Archive

Friday, February 19, 2021

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا: په‌لاماردانی هه‌ولێر پێویستی مانه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌سه‌لمێنێت

"ئه‌و هێرشە مووشەکییەی به‌م دواییەی كرایه‌ سه‌ر هەولێر، ده‌ریده‌خات كه‌ گرنگه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ بمێنێته‌وه‌ و درێژه‌ به‌ كاره‌كانی

K24 – واشنتن:

ره‌حیم ره‌شیدی

پنتاگۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا، لە کۆبوونەوەی له‌گه‌ڵ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە "په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی- ناتۆ"دا له‌باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی دووشه‌ممه‌، بۆ سه‌ر هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، "ئه‌و هێرشە مووشەکییەی به‌م دواییە كرایه‌ سه‌ر هەولێر، ده‌ریده‌خات كه‌ گرنگه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ بمێنێته‌وه‌ و درێژه‌ به‌ كاره‌كانی بدات".

دوێنی، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، رایگەیاند، وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، به‌وه رازین چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق فراوانتر بکەن و ئه‌مه‌ ساغ بووه‌ته‌وه‌ ژمارەی راوێژکار و سه‌ربازه‌كانیان لە (500) کەسەوە بۆ نزیکەی (4) هه‌زار کەس زیاد بكه‌ن.

بەگوێرەی زانیارییه‌كانی پنتاگۆن، وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا خۆشحاڵی خۆی بۆ بڕیاری زیاتركردنی چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق ده‌ربڕیوه ‌و رایگه‌یاند،‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ متمانه ‌و دڵنیایی زياترى نێوان ناتۆ و هێزه‌ عێراقییه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه،‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانا سەربازییه‌كان و راهێنان و پشتیوانیكردنی هێزه‌كانیان، كاریگه‌ری به‌رچاو‌ی له‌سه‌ر ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ناتۆ و چالاكییه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ عێراق ده‌بێت‌، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و وڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌یران و رووداوه‌ كوتوپڕانه‌ی درووست ده‌بن‌.

پێشتر، یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێری كردبوو، له‌م باره‌وه‌ گوتی: "ئیدانەی ھێرشە مووشەكییەكانی سەر ھەولێر دەكەم، كە بەو ھۆیەوە ژمارەیەك گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، سەرەخۆشی خۆم بۆ خانەوادەی قوربانیان رادەگەیەنم و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".

رۆژێك دوای هێرشه‌كه‌، لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ جومعه‌ سه‌عدون، هاوتا عێراقییه‌كه‌ی په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێری شه‌رمه‌زار كرد.

شەوی دووشەممە، (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، چەند مووشەکێك هه‌ولێری پایه‌ته‌خت و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شاره‌كه‌یان كرده‌ ئامانج. رۆژێك دوای هێرشه‌كه‌، گرووپی "سەرایا ئەولیای دەم"، ئه‌و په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرت، كه‌ تێیدا بەڵێندەرێکی مه‌ده‌نی كوژرا و (9) کەسی دیكه‌ش بریندار بوون. كاردانه‌وه‌ ناوخۆیی، ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ی ئیدانه‌كردنی ئه‌و په‌لاماره‌ و پشتیوانی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌

No comments: