستی جیهاندا، نزیكه‌ی‌ 112 میلیۆن و 500 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، هه‌روه‌ها تاكوو ئێستا پتر لە 2 میلیۆن و 500 هەزار كەسیش بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.

No comments: